د. دیلمان ئازاد حهسهن
پسپۆڕی پزیشکی دادوەری
کاتژمێرەکانی شەو گەشتبونە کۆتایی پۆلیس گەشتە پزیشکی دادوەری و تەرمی ئافرەتێکیان هێنایە ژورەوە، شایەتحاڵەکان قسەیان لێوەرگیرا بو وتبویان هاوسەرەکەی بە چەقۆ کوشتویەتی. ئەوەی ئێمەی راچڵەکاند ئەوە بو بە پێش چاوی مناڵهکانیەوە کوشتبوی، لە دڵی خۆمەوە وتم: "دەبێت چ تاوانێک و رقێک ئەم کارەی لێبەرهەم هاتبێت".
لە پزیشکی دادوەری مانگانە چەندین کوشتنی ناهەقی ئافرەتان بە چاوی خۆمان دەبینین لەسەر دەستی کەسوکاریان رودەدات بە بێ ئەوەی کاردانەوەیەکی ئەوتۆ هەبێت لەسەر کوشتنیان .
ئەو ئافرەتە زۆر بێناز کەسێک نەهات بەدوایدا ماڵئاوی لێبکات، لە پزیشکی دادوەری پشکنینی خۆمانمان کرد و راپۆرتمان نوسی.
”جگە لە کارەساتی کوشتنەکە دوای مردنیشی ئابڕوی دەبەن“
لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوه: تاکەی کۆمەڵگا وا بمینێ و کوشتنی ئافرەت وائاسان بێت؟! ئەوە جگە لە کارەساتی کوشتنەکە دوای مردنیشی ئابڕوی دەبەن و باسی دەکەن و ناهێڵن روحی بحەسێتەوە! بکوژیش بە سنگ دەرپەڕینەوە دەڵێت: لەسەر شەرەف کوشتم! دە من پێتان دەڵێم کوشتن یان توندوتیژی دژی ئافرەت ئازایەتی نییە، بەڵکو لوتکەی نامرۆڤایەتییە .
تۆی باوک ئەو کارە قێزەونە لە پێش چاوی مناڵەکانتان بکەیت، ئەگەر هەر هۆکارێک هەبێت و هەر بیانویەکت هەبێت، فەرمو رێگای دادگا بگرە و بڕۆ لێی جیا ببەرەوە، تۆ بۆت نەهاتوە کۆتایی بە ژیانی کەسێک بینی و مناڵ لە نازی دایکی بێبەش بکەیت. ئەی باشە کە کوشتت کێشەکەت چارەسەر کرد؟! بە دڵنیاییەوە نەخێر، بەڵکو قوڵترت کرد.
* ئهم وتاره له پهیجی نوسهر له فهیسبوك وهرگیراوه و (نهوژین) وهكخۆی بڵاویكردوهتهوه و تهنها له روى رێنوسهوه دهستكاریی كردوه.