توشبوی کۆرۆنا هەیە هیچ نیشانەیەکی نیە تا دەگاتە لێواری مردن!

2020/11/10    1244 جار بینراوە
 
هەڵوێست عەبدوڵڵا کەریم
چالاکوانی بواری تەندروستی و ژینگە
 
پێدراوەکان شکستى سیستەمى تەندروستی جیهانیمان پێ دەڵێن لە روبەرونەوەی پەتای کۆرۆنا، سروشتی ئەم ڤایرۆسە سەیر و سەمەرەیە، نیشانە و ئاستی توشبون لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت، لە ماوەی چەند هەفتەی رابردودا چەندان کەیس لەهەرێمی کوردستان هەبون کە هەمو نیشانەکانی کۆرۆنایان هەبوە، کاتێک پشکنینیان ئەنجامداوە دەرئەنجامەکەی نێگەتیڤ دەرچوە، لە راپۆرتەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی باس لەوە دەکرێت کە کەسانێک کۆرۆنایان هەیە کەچی هیچ نیشانەیەکی توشبونیان بە ڤایرۆسەکە تێدا دەرناکەوێت، واتە پشکنین پۆزەتیڤە کەچی نیشانەی نییە!
 
سەرچاوەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە بەوە دەدەن، هەر کاتێک هەستت کرد نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنات تێدایە کە ئەوانیش: (کۆکەیەکی نەرم، نەمانی تام و بۆن، ئارەقکردنەوە و ماندوبونی زیاد)ن، پێویستە لە نەخۆشخانەی گشتی دیاریکراو بە کۆرۆنا، پشکنین ئەنجام بدەیت.
 
لە تاقیگە و نەخۆشخانەی تایبەت پشکنینی خێرا ئەنجام دەدرێت کە لە رێی خوێنەوەیە و تەنیا لە 30٪‏ بۆ 35٪ جێی متمانەیە، واتە لەوانەیە کەسێک توشبوی کۆرۆنا بێت، بەڵام لە پشکنینەکە نێگەتیڤ دەرچێت، بۆیە ئەم پشکنینە هۆکار بوە کە زۆر کەس گیان لە دەست بدەن، چونکە کە ئەو کەسانەی کە پشکنینی خێرایان ئەنجام داوە نێگەتیڤ دەرچوە وا مامەڵەیان کردوە کە توشبوی کۆرۆنا نین، دواتر دۆخی تەندروستییان زۆر تێکچوە و کە براونەتە نەخۆشخانە گیانیان سپاردوە.
 
 لە چەند مانگی داهاتودا رێژەی توشبون و گیان لە دەستدان چەندین بار زیاد دەکات
 
سەرباری بەرزبونەوەی خێرای رێژەی توشبون و زۆرى ژمارەى  گیان لە دەستدان لە هەرێمی کوردستان، بەپێی راپۆرتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، سلێمانی بەرزترین ئاستی ریژەی مردنی هەیە لەسەر ئاستی عێراق، لە بەرامبەردا خەڵک ئەبینین زۆر بێباکانە تێکەڵاو دەبن، لە چێشتخانەکان نان دەخۆن، لە چایخانە و شوێنە گشتییەکان کۆمەڵ کۆمەڵ دانیشتون و خەریکی دەمەتەقێن، هێشتا خەڵک سەردانی نەخۆش دەکەن، سەردانی ماڵی مردوان دەکەن، دەعوەت و نانخواردنی بە کۆمەڵ هەر ماوە.
 
غیابى بەرپرسیاریەتى کۆمەڵایەتى حکومەت لە لایەک و ئەم رەفتارە بە کۆمەڵانە لە لاکەى تر، نیشانەی گوێنەدان و بەهەند وەرنەگرتنی مەترسی و ئەو قەیرانانەیە کە ئەم ڤایرۆسە دروستی کردوە، بۆیە پێشبینییەکان ئەوەیە کە لە چەند مانگی داهاتودا رێژەی توشبون و گیان لە دەستدان چەندین بار زیاد دەکات.
 
خۆپارێزیەکان هێندە قورس نین کە کەسێک نەتوانێت بیکات
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی تا رێکەوتی 9ی نۆڤەمبەر،  50,266,033 توشبوی کۆرۆنا تۆمارکراوە، لە نێوانیاندا 1,254,567 کەس گیانیان لە دەستداوە. 
 
خۆپارێزیەکان هێندە قورس نین کە کەسێک نەتوانێت بیکات، رێکخراوی تەندروستی جیهانی بە ئێمەی راگەیاندوە بۆ پاراستنی خۆت و کەسانی چواردەورت، پێویستە لە هەر شوێنێک خۆت بەدور بگریت کە زیاد لە چەند کەسێکی تێدا کۆبوه‌تەوە، بەکارهێنانی دەمامک بە شێوەیەکی بەردەوام یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکانی خۆپارێزی، بەردەوام دەستشۆردن و بەکارهێنانی پاککەرەوە-سانیتایزەر ئەو کاتەی لە دەرەوەی ماڵیت، ئەو کاتانەشی کە لەماڵەوەین پێویستە بەردەوام پەنجەرەیەکی ئەو ژورە کراوە بێت کە تێیدا دادەنیشین، واتە لە ژورێکدا کە کراوە بێت و هەوا ئازادانە هاتوچۆی تێدا بکات.
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,360,512     ژمارەی میوان 2656

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە