لیا سه‌یفه‌دین
تێڕوانین و تێگه‌یشتنى هه‌ندێک كه‌س بۆ ئافره‌ت، ته‌نها له‌ڕوى جه‌سته‌یی و بایۆلۆژییه‌وه‌یه و پێیان وایە ته‌نها ئه‌وه‌یه دەتوانن مناڵیان ببێت.
هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى مرۆڤایه‌تى و بیركردنه‌وه‌ى مرۆڤه‌وه، جۆرێك له‌تێنه‌گه‌یشتن و مملانێ له‌نێوان هه‌ردو ره‌گه‌زى نێر‌و مێدا هه‌بوه، سه‌ره‌تا هێزو بازو حوكمى كردوه وئافره‌تان كراونه‌ته پاشكۆ و كۆیله و خزمه‌تكارو ئامێرى دروستكردن و به‌خێوكردنى مناڵ و هیچى تر.
ئێستاشى له‌گه‌ڵدا بێت، به‌شێكى روانینه‌كان بۆ ئافره‌ت، هێشتا له‌روه شكڵییه‌كه‌یه‌وه ماوه و نه‌ترازاوه بۆ هزر و بیركردنه‌وه‌و مامه‌ڵه و ماف و ئه‌رك، هێشتا كه‌سانێك پێیان وایه عەزیەکی پەڕپەڕە، ته‌نها شوناس و ناسنامه‌ى مێیه‌نه بون و ئافره‌ت بونه. ئایا تەنورەیەکی پەڕ پەڕە، یان پۆشینى جلى بوكێنى، بەسە بۆ ئەوەی تۆ ئافرەت بیت؟
بەشێک لە ئافرەتان بە تامەزرۆییەوە ململانێیانە بۆ بەرجەستەکردن و گوزارشت كردن له‌مێیه‌نه‌بون و خانمانه‌بونى جه‌سته‌و بیركردنه‌وه‌و هه‌ڵسوكه‌وت و مامه‌ڵه‌یان، به‌ڵام له‌دۆخێكدا هێنده‌ى مشورى ئه‌و به‌رجه‌سته‌بونه ده‌خۆن، خه‌ون و خه‌م و ژیان و شوناسى راسته‌قینه‌ى خۆیانیان له‌بیر و له‌ده‌ست ده‌چێت. ئایە ئەمانە بەسن بۆ پێناسەی ئافرەت بون؟ واتا مێینە هیچ ناوەڕۆکێکی تری نیە؟
ئاشکرایە هیچ ئافرەتێکی ڕەسەن نایەوێت لە دەرەوەی ڕەگەزی خۆی لێی بڕوانرێت، بەڵام ئەمە بە تەنها بەپۆشین و له‌به‌ركردنى عه‌زییه‌كی پەڕپەڕە، نینۆكێكى بۆیه‌كراو نابێت، تەنها سك پڕبون و كه‌وتنه سوڕى مانگانه‌وه مێینه بوونى ناسه‌لمێنێت، بۆیه پێویسته ئافرەتان دژی كۆى ئەو جیاکاریی و بیركردنه‌وانه بن کە پەراوێزیان دەخات و لە کۆمەڵگە و ئەرک و مافەکانیان دایان دەبڕێت.
بۆنمونە، كاتێك له‌نانه‌واخانه‌یه‌كدا وه‌ستاویت و ده‌ته‌وێت چوار نانى گه‌رم ببیته‌وه بۆ ماڵه‌وه، چاوەڕێ دەکەیت له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئافره‌تیت زوتر تۆ بەڕێ بکەن، بەم بیركردنه‌وه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ت، هێنده‌ى خۆت بچوك و لاواز و پاشكۆ پیشان ده‌ده‌یت، به‌چاره‌كى ئه‌وه نه‌وتوانیوه نه مێینه‌بون و خانمانه‌ى خۆت بسه‌لمێنیت، نه كه‌سایه‌تى و شكۆى خۆشت وه‌ك مرۆڤێك به‌به‌رزیی بهێڵیته‌وه.
کاتێک ڕوبەروی دۆخێكى نه‌خوازراو دەبینەوە، یەکەم چه‌ك کە دەستی بۆ دەبەین بۆ خۆپاراستن، دەڵیین من (ئافرەت)م، ئیتر به‌شێكى پاشكۆیه‌تى و خۆ به‌كه‌مزانییه‌كان لێره‌وه ده‌ست پێده‌كات، پیاوان هەرگیز بەوە دەست پێناکەن کە خۆیان وەک نێرێك نمایش بكه‌ن، به‌ڵكو وه‌ك تاكێكى به‌هێزو خاوه‌ن روئیا ده‌یانه‌وێت خۆیان بسه‌لمێنن.
کە لە دەستپێکی هەر کارێک‌دا پێش پیشه‌و مرۆڤ بون، چه‌كى ئافره‌ت بونت به‌كارهێنا، ئه‌وا خۆت هۆكارى كێشانى ئه‌و سنوره‌یت به‌چوار ده‌ورى خۆتدا، كه ریزبه‌ندى یه‌ك دونیا كۆسپ و ئاسته‌نگ و به‌ربه‌ستى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابورى و خێزانى و سیاسى و كلتورى و ئاینیی و ره‌گه‌زیی له‌خۆ ده‌گرێت. ناكرێت ئاسوده و دڵخۆشبین كاتێك پێمان ده‌وترێت ( بۆیه وا بیرده‌كه‌یته‌وه چونكه ئافره‌تیت)، چونكه ئیتر ئه‌مه شه‌رعیه‌تدانه به‌لاوازى و نارێكى له‌بیركردنه‌وه‌و بڕیار و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانماندا.
لەوەتەی مرۆڤایەتی بونی هەیە ژن و پیاو بونیان هەیە، کەسیان به‌ته‌نها ئەوی تریان بەرهەم نەهێناوە، بۆیە گرنگە ئافرەتان خۆیان وەک بوونێکی لاوەکی نەبینن و بەردەوام هەوڵی ئەوە نەدەن خۆیان بەشكست خواردوو ببینن و خۆیان بدەنە پاڵ توخمە زاڵەکە تا بپارێزرێن.