* نەوژین
دوای شەش ساڵ لە کوژرانی، ئەمڕۆ دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بکوژی سەرباغ دەرکرد، ئەو کچەی ساڵی ٢٠١٩ لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا لە گوندی هەڵشۆ بەهۆی کێشەیەکی زەویوزارەوە کوژرا.
شەدە بەشیر، چالاکی ژنان، بە نەوژینی راگەیاند: دوای شەش ساڵ ئەمڕۆ دادگای تاوانەکانی سلێمانی بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی، بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بکوژی سەرباغ مەحمەد دەکرد، کە ئامۆزایەکی خۆی بو.
شەدە کە هاوکات ئەندامی رێکخراوی روناکبیری ژنان ـیشە، ئاماژەی بەوەکرد: ئەم بڕیارە دوای کارکردنێکی زۆر لەسەر دۆسیەکە لەلایەن رێکخراوەکەمانەوە بو، لەماوەی ئەم چەند ساڵە هەم بە رێگەی یاسایی و هەم بەرێگەی میدیا، بەردەوام لەسەر هێڵ بوین لەگەڵ خێزانەکەی.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئەوەی لە دۆسیەکەدا جێگەی دڵخۆشی بو بۆ ئێمە، سوربونی خێزانەکەی واتا دایک و باوکی سەرباغ بو لەسەر دۆسیەکە، لەکاتێکدا فشارێکی زۆریان لێدەکرا تاوەکو سوڵح بکەن و لە بکوژ خۆشببن.
سەرباغ، ساڵی ٢٠١٩ لە گوندی هەڵشۆی سەر بە قەزای قەڵادزێ لە ئیدارەی راپەڕین، لەلایەن ئامۆزایەکیەوە بەناوی (هـ، ع) کوژرا، بکوژەکە بەمەبەستی کوشتنی باوکی سەرباغ و لەسەر کێشەی زەویوزار دەستڕێژی گوللەی لە ماڵەکەیان کردبو، بەڵام سەرباغ بۆ پاراستنی باوکی خۆی دابوە بەر گولەکان و لە ئەنجامدا بەهۆی بەرکەوتنی دو گوللەوە، گیانی لەدەستدا.