ژنە چالاکێک: لە زیادبونی رێژەی کوشتنی ژنان حکومەت بەرپرسی سەرەکییە

2025/02/07    11666 جار بینراوە


* نەوژین

لەماوەی مانگێک و حەوت رۆژ، لە هەرێم هەشت حاڵەتی کوشتنی ژنان رویداوە، ژنە چالاکێکیش لەبارەیانەوە دەڵێت: بەرپرسی سەرەکی لەمە حکومەتە.

بەپێی ئەو ئامارانەی نەوژین لای خۆی کۆیکردونەتەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەشت حاڵەتی کوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، سەرجەمیشیان لەلایەن پۆلیسی شارەکانەوە پشتڕاستکراونەتەوە.

لەبارەی ئەم کوشتنە لەسەریەکانە، ژنە چالاکێک حکومەت بە بەرپرسی سەرەکی دەزانێت و داوادەکات بیر لە چارەسەر بکاتەوە.

کەژاڵ عەبدولقادر وتی: ئەوەی لەم ماوەیە بینیومانە بەرزبونەوەیەکی بەرچاوی رێژەی کوشتنی ژنانە، بەرپرسی سەرەکی لەمە حکومەت و پاشانیش خراپی دۆخی ئابوری خەڵکە، دەبێت حکومەت گرنگی بە پرسەکە بدات و بیر لەڕێگە چارە بکاتەوە، ئەگەرنا دۆخەکە بەرەو خراپی زیاتر دەچێت.

لەو هەشت ژنەی کە ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان کوژراون؛ پێنج ـیان خەڵکی سنوری پارێزگای سلێمانی و سێ ـیان لە سنوری پارێزگای هەولێر بون، لەگەڵ ئەوانەشدا حاڵەتێکی گوماناویش لە سنوری سلێمانی تۆمارکراوە کە دۆزینەوەی تەرمی ژنێک بو لە ماڵەکەی، بەڵام تائێستا دۆسیەکەی یەکلانەکراوەتەوە.

“ئەوەی زیاتر دۆخەکە خراپ دەکات راگەیاندنەکانن، ئەوان بە باشی روماڵی پرسەکە ناکەن و لەبری کاریگەری ئەرێنی، کاریگەری نەرێنیان دروستکردوە”. کەژاڵ عەبدولقادر وای وت.

دەشڵێت: راگەیاندنەکان وایانکردوە ئێستا کوشتنی ژن بە کەم سەیردەکرێت و بێ باکانە لەلایەن خەڵکەوە لێی دەڕواندرێت.



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,278,765     ژمارەی میوان 4464

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە