* نەوژین
ئەمڕۆ رۆژی جیهانی کیژۆڵانە و کیژۆڵانی عێراقی لەبەردەم مەترسی بەیاساییکردنی بەشودانیانن، ئەمەش لەکاتێک دا بەبێ یاساش هیومان رایتس وۆچ بەر لە حەوت مانگ هۆشیاری لەبارەی زۆری ئەنجامدانی هاوسەرگیری پێشوەختەوە لە عێراق دابو.
رۆژی (١١ـی تشرینی یەکەم)ـی هەمو ساڵێک لەلایەن نەتەوەیەکگرتوەکانی ئەمریکاوە بە رۆژی جیهانی کیژۆڵان (مناڵی کچ) دیاریکراوە، مەبەست لە دیاریکردنی ئەم رۆژە بۆ مناڵی کچ، هۆشیارکردنەوەیانە بەرامبەر بەو روداوانەی دێنە رێگەیان، گرنگیدانیان بە خوێندن، بڕوابون بە تواناکانیان، هەروەک مەبەستێکی سەرەکیش نەهێشتنی دیاردەی بەشودانی پێشوەختەیە.
کیژۆڵانی عێراق گەورەترین ئاڵەنگاری بەردەمیان هاوسەرگیری پێشوەختەیە، ئەمەش بەپێی راپۆرتێکی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هاوکاریکردنی عێراق (یونامی). لەمیانی راپۆرتێکەدا کە لەمانگی (ئازار)ـی ئەمساڵ بڵاویکردەوە، رایگەیاند: ٢٨%ـی کچانی عێراق پێش تەمەنی ١٨ ساڵی هاوسەرگیریان کردوە و ٢٢%ـی هاوسەرگیرییە تۆمارنەکراوەکان لەدادگاکانی عێراق بۆ کچانی خوار تەمەنی ١٤ ساڵن.
ئەوەشی لەم چەند مانگەی رابردو دا لە عێراق بابەتی سەرەکییە، بەیاسایی کردنی بە شودانی کیژۆڵانە، ئەمەش دوای ئەوەی لەلایەن چەند پارلەمانتارێکی عێراقەوە، پڕۆژەیاسایەک بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی پێشکەش بە سەرۆکایەتی پارلەمان کرا و تێیدا پێشنیارکرا بەپێی مەزهەبەکان رێگە بە هاوسەرگیری بدرێت و دادگاکانیش ئەو هاوسەرگیرییانە قبوڵبكەن.
ئەوەی بەلای چالاکانی مافی مرۆڤەوە هەر زو بوبە جێگەی نیگەرانی، ئەوەیە هەندێك لە مەزهەبەكان رێگە بە بەشودانی کیژۆڵانی نۆ ساڵانیش دەدەن. هەر ئەوکات شۆخان ئەحمەد، بەڕێوەبەری رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان، بە نەوژینی وت: ئەوەی بەپلەی یەک لەهەموارەکە رەدی دەکەینەوە هاوسەرگیری کیژۆڵانە
هەرچەندە پارلەمانتاران باسلەوەدەکەن کە هەرگیز پێیان وانییە، جارێکی دیکە پێشنیازەیاساکە بهێندرێتەوە نێو پارلەمان و خوێندنەوەی بۆ بکرێت، بەڵام چالاکان بەردەوامن لە رەدکردنەوەی و لە شەقامەکان گردبونەوە دژ بە پێشنیازەیاساکە ئەنجامدەدەن، هەروەک لەڕێگەی هاشتاگیشەوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بەردەوامن لە هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لەوبارەیەوە.