* نەوژین، دێژین سدقی
دیاردەی بەشودانی کچانی خوار تەمەنی یاسایی لە پارێزگای دهۆک، بەتایبەت لە ناوچەکانی وەک بەردەڕەش، کێشەیەکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆز و هەستیارە کە ساڵانە دوبارە دەبێتەوە و لەژێر سێبەری تێکەڵەیەک لە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و لێکدانەوە جیاوازەکانی یاسا و هەندێکجار ئایینیشدا، بەردەوامی بە خۆی دەدات. لەم راپۆرتە دا هەولدەدەین تیشک بخەینە سەر رەهەندە جیاوازەکانی ئەم پرسە.
دیاردەیەکی ساڵانە و هۆکارە شاراوەکان
پەروین جوبرائیل، بەرپرسی رێکخراوی ئافرەتان لە قەزای بەردەڕەش، سەبارەت بە بەشودانی کچانی خوار تەمەن یاسایی لە ناوچەکە، بۆ نەوژین وتی: ساڵانە ئەم حاڵەتانە رودەدەن. هەرچەندە رێژەکە کەمە، بەڵام شایەنی هەڵوێستە وەرگرتنە لەبارەیەوە، ئێمە لە هەوڵی بەردەوامداین و دەمانەوێت بەیەکجاری بنبڕ بکرێت، بەڵام ئەم کارە زەحمەتە”.
ناوبراو هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە دەگەڕێنێتەوە بۆ: کاریگەری مۆبایل، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دابونەریتی کۆمەڵایەتی، ناهوشیاری هەندێک خێزان، و هەندێکجار چاولێکەریش.
ئەو رێکخراوەی پەروین کاری تێدا دەکات، یەکێک لەکارە سەرەکیەکانیان هۆشیارکردنەوەی خەڵکی ناوچەکەیە لەو روەی کە کچەکانیان بە تەمەنی کەم بە شو نەدەن. ئەو جەختی لەسەر کاری مەیدانی رێکخراوەکەیان کردەوە "ئیشی ئێمە زیاتر مەیدانییە، سەردانی ماڵان دەکەین و ئامۆژگارییان دەکەین کە کچانی خۆیان زو بەشو نەدەن. هەروەها بۆیان شی دەکەینەوە کە هەر کەسێک ئەم هاوسەرگیرییە بکات، ئەوا رێکاری یاسایی توند لە دژییان دەگیرێتەبەر. پەروین نمونەی ئەو کچانەشی بۆ خێزانەکان هێناوەتەوە کە لە تەمەنی مناڵیدا هاوسەرگیرییان کردووە و دواتر جیابونەتەوە.
وەک چارەسەرێک بۆ دۆخەکەش پەروین داوا لە مامۆستایانی ئایینی دەکات: بەهیچ شێوەیەک کچانی خوار تەمەنی یاسایی مارە نەکەن و خۆتان دوربگرن لەم بابەتە، چونکە بنبڕکردنی ئەم بابەتە پەیوەندی بە هەمو کەسێکەوە هەیە، بەتایبەت پیاوانی ئایینی.
روانگەی ئایینی و یاسایی بۆ ئەم پرسە
ئیبراهیم دەربێسانی، سەرۆکی لقی یەکێتی زانایانی ئایینی لە قەزای بەردەڕەش، دەڵێت: داواکاری گشتی بەردەڕەش بەمەبەستی دوبارە نەبونەوە، داوای لە ئەوقافی بەردەڕەش کردوە کە مامۆستایانی ئایینی ئاگادار بکاتەوە، چونکە سزای یاسایی لەسەرە.
سەبارەت بە رای شەرع، دەربێسانی وتی: لەڕوی شەرعەوە تەنیا بۆ باوک هەیە بەکۆمەڵێک مەرج لەم تەمەنەدا کچەکەی مارە بکات، ئەگەر باڵغ نەبوبێت. ئەگەر باڵغیش بێت و لەڕوی جەستەیی و عەقڵییەوە پێگەیشتبێت، بەڵێ دروستە. بەڵام لەم سەردەمەدا لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری یاسایی و کۆمەڵایەتی و تەندروستی نابێت بکرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: هەندێکجار ئەم حاڵەتە رودەدات لای کەسانێک کە بەڕواڵەت ناویان مەلایە، گەرنا نە لەڕوی عیلم و نە لای ئەوقاف مەلا نیین، بۆیە دەبنە مایەی ناشرینکردنی ناو و پێگەی مامۆستایانی ئایینی.
مەترسییە تەندروستی و دەرونییەکان
دکتۆر جەنان نوری حەسەن، پزیشکی ژنان و مناڵبون، لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا کچی خوار ١٨ ساڵ شیاوە بۆ هاوسەرگیری، بە نەوژینی وت: کچان لەم تەمەنەدا ئامادە نین بەشو بدرێن. زۆرینەیان توشی نەخۆشی هەوکردنی درێژخایەن و خوێنبەربون و بابەتی لەم شێوەیە دەبن، بە بەراورد بە ژنانی تەمەنی پێگەیشتو، چونکە هێشتا لەشیان لە قۆناغی پێگەیشتندایە.
دکتۆر جەنان هۆشداری دەدات: لە هەموی کاریگاتر دوگیانبون لەم تەمەنە بۆ دایک زۆر مەترسیدارە، لەوانەیە دایکەکە بەرگەی نەگرێت و گیانی لەدەست بدات، جگە لەوەش، لەڕوی دەرونیشەوە دایکێکی پێگەیشتو دەتوانێت زیاتر چاودێری منداڵەکەی بکات.
یاسا لەنێوان هەرێم و بەغدادا
یاسای باری کەسێتی لە هەرێمی کوردستان، کە پشتی بەستوە بە یاسای باری کەسێتی عێراقی ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٩ و هەموارەکانی، بەتایبەتی یاسای ژمارە ١٥ـی ساڵی ٢٠٠٨، لەو بارەیەوە دەڵێت: تەمەنی یاسایی بۆ هاوسەرگیری ١٨ ساڵە بۆ هەردو رەگەز، بەڵام دادوەر دەتوانێت رێگە بدات بە هاوسەرگیری کەسێک کە ١٦ ساڵی تەواو کردبێت ئەگەر گەیشتبێتە باری گونجاو بۆ هاوسەرگیری و توانای جەستەیی و عەقڵیی هەبێت، ئەمەش دوای رەزامەندی وەلی ئەمر (سەرپەرشتیار) و بە مەرجێک بەرژەوەندی ئەو کەسەی تێدابێت.
یاسای عێراقی، یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٩ (لەگەڵ هەموارکردنەکانی)، بنەما سەرەکییەکانی هاوسەرگیری دیاری دەکات، ئەم یاسایە زیاتر بنەماکانی لە شەریعەتی ئیسلامییەوە وەرگرتوە. لەوبارەیەوە دەڵێت: پێویستە هەردو هاوسەر تەمەنی یاسایییان تەواو کردبێت، کە بە گشتی ١٨ ساڵە، بەڵام دادوەر دەتوانێت رێگە بدات بە هاوسەرگیری لە تەمەنی ١٥ ساڵی دا ئەگەر پێگەیشتنی جەستەیی و عەقڵی هەبێت و سەرپەرشتیاری رەزامەند بێت، هەروەک رەزامەندی هەردو هاوسەر مەرجێکی سەرەکییە. نابێت هیچ کەسێک بە زۆرەملێ هاوسەرگیری پێبکرێت.
عومران یاسین، پارێزەر لە شاری ئاکرێ، بە نەوژینی راگەیاند: ئەوانەی ١١ ساڵ و ١٢ ساڵ تا ١٥ ساڵ لە دەرەوەی دادگا هاوسەرگیری ئەنجامدەدەن، دوای چەند ساڵێک یان دوای لەدایکبونی مناڵێک، ئینجا لە دادگای شێخان کە سەر بە ناوچە جێناکۆکەکانە مارە دەکرێن. جیاوازی سزاکانیش بۆ ئەم حاڵەتانە رون دەکاتەوە: لە دادگاکانی سەر بە عێراق سزاکە تەنیا ١٥٠ هەزار دینارە، بەڵام لە یاسای هەرێمی کوردستان سزاکەی لە ملیۆنێک دینار تا ٥ ملیۆن دینارە لەگەڵ ماوەیەک زیندانیکردن. هاوکات پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە دژی دایک و باوک و پیاوی ئایینی دەکرێتەوە.
سەبارەت بە ئامار، پارێزەرەکە وتی: ساڵانە ئەم حاڵەتانە رودەدەن، بەڵام هیچ ئامارێکی وردمان نییە و رێژەکە کەمە.
کەسوکاری قوربانییەکان دەدوێن
نەوژین زۆر هەولیدا لەگەڵ کەسانێک قسە بکات کە قوربانی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە بن، بەڵام بەهۆی ترسیان لە کەسوکاریان و زانینی ئەوەی لێدوانیان بۆ راگەیاندن داوە، هیچیان ئامادە نەبون قسەمان بۆ بکەن، ئەمەش سەرباری ئەوەی دڵنیامان کردنەوە لەوەی ناو و ناونیشانیان پارێزراو دەبێت.
سەر ئەنجام توانیمان لەگەڵ برای کچێکی قوربانی ئەم جۆرە هاوسەرگیریە قسە بکەین، عەلی حوسێن، خەڵکی گوندێکی سەر بە قەزای بەردەڕەش ـە، چیرۆکی بەشودانی خوشکەکەکی بۆ گێڕاینەوە، وتی: خوشکەکەم بە بڕیاری خێزانەکەمان لە خوێندن دابڕا و بەشودرا، ئێمە هەشت برا و دو خوشکین. پێش دو ساڵ خوشکەکەم لە تەمەنی ١٢ ساڵی لە خوێندن دابڕا و بەشوماندا. لەگەڵ ئەوەی ئەو نەی دەویست واز بهێنێت و قوتابییەکی ئاست باش بو، بەڵام گوێڕایەڵی بڕیاری ئێمە بو. وتیشی: ئێمە داب و نەریتمان وایە کاتێک کچ گەیشتە قۆناغی باڵغبون لە خوێندن دەریدەهێنین و بەشوی دەدەین. خوشکەکەی تریشم پێش حەوت ساڵ لە تەمەنی ١٣ ساڵی بەشودرا.
جیلان ناوی خوازراوی کچێکە کە بەهامانشێوە کەیسێکی بۆ گێراینەوە کە قوربانیەکە خزمی جیلان بوە و لە تەمەنێکی زۆر کەم و بەزۆری خێزانەکەی بە شودراوە، جیلان لەبارەی هۆکارەکانی بەشودانی کچان لە خوار تەمەنی یاسایی لە ناوچەکەی قسەی بۆ کردین: من دانیشتوی سەنتەری قەزای بەردەڕەشم، لێرە خراپی باری دارایی خێزان، کە بەرامبەر بەشودانی کچەکە بڕە پارەیەک وەک دیاری وەردەگیرێت یان توانای بەخێوکردنی نییە، بەتایبەت ئەو خێزانانەی ژمارەی مناڵیان زۆرە هۆکاری سەرەکی بەشودانی کچانە لە تەمەنێکی کەم. لەلایەکی دیکە لاوازیی رۆشنبیری دایک و باوک، خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دروستکردنی پەیوەندی سۆزداری، ترسی دایک و باوکیان لە بەلاڕێدابردنیان وا دەکەن پەلە لە بەشودانی کچەکانیان بکەن.
مامۆستایانی ئاینیش هۆکارێکی دیکەن، جیلان وتی: ئاینیش رۆڵێکی زۆری هەیە کە وا هانی دایک و باوک دەدات کچان زو بەشو بدرێن، بەهۆکاری ئەوەی توشی هەڵە نەبن. جەختیشیکردەوە: سەرەنجامی زۆرینەی ئەم هاوسەرگیریانە جیابونەوەیە.