* نه‌وژین
مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، نیگەرانی و خه‌مباری خۆی له روداوەکانی ئەم دواییەی توندوتیژی دژ بە ژنان و به‌تایبه‌ت كوشتنى شنیار هونه‌ر ده‌ربڕى و جه‌ختده‌كاته‌وه: "هیچ شه‌ڕەفێک له ژن كوشتندا نییه".
له
راگه‌یه‌نراوێكدا، مه‌سرور بارزانى، ده‌ڵێت: "تەنیا لەم ساڵەدا، 9 ئافرەتی بێ‌تاوان لە ئەنجامی توندوتیژی خێزانییەوە کوژراون، ئەم تاوانانە ده‌بێت بوەستن و وەک خەڵکی کوردستان، نابێت قبوڵی بکەین، وەک حکومەتیش ئێمە ھاوکار و پاڵپشتی دادگا دەبین لەسەپاندنی توندترین سزا بۆ ئەم تاوانانە".
ده‌شڵێت: من سوورم لە سەر پاراستنی هەموو ژن و کچ و منداڵێک كه له مه‌ترسیدان. دەزانم کە پێویستی بە کات و پابەندبوونێكی جدی هەیە، ھەربۆیە بنبڕکردنی ئەم دیاردە نامرۆڤانەیە، پێویستی بە به‌شداریی هه‌موومان هەیە وەک چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و به‌رپرسان و کەسایەتییە ئاینیی و کۆمەڵایەتییەکان، ھەروەھا پێویستمان بە ئەنجامدانی چاكسازیی لە سیستەمی دادوەریدا ھەیە.
مه‌سرور بارزانى، جه‌ختیش ده‌كاته‌وه: "ھەموو ھەوڵی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ کۆتاییھێنان بەم تاوانانە".
ئه‌م راگه‌یه‌نراوه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت، دواى ئه‌وه هات كه شنیار هونه‌ر، ته‌مه‌ن 21 ساڵ، شه‌وى 18ى ئه‌م مانگه له ماڵه‌كه‌ى خۆی دا له گه‌ڕه‌كى كوردسات له سلێمانى سوتا، له ئیفاده‌كه‌ى دا بۆ پۆلیس ئاشكراى كرد له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه توندوتیژی به‌رامبه‌ر كراوه و لێیدراوه و سه‌رى به زه‌وی دا كێشراوه و دواتر نه‌وتى پێدا كردوه و ئاگرى له‌جه‌سته‌ى به‌رداوه، به‌وهۆیه‌شه‌وه 75% جه‌سته‌ى سوتا و دوێنێ به‌یانى (چوارشه‌مه 23/2/2022) گیانى سپارد.