* نەوژین
کەمپینی دژ بە کوشتنی ژنان و کچان، ئەمڕۆ ئاماری کوشتنی ژنانی بۆ ئەمساڵ و ساڵی رابردو راگەیاند و ئاشکرایکرد لە مانگی یەکی ٢٠٢٤ تاوەکو ئەمڕۆ؛ نزیکی ٦٠ ژن کوژراون.
ئەمڕۆ شەممە (٨ـی شوبات) ژمارەیەک لە رێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵی مەدەنی بە گشتی، لەژێر ناوی ‘کەمپینی دژ بە کوشتنی ژنان و کچان’ لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسی دا، ئاماری کوشتنی ژنانیان بۆ ساڵی رابردو و ئەمساڵ راگەیاند.
لە کۆنگرەکە دا خانمە چالاک؛ شەدە بەشیر، یاداشتی رێخراوەکانی خوێندەوە و وتی: بەپێی ئەو ئامارە نافەرمیانەی ئێمە لەڕێگەی میدیاکان و بەدواداچونەکانمان وەرمانگرتوە، لەماوەی ساڵی رابردو (٢٠٢٤)ـدا لە هەرێمی کوردستان ٤٨ ژن کوژراون، هەروەک لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئەمڕۆ ٨ ژن کوژراون.
وتیشی: سەرباری هەمو قەیرانەکان رۆژ لەدوای رۆژ و ساڵ لەدوای ساڵ رێژەی کوشتنی ژن لە هەرێمی کوردستان لە بەرزبونەوەدایە، کە ئەمەش زەنگی مەترسیە لەسەر نەبونی سەلامەتی ژیانی ژنان.
هەر لەمیانی کۆنگرەکەدا، شۆخان ئەحمەد، بەڕێوەبەری رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان، وتی: زۆرینەی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان لەساڵی رابردو بە چەک و بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی بون، هەروەک بیانو بۆ کوشتنی ژنان ‘پاساوی شەرەف’ هێشتا بونی ماوە.