* نەوژین
پارلەمانتارێکی کورد لە پارلەمانی عێراق جەخت لە رەدکردنەوەی هەمواری یاسای باری کەسێتی عێراق دەکات و دەڵێت: دەبێت پێداچونەوە بۆ هەموارەكە بكرێت و رەزامەندی هەمو لایەنەكانی لەسەربێت، ئەوجا قەبوڵ دەکەین بگەڕێندرێتەوە نێو پارلەمان.
ژمارەیەك پارلەمانتاری عێراق لە چەند فراكسیۆنێكی جیاواز، هەموارێكیان بۆ یاسای باری كەسێتی كردوە، بەڵام چوارشەممەی رابردوو ٢٤ـی تەمموز بەهۆی ناڕەزایی دژ بەو هەوڵە، سەرۆكایەتی پارلەمان دانیشتنەكەی هەڵگرت و ئەو پرسەی لە بەرنامەی كار لابرد.
کاروان یاروەیس، ئەندامی پارلەمانی عیراق، دەڵێت: بەدڵنیایی جارێکی دیکە هەموارەکە بەمشێوەیە ناهێنرێتەوە نێو پارلەمان، ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەیەكی زۆری پارلەمانتاران رەتمانكردەوە رێگە بەهەمواری لەمشێوەیە بدەین.
زیاتر وتی: دەبێت پێداچونەوە بۆ هەموارەكە بكرێت و رەزامەندی هەمو لایەنەكانی لەسەربێت، ئەوجا دوبارە بگەڕێندرێتەوە نێو پارلەمان، گەرنا جارێک نا، دە جاری دیکەش بهێندرێتەوە دەنگی لەسەر نادەین و رەدی دەکەینەوە.
ژمارەی ئەو پارلەمانتارانەی کە واژۆی رەدکردنەوەی هەموارەکەیان کردوە نزیکەی ٢٠٠ پارلەمانتارە، کاروان یاروەیس دەڵێت: یەکەمجارە بەم شێوەیە ژمارەیەکی زۆر پارلەمانتار داوای رەدکردنەوەی هەموارێک بکەن، ئێمە هەموارەکە رەد دەکەینەوە، چونکە پێمانوایە زولم لە ژنان دەکرێت تێیدا.
بەپێی هەمواری یاسای باری كەسێتی، پێشنیارکراوە بەپێی مەزهەبەکان رێگە بە هاوسەرگیری بدرێت و دادگاکانیش ئەو هاوسەرگیرییانە قبوڵبكەن.
پێشتر لەوبارەیەوە، شۆخان ئەحمەد، بەڕێوەبەری رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان، بە نەوژینی وتبو: هەندێك لە مەزهەبەكان رێگە بە بەشودانی كچانی نۆ ساڵانیش دەدەن، ئەمەش ئەو خاڵەیە كە ئێمە لەگەڵ رەتكردنەوەیدان.
لە بەشیكی تری هەموارە ئامادەكراوەكەدا و لەبارەی ماددەی ٥٧ـەوە هاتوە؛ دوای جیابونەوەی هاوسەرەكان راستەوخۆ مناڵ بدرێت بە باوك، تەنانەت ئەگەر تەمەنی رۆژێكیش بێت.
شۆخان ئەحمەد، لەوبارەیەشەوە وتی: لەکاتێکدا ئێمە کێشەی مناڵانی بێ ناسنامەمان هەیە، پارلەمان دەیەوێت مافی دابینكردنی مناڵ لە دوای جیابونەوە لە دایكیان وەربگرێتەوە، هەروەها رەخنەی گرت "لە عیراق هەوڵدەدرێت دەستکەوتە بەدەستهاتوەکانی ژنان وەربگیرێتەوە".