چرۆ عەلی
دایکایەتی ئەو هەستەیە کە زۆرێک لە خانمان ئارەزو دەکەن بیچێژن، بەڵام هەر لەگەڵ دەستپێکی دایکایەتیدا روبەڕوی کۆمەڵێک ئەرک دەبنەوە، کە گەورەترینیان پەروەردەی مناڵە، زۆرێک لە دایکان بەرچاو رونیەکی ئەوتۆیان نیە بۆ ئەم ئەرکە، لێرەدا چەن خاڵێکی سادە و گرنگ دەخەمەڕو کە دەکرێت یارمەتیدەری دایکان بێت لەو روەوە.
دایکی ئازیز پێش ئەوەی لە مناڵەکەت توڕە ببیت و سەرزەنشتی بکەیت کە هەڵەیەک ئەکات دڵنیابە لەوەی ئەو هەڵەیە لە (نەزانین )ـەوەیە، مرۆڤ کە زانا بێت زۆر دانایانە رەفتار دەکات، بۆ کەسێکی گەورە هەمان ئەو هەڵانە ئەنجام نادات کە مناڵێک ئەنجامی دەدات؟! هۆکارەکە ئەوەیە نازانێت چونکە مناڵە بهێڵە با مناڵی خۆی بچێژێت وە هەڵە بکات و ژیان تاقیبکاتەوە، تۆ مامۆستاو چاودێری بە هەڵەکانی بۆ چاک بکەرەوە و لەگەڵیبە هەنگاو بە هەنگاو .
- سەرزەنشت
هەرگیز سەرزەنشتی مناڵەکەت مەکە، سەرنج بدە ئەو رۆژانەی کە سەرزەنشتی منداڵەکەت دەکەیت و دەیشکێنیتەوە، سەیرکە دەبینیت هیچ گوێڕایەڵت نابێت و بەقسەت ناکات و ئەمەش وا ئەکات تۆ پەست و بێ ئومێد ببیت.
- هاندان
لەبری سەرزەنشت هانی بدە. سەرنج بدە ئەو رۆژانەی کە زیاتر قسەی شیرین دەکەیت و هانی دەدەیت بە وشەی جوان و بەهێزکەر چەن گوێڕایەڵت دەبێت بێ ئەوەی خۆت ماندو بکەیت.
- کات
مەرج نیە تۆی دایک ٢٤ کاتژمێر بە مناڵەکەتەوە لکابتی بە بیانوی ئەوەی خۆشت دەوێت، بەو شێوەیە هەردوکتان لەیەکتر بێزار دەبن، دەتوانن کەمێک دور لەیەکتر کات بەسەر ببەن.
- بەیەکەوە بون
گرنگە ئەو کاتەی بەیەکەوەن تەواوی بونتان بەیەکەوە بێت و قسەی خۆش بکەن و پێبکەنن و یاری بکەن و کەشێکی هاوڕێیانە دروست بکەن، دور لە هەر دابڕانێکی سۆزداری.
- ئەزمون
ئەو کاتەی مناڵەکەت هەڵەیەک دەکات ٢ خولەک خۆت راگرە و کۆنتڕۆڵی توڕەییەکەت بکە و لێی توڕە مەبە دەبینیت ئەوەی کردویەتی هەوڵ ئەدات چاکی بکاتەوە .
- ترسادن یاخود تۆقاندن
مناڵەکەت مەترسێنە. هیچ کات بیرت لەوە کردوەتەوە گەر تۆ مناڵەکەت بترسێنیت بە هەندێک رەفتاری نەشیاو ئەوە مناڵەکەت لە گەورەییا ترس سەراپای داگیر دەکات؟ ئەکرێت لەو مەوقیفە رزگارت ببێت بەڵام لە ناخی مناڵەکەتا نەمامێکت چاندوە کە بەم زوانە پێدەگات و بەر ئەگرێت.
- لاسایی کردنەوە
دەزانیت ئەو کاتەی سزای مناڵەکەت دەدەیت بە توندی، بۆ نمونە لێدان لەو کاتەیا زۆر رقی لێتە!، لەگەڵ ئەوەشدا لەکاتی گەورەییدا مرۆڤێکی دڕندە دەردەچێت، چونکە مناڵ هەرچیەک ببینێت لاسایی دەکاتەوە بێ ویستی خۆی.
- پاداشت
مناڵەکەت هەر کارێکی چاک دەکات بچوک تا گەورە، دەبێت دەستخۆشی لێبکەیت سوپاسی بکەیت چەپڵەی بۆ لێبدەیت کارەکەی بەرز بنرخێنیت، ئەو هەوڵی داوە منداڵێکی ژیر بێت ئەبێت ئەوەت لەپێش چاو بێت تاوەکو زیاتر و زیاتر هەوڵی کاری چاکە بدات.
- سزا
کاتێک مناڵەکەت هەڵەیەک دەکات ئەبێت سزای بدەیت، وەکو وەرگرتنەوەی بوکەڵە ئازیزەکەی، نەبردنی بۆ یاری کردن، قسەلەگەڵ نەکردنی بۆ ماوەیەکی کاتی، مناڵ زۆر قورسە بۆی کە دایکی قسەی لەگەڵ نەکات، مەبەست لێرە ئەوەیە مناڵێک پەروەردە نەکەیت بە لێدان و جنێو خۆشەکرابێت ئەو کات هیچ شتێک کاری تێناکات .
- ڕاوێژ
گرنگە راوێژ بە مناڵەکەت بکەیت بۆ نمونە بڵێ کام جلە لەبەرکەم جوانترە بەڕای تۆ؟، دواتر بە قسەی بکە، متمانە بە خۆبونی زیاد ئەکات، هەندێک کات بهێڵە خۆی بڕیاری هەڵبژاردنی جلەکەی یاخود شێوازی داهێنانی پرچی بدات با توانای بڕیاردانی هەبێت لە داهاتودا .
- هاوکاری
مناڵەکەت فێر بکە هاوکاریت بکات لە کاری ناوماڵ لە سادەترین شتەکانەوە دەست پێ بکە، زۆر خۆشحاڵ دەبێت بەوە .
- گفتوگۆ
مناڵەکەت بەوە رابهێنە کە دەربارەی زۆرشت گفتووگۆ بکەن و بە تەنها و لە کەشێکی هێمندا، هەروەها دەربارەی ئەو شتانەی کە تۆ رازیت یاخود ناڕازیت بۆی رون بکەرەوە کە بۆ ناڕازیت با قەناعەت بکات نەک کوێرانە ملکەچ بێت .
- دو وشە گرنگەکە
لە سەرەتای قسەکردنی مناڵەکەتەوە ئەبێت فێری وشەی ( سوپاس و ببورە )ـی بکەیت.
- یاسای ژماردن
ئەمە گرنگترین خاڵی نێو ئەم بابەتەیە:
• بە مناڵەکەت دەڵێیت تاوەکو ٣ دەژمێرم ئەو کارە تەواو بکە، دەست بکە بە ژماردن دەبینیت چۆن هەوڵی خۆی دەدات.
• بە مناڵەکەت ئەڵێی وەرە بخەوە گوێڕایەڵت نابێت ئەڵێی تاوەکو ٣ ئەژمێرم ئەبێت لەنێو جێگاکەت بیت، ببینە چۆن گوێڕایەڵت دەبێت.
• زۆر لاساری دەکات تاوەکو ٣ بژمێرە و بڵێ توڕە دەبم راستەوخۆ واز دەهێنێت.