کچانی سلێمانی بە تۆپ و کورسی مێژو دەنوسنەوە؛ پەیامێک بۆ تێشکاندنی کۆسپەکان

2025/06/03    65 جار بینراوە


* نەوژین، بەنان فاروق

لە شاری سلێمانییەوە، چیرۆکێکی پڕ لە ئیرادە و هیوا سەر هەڵدەدات، یەکەم تیپی باسکەی کچانی سەر کورسی (عەرەبانە) لە کوردستان و عێراق دامەزراوە، کە سەرجەم یاریزانەکانی کچانی خاوەن پێداویستی تایبەتن و کورسی جوڵەیان بوەتە هاوڕێی ژیانیان، ئەم هەنگاوە کە لە جۆری خۆیدا یەکەمینە، دەرگایەکی نوێی بەڕوی کچانی خاوەن توانای تایبەتدا کردوەتەوە و پەیامێکی رونە کە هیچ کۆسپێک ناتوانێت رێگر بێت لە بەدیهێنانی خەونەکان.

سەرەتای دروستبونی بیرۆکەکە و لەدایکبونی هیوا

شارا مستەفا، بەرپرسی تیپەکە و یەکێک لە داینەمۆکانی ئەم دەستپێشخەرییە، بۆ نەوژین وتی: بیرۆکەکە لە کۆبونەوەیەک لە 'یانەی رۆژ' سەری هەڵدا، پێشتر تیپی کوڕانی سەر کورسیمان هەبو، بەڵام جێگەی کچان لەم بوارەدا بەتاڵ بو. نە لە کوردستان و نە لە عێراقیش هیچ تیپێکی تایبەت بە کچانی باسکەی سەر کورسی بونی نەبو. لێرەوە پرسیارمان کرد، بۆچی ئێمەش تیپێکی وا دانەمەزرێنین؟.

شارا، کە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری کۆمەڵایەتی کاردەکات و ئاشنایەتییەکی زۆری لەگەڵ گروپە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان هەیە، دەرفەتەکەی قۆستەوە. "لەرێگەی کارەکەم و ئەو کچانەی سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان دەکرد، توانیمان ئەم کچە بەهرەمەندانە کۆبکەینەوە و بناغەی تیپەکە دابنێین”.

تیپەکە تەمەنی تەنها هەشت مانگە، بەڵام هەنگاوەکانی گەورەن، لە سەرەتادا دەرگا بۆ هەمو تەمەنێک کراوە بو، بەڵام ئێستا تیشک خراوەتە سەر کچانی تەمەن ١٠ بۆ ٢٥ ساڵ. بەنان دەڵێت: ئەم تەمەنە زێڕینە، هێشتا وەک نەونەمام وان و دەتوانرێت باشتر راهێنانیان پێبکرێت و بۆ پاڵەوانێتییەکان ئامادەبکرێن.

یانەی رۆژ، تەنها بە باسکەوە ناوەستێت، بەڵکو پلانی داهاتوی بریتییە لە دامەزراندنی تیپی دیکەی وەرزشی وەک شەترەنج، گۆڕەپان و مەیدان، هەڵدانی رم و قورسایی، بەپێی جۆری کەمئەندامی و توانای یاریزانەکان، چونکە ‘نادی رۆژ’ بەرپرسیارێتی تەواوی چالاکییە وەرزشییەکانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی گرتوەتە ئەستۆ.

ئێستا، تیپی کچانی باسکەی سەر کورسی لە دە یاریزان و یەک راهێنەر پێکدێت، لە رۆژانی مەشقکردندا، دو بۆ سێ کوڕی یاریزانی تیپی کوڕانیش یارمەتییان دەدەن، ئەمەش وێنەیەکی جوانی هاریکاری و پشتیوانی نیشان دەدات.

روشاد محەمەد، تەمەن ١٤ ساڵ، یەکێکە لە یاریزانە دیارەکانی تیپەکە، وتی: نزیکەی هەشت مانگە یاری دەکەم، هەستێکی زۆر خۆشم هەیە، سەرەتا قورس بو، بەڵام ئێستا راهاتوم و بوەتە خولیام. هەوڵ دەدەم رۆژ لە دوای رۆژ باشتر بم. ئامانجی روشاد گەورەیە، "دەمەوێت ببمە پاڵەوانێکی بەهێزی باسکەی سەر کورسی لە کوردستان و عێراق”.

پەیامی روشاد بۆ هاوتەمەنەکانی خۆی کە لەسەر کورسین و رەنگە هەست بە بێهیوایی بکەن، رون و ئاشکرایە: وەرنە ئێرە و خۆتان لە یارییەکدا بدۆزنەوە. ئێرە وزەمان پێدەبەخشێت و دەرونمان ئارام دەکاتەوە. داواش لە دایک و باوکان دەکات: رێگری لە مناڵەکانتان مەکەن، بیان هێنن با دڵخۆشبن و بەردەوام بن. روشاد خەونی دیکەشی هەیە، "ئەگەر دەرفەت هەبێت، حەز دەکەم یاری بالەش ئەزمون بکەم”.

یاریزانەکان هەمو رۆژانی شەممەیەک مەشق دەکەن، راهێنەرەکەیان، کامەران محەمەد ـە، کە بە خۆبەخشانە و بێ هیچ بەرامبەرێک، زانست و ئەزمونی خۆی پێشکەش بەم کچانە دەکات، ئەو گەشبینە بە ئاستی یاریزانەکانی، بەڵام پێی وایە رۆژێک لە هەفتەیەکدا بەس نییە، "پێویستیان بە رۆژی زیاترە تا بۆ پاڵەوانێتییەکان ئامادەبن”.

کامەران محەمەد، راهێنەری تیپەکە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە تیپەکەیان یەکەمینە لەسەر ئاستی عێراق، سەرباری ئەوەی یانەکانی دیکەی عێراق ئیمکانیاتی زۆر باشتریان هەیە. "ئیمکانیاتمان زۆر کەم و سنوردارە. 'مەنحە’ـی یانەکانیش ماوەیەکی زۆرە وەستاوە. وەرزش پێویستی بە پشتیوانی مادی و مەعنەوی هەیە. ئەگەر پشتیوانی مادی هەبێت، دەتوانین پێداویستی باشتر وەک عەرەبانە و تۆپی نوێ دابین بکەین، هەروەها پاسێک بۆ هاتوچۆ”، وتیشی: ئەگەر پاسێکمان هەبێت، ئامادەم شەو و رۆژ مەشقیان پێبکەم.

سەرباری ئەم ئاستەنگیانە، دامەزراندنی ئەم تیپە بۆ کامەران "گرنگ و پڕ بایەخە بۆ مێژوی کورد”، کێشەیەکی تر کە روبەڕویان دەبێتەوە، نەبونی تیپی رکابەری کچانە لە کوردستان و عێراق. "یاریکردنی باسکەی سەر کورسی قورسە، پێویستە لە یەک کاتدا کۆنترۆڵی عەرەبانە و تۆپ بکەیت. کچەکان زۆر باشن، بەڵام پێویستیان بە ٥-٦ رۆژ مەشقە لە هەفتەیەکدا”، کامەران محەمەد وایوت.

راهێنەرەکە هیواخوازە ئاستی کچەکان زیاتر بەرەوپێش بچێت و دەرگای بەشداری نێودەوڵەتییان بۆ بکرێتەوە، "ئەگەر ژمارەی کچەکانمان زیاد بکات، هەوڵ دەدەین چەند تیپێکی جیاواز پێکبهێنین."

میلان؛ ئەستێرەیەکی چاوەڕوانکراو

میلان ئەحمەد، تەمەن ١٥ ساڵ، کچە یاریزانێکی دیکەی بەهرەمەندە کە راهێنەرەکەی زۆر گەشبینە پێی. کامەرانی راهێنەر دەڵێت: میلان یەکێکە لە باشترینەکان، ئومێدی زۆرم پێیەتی ببێتە پاڵەوانێکی دیاری کوردستان.

میلان بە هەمان ورەوە وتی: شەش بۆ حەوت مانگە یاری دەکەم، سەرەتا قورس بو، بەڵام بە یارمەتی راهێنەرەکەم راهاتم. ئامانجم ئەوەیە ببمە پاڵەوانی یاری باسکەی سەر کورسی لە عێراق. پاڵپشتی خێزانەکەی بەرز دەنرخێنێت، "دایک و باوکم زۆر هانم دەدەن. گرنگە مرۆڤ پشت بە خۆی ببەستێت و کۆڵنەدات. راستە خاوەن پێداویستی تایبەتم، بەڵام بەهێزم”. سوپاسی مامۆستا کامەران و شارا خانیش دەکات بۆ پشتیوانییان و وەک هاوڕێکەی، ئەویش چاوی لە یاری بالەیە.

ئەم تیپە، بە هەمو کەم و کوڕی و ئاستەنگەکانەوە، نمونەیەکی زیندوی ئیرادە و کۆڵنەدانە. چیرۆکی ئەم کچانە چیرۆکی هیوا و خەباتە، کە دەریدەخات مرۆڤ دەتوانێت لە سەخترین بارودۆخیشدا، گەشە بکات و مێژو تۆمار بکات.



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,541,625     ژمارەی میوان 603

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە