سلێمانى: پیاوێك ئاگر له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ى به‌رده‌دات

2022/02/20    776 جار بینراوە
 
* نه‌وژین
 
پۆلیسی سلێمانى رایده‌گه‌یه‌نێت پیاوێك نه‌وتى به‌ ژنه‌كه‌ى دا كردوه‌ و سوتاندویه‌تى، پاش روداوه‌كه‌ش ویستویه‌تى هه‌ڵبێت، به‌ڵام ده‌ستگیر كراوه‌.
 
به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆلیسی سلێمانى له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ده‌ڵێت: شه‌وی‌ رابردو ژنێك له‌ گه‌ڕه‌كى كوردسات له‌ سلێمانى، پاش ئه‌وه‌ى سوتاوه‌، بۆ نه‌خۆشخانه‌ گوازراوه‌ته‌وه‌ و له‌وێ ئاشكراى كردوه‌ كه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ى نه‌وتى پێدا كردوه‌ و سوتاندویه‌تى و دواتر هه‌ڵهاتوه‌.
 
رونیشیده‌كاته‌وه‌: دواى ئاگاداركردنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م به‌ش و بنكه‌كانیان، توانیویانه‌ تۆمه‌تباره‌كه‌ ده‌ستگیر بكه‌ن كه‌ له‌دایكبوى 1997ـه‌ و ویستویه‌تى به‌ره‌و سنوره‌كان بڕوات به‌مه‌به‌ستى خۆحه‌شاردان و هه‌ڵهاتن.
 
پۆلیسی سلێمانى ئه‌وه‌شى رونكردوه‌ته‌وه‌: ژنه‌كه‌ 75%ـى جه‌سته‌ى سوتاوه‌ و له‌ نه‌خۆشخانه‌ له‌ ژێر چاره‌سه‌ر دایه‌، تۆمه‌تباره‌كه‌ش به‌ به‌ بڕیاری‌ دادوه‌ر و به‌پێی‌ ماددەکانی‌ 406 و 31 لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراوه‌.
 
ئه‌و ماده‌ یاساییه‌ى تۆمه‌تباره‌كه‌ى پێڕاگیراوه‌، تایبه‌ته‌ به‌ كوشتنى به‌ ئه‌نقه‌ست و به‌كارهێنانى ماده‌ى سوتێنه‌ر له‌ كرده‌وه‌كه‌دا، سزاكه‌یشی له‌نێوان زیندانى هه‌میشه‌یی و له‌سێداره‌دانه‌.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,868,495     ژمارەی میوان 1698

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە