رێکخراوێک: ژمارەی ژنانی ئاڵودەبوی مادەی هۆشبەر زۆر لەوە زیاترە کە رادەگەیەنرێت

2025/07/07    91 جار بینراوە


* نەوژین

یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان هۆشداری لەبارەی بەربڵاوی دیاردەی ئاڵودەبون بە مادەی هۆشبەر لەنێو ژنان دەدات؛ وتەبێژی رێکخراوەکە دەڵێت: بوەتە کێشەیەکی قوڵ، گرنگە  بێدەنگیی لێنەکرێت.

یەکێتییەکە هەڵمەتێکی بۆ بەرەنگاربونەوەی ئاڵودەبونی زیاتری ژنان بە مادەی هۆشبەر دەستپێکردوە و سەرەتاش لە شاری هەولێرەوە کۆنفرانسێکی هۆشیاریی ئەنجامدا.

لیا سەیفەدین، وتەبێژی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، بە نەوژینی راگەیاند: لەمیانی بەدواداچونەکانمان تێگەیشتوین، گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم ژنانی ئاڵودەبوی مادەی هۆشبەر، شەرمە کۆمەڵایەتیەکەیە کە وایکردوە نەخۆشەکە و خێزانەکەشی کێشەکە بشارنەوە، ژنێکی ئاڵودەبو چەند هێندەی پیاوان روبەڕوی رەتکردنەوەی کۆمەڵایەتی دەبێتەوە، ئەمەش وایان لێدەکات لە جیاتی داواکردنی یارمەتی، لە بێدەنگیدا ئازار بچێژن.

زیاتر وتی: لەو سۆنگەشەوە بڕیارمانداوە لەمیانی چالاکیەکانی پەیوەست بە هەڵمەتەکە تیشک بخەینە سەر بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری خەڵک لەوبارەیەوە و بەتایبەتی ئەو کاریگەرییە جیاوازانەی لەسەر ژنان هەیەتی، هەم لەڕوی بایۆلۆژی و دەرونی، هەم لەڕوی کۆمەڵایەتییەوە.

بە وتەی لیا سەیفەدین، هۆکارەکانی پشت ئاڵودەبونی ژنان جیاوازن و رەهەندی قوڵتریان هەیە، وتی: کێشەی وەک توندوتیژیی خێزانی، خەمۆکی، فشاری دەرونی و هەندێکجاریش هەڵخەڵەتاندن لەڕێگەی فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر لەژێر ناوی 'حەبی لاوازبون' یان 'حەبی ئارامکەرەوە'، ژنان دەکەنە قوربانییەکی ئاسانی ئەم دیاردەیە، هەربۆیە ژمارەیان بەرەوام لە زیادبونە.

هەرچەندە لیا سەیفەدین، جەختی لەوەکردەوە، ئاڵودەبون سنوری چین و توێژ و باری کۆمەڵایەتی ناناسێت و هەمو جۆرە ژنێک ئەگەری توشبونی هەیە، بەڵام تیشکی خستەسەر ئەوەی بەپێی بەدواداچونەکانیان، چەند گروپێک زیاتر لە مەترسیدان.

وتی: ژنانی خاوەن کێشەی خێزانی واتا ئەوانەی لەگەڵ هاوسەرەکانیان کێشەی قوڵیان هەیە، یان جیابونەتەوە و روبەڕوی فشاری دەرونی و کۆمەڵایەتیی زۆر بونەتەوە، کچانی گەنج بەتایبەت ئەوانەی لەژێر فشاری هاوتەمەنەکانیاندان یان بەدوای ئەزمونی نوێ و سەرکێشیدا دەگەڕێن، لەگەڵ ئەو ژنانەی قوربانیی توندوتیژیی جەستەیی یان سێکسین و بۆ ئارامبونەوە پەنا بۆ ماددە هۆشبەرەکان دەبەن، ئەمانە ئەو گروپانەن کە زیاتر لەبەردەم مەترسی ئاڵودەبونن بە مادە هۆشبەرەکان.

بەپێی ئاماری دەزگای ئاسایشی هەرێم بۆ نەوژین ساڵی ٢٠٢٣ ١٥ ژنە بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون، هەروەک لەکۆی پێنج مانگی ساڵی رابردو ٣ کەس بەو هۆکارە دەستگیرکرابون، هەروەک بە وتەی ئیحسان عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکانی "زیندانەکانی" هەرێمی کوردستان نزیکەی ٥٠ ژن لەنێو چاکسازییەکاندا هەن کە بەتۆمەتی ماددەی هۆشبەر حوکمدراون.

سەبارەت بە چارەسەر، وتەبێژی یەکێتیی ئافرەتان جەخت لەسەر یەک داواکاریی سەرەکی دەکاتەوە: کردنەوەی ناوەندی چارەسەری تایبەت بە ژنان.

وتی: ژنێکی ئاڵودەبو، بەتایبەت گەر قوربانی دەستدرێژیی بوبێت، ناتوانێت لە ناوەندێکی تێکەڵ لەگەڵ پیاوان هەست بە ئاسودەیی و سەلامەتی بکات، بونی شوێنێکی تایبەت و پارێزراو، کلیلی کردنەوەی دەرگای چارەسەرە بۆ هەزاران ژنی توشبو کە ئێستا لەبەر ترس نایەنە پێشەوە.

جەختیکردەوە: ژمارەی راستەقینەی ژنانی ئاڵودەبو زۆر لەوە زیاترە کە لە ئامارەکاندا هەیە.

لە هەڵمەتەکەیدا، یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان پلانی هەیە لە داهاتودا هۆشیاریی بباتە نێو قوتابخانە و زانکۆکان و بەردەوام بێت لە فشارخستنەسەر حکومەت و پارلەمان بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست و گۆڕینی یاسا، بەجۆرێک کە بەکارهێنەر وەک نەخۆش سەیر بکرێت، نەک تاوانبار.



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,600,344     ژمارەی میوان 832

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە