پارێزەرێک: ئەوەی بەپلەی یەک لەهەمواری یاسای باری کەسێتی رەدی دەکەینەوە هاوسەرگیری کیژۆڵانە

2024/07/28    364 جار بینراوە

 

* نەوژین

پارلەمانی عێراق هەوڵی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی دەدات، بەڵام پێشنیازەکان بۆ هەموارکردنەوەکە بوەتە هۆی دروستبونی ناڕەزایەتیی، پارێزەرێکیش دەڵێت: ئەوەی بەپلەی یەک لەهەموارەکە رەدی دەکەینەوە هاوسەرگیری کیژۆڵانە، چونکە گەر بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە رێگە بەو جۆرە هاوسەرگیرییە دەدرێت.

پارلەمانی عێراق سەرقاڵی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتییە، بەم بۆنەیەشەوە رۆژی چوارشەممەی رابردو (٢٤ـی تەموز) دانیشتنێکی ئەنجام دا، بەڵام بەهۆی دروستبونی ناڕەزایەتیی دەربارەی هەموارەکە سەرۆکایەتی پارلەمان دانیشتنه‌كەی‌ هەڵگرت و لەجەدوەل دەرکرا.

یاسای باری کەسێتی چیە؟

یاسای باری کەسێتی عێراقی، ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٩، یەکێکە لەو یاسا سەرەکی و بنەڕەتیانەی کە رێکخستنی خێزان بە گشتی و باری تاکەکان بە تایبەتی لە خۆدەگرێت، یاساکە بەسەر ٩٤ ماددە دا دابەش بوە و لە تەواوی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە کاری پێدەکرێت.

لەبارەی هەموارکردنەوەی یاساکە، شۆخان ئەحمەد، پارێزەر هاوکات بەڕێوەبەری رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان، بە نەوژینی وت: ئێمە لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاساکەداین، چونکە یاساکە کۆنە و پێمانوایە دۆخەکە وا دەخوازێت گۆڕانکاری تێدا بکرێت، بەڵام بەشێوەیەک دەبێت هەمواربکرێتەوە کە لەگەڵ ئێستادا بگونجێت، بەڵام ئەوەی لەم هەموارە دا هەیە عێراق بەرەودواوە دەبات.

لە هەمواری نوێی یاساکە دا، پێشنیارکراوە رێگە بە هاوسەرگیری بدرێت بەپێی مەزهەبەکان، واتا دادگاکان ناچاربکرێن گەر مەزهەبێک هاوسەرگیریەکی قەبوڵ بێت، ئەوانیش قەبوڵیان بێت.

شۆخان ئەحمەد دەڵێت: بەپلەی یەک ئەوەی ئێمە لەگەڵ رەدکردنەوەیین، بابەتی هاسەرگیرییە بەپێی مەزهەبەکان، چونکە هەندێک لە مەزهەبەکان رێگە بە هاوسەرگیری کیژۆڵانی تەمەن ٩ ساڵیش دەدەن.

لەلایەکی دیکەوە، بڕیارە هەمواری ماددەی ٥٧ـی هەمان یاسا بکرێتەوە، کە تایبەت بە حاڵەتەکانی جیابونەوەی هاوسەران و دایەنیکردنی مناڵە لەدوای جیابونەوە، لەهەمواری نوێ دا پێشنیازکراوە، لەدوای جیابونەوە راستەوخۆ مناڵ بە باوک بدرێت، گەر مناڵەکە تەمەنی رۆژێکیش بێت.

گەر باوکیشی مردبێت یان بێسەروشوێن بوبێت یان یەکێک لە مەرجەکانی سەرپەرشتیکردنەکەی لەدەستدابێت، ئەوا مافی سەرپەرشتیکردن بگوازرێتەوە بۆ باپیری (باوکی باوکی).

شۆخان ئەحمەد، لەمبارەیەوە وتی: لەکاتێک دا ئێمە کێشەی مناڵانی بێ ناسنامەمان هەیە، پارلەمان دەیەوێت هەمواری یاسایەک بکات کە باس لە دایەنیکردنی مناڵ دەکات لەدوای جیابونەوە و دەیەوێت مافەکە لە دایکان وەربگرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەیە لە عێراق هەوڵدەدرێت دەستکەوتە بەدەستهاتوەکانی ژنان وەربگیرێتەوە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,844,268     ژمارەی میوان 1624

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە