* نه‌وژین، په‌رژین كامه‌ران
دو هه‌فته‌ى رابردو، یه‌كێك بو له ماوه پڕ توندوتیژی و خوێنینهكان بۆ ژنانى هه‌رێمى كوردستان. هه‌ر له زاخۆوه تا خانه‌قین، روداوى جیاوازى كوشتن و خۆكوشتنى ژنان تۆمار كرا، چالاکوانێکی ژنانیش دەڵێت: له كۆمه‌ڵگاى كوردی دا هیچ شتێك له ژن كوشتن ئاسانتر نیه.
به‌پێی
راپۆرتێكى پێشترى نه‌وژین، له ماوه‌ى كه‌متر له دو هه‌فته‌دا، چوار حاڵه‌تى كوشتنى ژنان و دو حاڵه‌تى خۆكوشتنى ژنان له هه‌رێم تۆماركراوه، چه‌ند رۆژێك دواتریش، كه‌یسی
شنیار، ئه‌و ژنه‌ى له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه سوتێنرا و پاشان گیانى له‌ده‌ستدا، بۆ لیستی قوربانیه‌كان زیاد بو.
زۆر بونی تاوانەکانی کوشتنی ژن بۆ چەندین هۆکار دەگەڕێنرێتەوە، هەبونی چەک و هەڵهاتنی تاوانباران بە دو لەهۆکارە سەرەکیەکان دادەنرێن.
عەمید: سەرکەوت عومەر، بەڕێوبەری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان له سلێمانی، بۆ نەوژین وتى: "چەکی مۆڵەتدار و بێ مۆڵەت هەردوکیان گرفتن نەک تەنها بۆ کوشتنی ژن، بۆ کێشە کۆمەڵایەتیەکانیش، چەک خێراترین ئامرازە لەکاتی کێشەکاندا پەنای بۆ دەبرێت، مەترسیدارترین هۆکاریشە، چونکە بەکارهێنانی چەک له 90% بەرەو سەرەوە، هۆکاری گیانلەدەستدانی بەرامبەرە ئیتر پیاو بێت یان ژن".
شنیار هونه‌ر، دواین قوربانى ژنكوژیی
چالاكوانێك رای جیاوازى هه‌یه، پێیوایه ئازادبونى ئه‌نجامده‌رانى ئه‌و تاوانانه، هۆكارن بۆ زیادبونى حاڵه‌ته‌كانى كوشتنى ژنان.
به‌هار مونزیر، چالاکوان و بەڕێوبەری رێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان، بۆ نەوژین وتى: زۆربونی كوشتنى ژن دەگەڕێنمەوە بۆ ئەوەی کە تۆمەتبارانی کوشتنی ژن ئازادن، بۆیە ئەم تاوانانە رودەدات، بکوژان هەڵدێن لە کوردستان نامێنن.
جه‌ختیشیكرده‌وه: "هیچ کوشتنێک لە کوشتنی ژن ئاسانتر نیە لەکۆمەڵگەی ئێمەدا".
له‌كاتێكدا به‌هار مونزیر پێداگیره له‌وه‌ى بكوژانى ژنان ئازادن، سه‌ركه‌وت عومه‌ر رای پێچه‌وانه‌یه "زۆربەی ئەوانەی مەحکومن بە کوشتنی ژن دۆسیەیان هەیە، 99٪یان دەستگیر کراون، جگە لەوانە نەبێت کە فرسەتی دەربازبونیان هەبوبێت، بەهۆی ئەوەی کە سنورەکانی کوردستان بە روی وڵاتان دا کراوەیە".
له‌نێو ئه‌م دو بۆچونه جیاوازه‌ى حكومه‌ت و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نى، پارله‌مان بۆچونێكى تر‌ى هه‌یه، پێیوایه كێشه‌كه له‌و رێگایانه‌یه كه بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژی گیراونه‌ته‌به‌ر.
پارله‌مانتار: شادی نەوزاد، كه هاوكات جێگیری سەرۆکی لیژنەی مافەکانی ژنانی پەرلەمانی کوردستانه، دەڵێت: "ئەم هەواڵانە (ـى ژنكوژی) دەرخەری ئەو راستیەن کە تاوەکو ئێستا ئەو رێگایانەی گیراونەتەبەر بۆ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی لەنێویشیاندا کوشتن (وەک بەرزترین رادەی توندوتیژی) سەرکەوتو نەبون".
روداوەکانی کوشتنی ژنان،
فرە ھۆکارن
به‌رای توێژه‌رێكى كۆمه‌ڵایه‌تى، هۆكاره‌كانى كوشتنى ژنان فره‌چه‌شنن و له یه‌ك دانه‌دا كورت و قه‌تیس ناكرێنه‌وه.
عەدنان ئەحمەد، بۆ نه‌وژین وتى: "زۆر و کەمیی ژمارەی روداوەکانی کوشتنی ژنان، فرە ھۆکارن و ھۆکارەکانیش رەگ و ریشەیان ھەیە، بۆیە چەند روداوێکی کوشتن لە ماوەی چەند رۆژێکدا ناکرێت بە پێوەر بۆ خوێندنەوەی كۆی پرسه‌كه، بەڵام ھەندێکجار کوشتنی ژنێک دەکرێت ببێت بە رێگاخۆشکەر بۆ کوشتنی ژنێکی تر کە ژیانی لە مەترسیدایە و لەبەردەم ھەڕەشەی کوشتندایە".
بە پێی ئامارەکانی بەڕێو بەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەت و خێزان له وه‌زاره‌تى ناوخۆی هه‌رێم، لەماوەی ساڵی رابردودا (24) ژن کوژراون.
ئه‌م رێژه‌یه له‌مساڵدا به‌رزتر بوه‌ته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك به
دانپیانانى خودى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم، ته‌نها له‌م دو مانگه‌ى ساڵی 2022 دا، (9) ژن كوژراون.
لەبارەی رێگاچارەکان بۆ به‌رگرتن به حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان، به‌هار مونزیر بۆچونێكى هه‌یه.
"دامودەزگاکانی حکومەت دەبێت بەدوای کەیس دا بڕۆن، ئەگەر 10 ژنکوژ لەم وڵاتەدا دادگاییەکەی رابگەیەنرێت و بۆ خه‌ڵكى ئاشكرا بێت كه تۆمەتباری کوشتنی ژنێک ئەمەیە سزاکەی، ئەوکات سنورێک بۆ ئەم حاڵه‌ته دادەنرێت". به‌هار، وای وت.
سەرکەوت عومەریش داوا ده‌كات ئه‌و ژنانه‌ى مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان هه‌یه "بەزوترین کات پەیوەندی بە شوێنی تایبەتمەندەوە بکەن و داوای پاراستن بکەن بۆ ئەوەی نەبن بەنێچیرێک له‌بەردەم ئەو کەسەی دەیەوێت توندوتیژی بکات".
* ئەم راپۆرتە لە چوارچێوەی پرۆژەی 'پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە میدیادا' بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق، کە لەلایەن رادیۆی دەنگەوە جێبەجێ دەکرێت، ئامادە کراوە.