* نەوژین، سومەیە ساڵح
دیمەنی بینینی ژنان و مناڵانی دەرۆزەکەر لەنێو بازاڕ و شوێنە گشتیەکانی کەلار بوە بە دیاردەیەکی بەربڵاو، لایەنی پەیوەندیدار دەڵێت: هەوڵمان بۆ کەمکردنەوەی دیاردەکە داوە، بەڵام بنبڕکردنی زەحمەتە، سەرچاوەیەکیش باسلەوەدەکات ئەو ژن و مناڵانە لە باندەجۆراوجۆرەکان تێوەدەگلێندرێن، بە وتەی ژنە چالاکوانێکیش چەندین مەترسی لەسەر ژیانی ئەو ژنانە هەیە.
سواڵپێکردن یاخود دەرۆزەپێکردن بە ژنان و مناڵان دیاردەیەکی نوێ نییە، ئەوەی نوێیە زیادبونی ژمارەیانە لە سنوری گەرمیان و بەتایبەتیش لە نێو بازاڕی کەلار، هەر ماوەیەک و چەند ژنێکی بە تەمەن یان خاوەنپێداویستی تایبەت یانیش ژنێکی ساغی بێ کێشە لەنێو بازاڕەکە دەبیندرێن کە داوای هاوکاری دەکەن، بەزۆریش نەخۆشی و خراپی باری ماددیان دەکەن بە بیانو.
“زۆرینەیان جوان و گەنجن، زانیاریم هەیە ٩٥%ـیان بەبێ ویستی خۆیان و بەزۆر لەلایەن باند و گروپەکانەوە ئەو کارەیان پێدەکرێت، ئەوان بەزۆری خەڵکی ناوچەکە نیین و لە ناوچەکانی دیکەی هەرێم و عێراق دەهێندرێنە ئێرە، هەروەک هاوینان و پێش جەژنان زیاتر ژمارەیان رو لە زیادبون دەکات. ئەمان قسەی شەیما جەمال ـن کە چالاکێکی بواری ژنانە لە گەرمیان.
بنبڕکردنی دیارەکە بە وتەی پۆلیسی گەرمیان کارێکی زەحمەتە، ئەمەش بەهۆی خراپی دۆخی دارایی خەڵک لە چەند ساڵی رابردو و دەستڕانەگەیشتنیان بە سەرچاوەی سەرەکی بەکارهێنانی ئەو ژن و مناڵانە.
عەلی جەمال قدوری، عەقیدی پۆلیس و وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە نەوژینی وت: ئێمە بەردەوام لە هەوڵداین بۆ بنبڕکردن و کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە، بەڵام ئەم کارە زەحمەتە، بۆ بنبڕکردنی دیاردەکە پێویستیمان بە سەرچاوەی سەرەکی هەیە کە بزانین کێ ئەم کەسانە بەکاردەهێنێت، بەڵام چونکە بەپێی یاسا سزایەکی کەم بۆ ئەو کەسانە دیاریکراوە کە دەرۆزە دەکەن، کە دەستگیریان دەکەین ئامادە نیین ناوی ئەو گروپ و لایەنە ئاشکرابکەن کە بەکاریان دەهێنن.
ئەو کەسانەی دەرۆزە دەکەن بەپێی ماددەی ٣٩٠ لە یاسای سزادانی عێراقی سزا دەدرێن، کە لە دو بڕگە پێکدێت، بەپێی هەردو بڕگە: ھەر کەسێک تەمەنی (١٨)ساڵی تەواو کردبێت و داھاتێکی ھەبێت، کە ژیانی پێ بباتەسەر، یاخود توانای کارکردنی ھەبێت بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی، بەڵام لە شوێنە گشتییەکان کاری دەرۆزەکردن بکات، ئەوا دوچاری سزای گرتن دەبێتەوە بۆ ماوەیەک لە (١) مانگ کەمتر نەبێت و لە (٣) مانگ زیاتر نەبێت.
هەر لە ماددەکەدا هاتوە: سەبارەت بەوانەی تەمەنی (١٨) ساڵیان تەواو نەکردوە، گەر ھاتو سەرپێچییان کرد بە ئەنجامدانی کرداری دەرۆزەکردن، ئەوا ئەحکامەکانی بەرپرسیاریەتی نەوجەوانانیان لەسەر جێبەجێ دەبێت.
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت: داوای هەموارکردنەوەی یاساکەمان کردوە، چونکە یاساکە کۆنە و هی ساڵی ١٩٦٩ـیە زۆر گرنگی بەم پرسە نەداوە، چونکە ئەوکات دیاردەکە بەمشێوەیە زۆر نەبوە.
“دەرۆزەکەرەکان خەڵکی ناوچەکە نیین”
لایەنێکی دیکە کە وایکردوە بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە قورس بێت، ئەو ژن و مناڵانە خەڵکی ناوچەکە نیین و لە ناوچەکانی دیکەی هەرێم و دەرەوەی هەرێم دەهێندرێنە گەرمیان، ئەمەش بە وتەی پۆلیسی گەرمیان.
شەیما جەمالیش جەختی لەم قسەیە کردەوە و تی: هەر بەو هۆیە ئێمەش وەکو رێکخراوەکان ناتوانیین هاوکاریان بین، چونکە ماڵیان نییە تاوەکو سەردانیان بکەین و دەستی کۆمەکیان بۆ درێژ بکەین.
زیاتری وت: لەگەڵ ئەوەشدا نابێت بیشارینەوە هەماهەنگی لەنێوان رێکخراوەکان و حکومەت سەبارەت بەم ژنانە کەمە و هاوکاری ناکرێن.
بەزۆری بیانوی ئەو ژن و مناڵانە ئەوەیە باریی دارایی ماڵەوەیان خراپە و لە ناچارییا ئەم کارە دەکەن، حیدر فازڵ، بەڕێوەبەری دەستەی مافی مرۆڤی گەرمیان دەڵێت: رێژەی ژنان و مناڵانی دەرۆزەکەر لە ناوچەکە رو لە زیادبونە، ئەوان کاتێک خراپی دۆخی دارایی دەکەن بە بیانو، رێگریلێکردنیان قورسە بۆیە بەردەوام ژمارەیان زیاد دەکات.
وتیشی: ئێمە وەکو دەستەی مافی مرۆڤی گەرمیان، سێ مانگ جارێک لەبارەی مناڵان و شەش مانگ جارێک لەبارەی سەرجەم چین و توێژەکانی دیکە راپۆرت بۆ دەستەی گشتی مافی مرۆڤی هەرێم دەنێرین، یەکێک لە پرسەکان کە بەردەوام ئاماژەی پێدەدەین دیاردەی بەکارهێنانیانە بۆ دەرۆزەکردن، لەگەڵ ئەوەش قسە لەگەڵ ئەو مناڵ و ژنانە دەکەین و سەردانی ماڵەوەیان دەکەین تاوەکو ئەوەی لەدەستمان دێت بۆیانی بکەین، دەسەڵاتی ئێمە ئەوەندەیە و ناتوانین ئیجرائات بەرامبەریان بکەین.
نەوژین بۆ زانینی دۆخی ئەو ژنانە هەوڵی دا لەگەڵ چەند دانەیەکیان قسە بکات، بەڵام لە بەردەم هەر پرسیارێک دا بێدەنگیان هەڵبژارد و ئامادە نەبون هیچ بڵێن، کە ئایا بە ویستی خۆیان دەرۆزە دەکەن یاخود بە زۆر پێیان دەکرێت.
تەنها دانەیەکیان کە ئەویش نەیویست ئاماژە بە ناوی بکەین، باسی لەوەکرد: بەهۆی خراپی دۆخی دارایی و سزادانی هاوسەرەکەی بە زیندانی تاهەتایی لەلایەن دادگای شاری کەرکوکەوە بە تاوانی کوشتنی هاوڕێیەکی، بەر لە چەند ساڵێک دەستی بەم کارە کردوە و بۆ ئەم مەبەستە ماوەی چەند مانگێکە لێرە داوای یارمەتی دەکات تاوەکو بتوانێت سێ مناڵەکەی بەخێوبکات.
لەبارەی ئەوەی بۆچی لەناوچەکەی خۆی نییە و دێتە گەرمیان، وتی: لەوێ ناتوانم لەبەر خزم و دەوروبەرەکەم، نامەوێت ئەوان بزانن من ئەم کارە دەکەم.
کێشە سەرەکیەکە لێرەیە
ئەو ژن و مناڵانە لە کاری دەرۆزەوە دەگلێنە نێو کاری دیکەشەوە، مەترسیدارترینیان باندەکانی بازرگانی بە مرۆڤ و بەکارهێنانیان لەلایەن گروپی جۆراوجۆر کە کاری بەدڕەوشتیان پێدەکەن، ئەمەش بە وتەی سەرچاوەیەک لە پۆلیسی گەرمیان.
سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرابکەین، وتیشی: ئەو ژن و مناڵانە لەکاری دیکەی مەترسیدار تێوەدەگلێندرێن، ئێمە بۆ رێگری لەمە بەردەوام لە هەوڵداین. لەگەڵ ئەوەش دا زۆرکات کاری تاوانکاری لە ناوچەکە ئەنجامدەدەن، ئەمەش گرفتی ئەمنی و بێ متمانەیی دروستدەکات.
شەیما جەمال، لەگەڵ جەختکردنەوەی ئەم قسەیە وتیشی: ئاگاری ئەوەین ژنانی دەرۆزەکەر کاری دیکەی وەک دزی و بەدڕەوشتیان پێدەکرێت، ئەمەش وایکردوە توشی چەندین ناڕەحەتی دەرونی خۆ بەکەم زانیین ببن، زۆرکات مەترسی لەسەر ژیانیشیان دروستبوە.
“خێریشیان پێمەکەن”
پەیوەندیدار بەم پرسە، رۆژی ١١ـی ئەم مانگە، لیژنەی فەتوای هەرێم، فەتوایەکی نوێی دەرکرد و رایگەیاند: كاری دهرۆزهكردن له شهرع دا حهرامه و نادروسته، مهگهر بۆ كهسێك كه به تهواوی پێویست بێت و هیچ سهرچاوهیهكی داهاتی نهبێت و له راستیدا ههژارو نهدار بێت، هاوكاریكردنی دەرۆزەکەر ئەگەر شایستەی یارمەتی نەبن نادروسته و هاوكاریكردنیان دهبێته مایهی هاندانیان.