سارا مهجید
مامۆستا قوتابی فێر دەکات. پزیشک نەخۆش چارە دەکات. نژیار دیوار دروست دەکات. دارتاش کورسی دروست دەکات. نانەوا نان دەبرژێنێت. جوتیار زەوی دەکێڵێت. ئاسنگەر پەنجەرە دروست دەکات. گۆشتفرۆش گۆشت دەفرۆشێت.
ئەو رستانەی سەرەوە، یەکێکن لە وانەکانی کتێبی کوردی پۆلی دوی بنەڕەتی لاپەڕە ۱٦، بە ناوی (ئەم مرۆڤانە کار دەکەن).
ئەوەی جێگەی تێبینییە لەم رستانەدا، بکەری ژن بەشداری پێنەکراوە. واتە پیشەکانی وەکو گۆشتفرۆش، ئاسنگەر، دارتاش، نژیار، جوتیار، پیاو بکەری ئەوانەیە لە کۆمەڵگادا. جگەلەوەی بۆ کۆی پیشەکان، تەنانەت (مامۆستا، پزیشک)یش، هەر وێنەی پیاو دانراوە لەتەکیاندا!
کاتێک من ئەم بابەتە بە خوێندکارە تەمەن ۷ ساڵەکانم دەڵێمەوە، لە زیهنی ئەواندا، ژن دادەماڵم لە هەمو ئەرکێک. پێی دەڵێم ئەو بکەر نییە لە ژیاندا و زیادەیە.
کتێبەکە بۆ وێنەی نانەوا پیاوی داناوە، لە کاتێکدا ئەوە خێزانەکانن بە درێـژایی مێژو، دو ژن و سێ ژن نانی تێدا کردون و دەکات.
مادام ناونیشانی بابەتەکەش ئەمەیە: (ئەم مرۆڤانە کار دەکەن). کەواتە راستەوخۆ بە خوێندکارێکی دوی بنەڕەتی دەڵێیت ژن هیچ کارێک ناکات. ئەوە تەنیا پیاوە کە مرۆڤە.
مناڵێکی بچکۆلە بێویستی خۆی، لە رێگەی پرۆگرامەوە، ئەم ئایدیایە دەخزێنرێتە مێشکی، کە ژن خاوەنی هیچ وەزیفەیەک نییە و زیادەیە. هەر بۆیە مناڵ ناتوانێت بیر لەوە بکاتەوە، دایکی تا بەیانی ناخەوێت و لایلایەی بۆ دەکات، تێبگات ئەوە قورسترین وەزیفەیە!
مناڵەکە نازانێت، چونکە لە کتیبەکەدا نەنوسراوە دەکرا لە کتێبەکەدا بنوسن: دایک بێشکە رادەژەنێت. دایک مناڵ دەخەوێنێت. خوشک فڵان و فیسار کار دەکات. یان پیشەیەکیان بهێنایەتەوە وەک نمونە، دەلالەت لە ئەرکی ژن بکا.
ئەمە جگە لەوەی، زۆرینەی رستەی وانەکانی تری کتێبەکە، هەر ئازادە دەچێت بۆ بازاڕ و هەر نەوزادە لە قوتابخانە دەگەڕێتەوە، هەر شێرکۆیە پیاوێکی نابینا لە شەقام دەپەڕێنێتەوە!
لێرەدا ئیتر مناڵەکە ناتوانێت درک بەوە بکات، جل ششتن و رۆژی سێ ژەم تێکدانی قاپ و پیسکردنی و دوبارە شۆردنی و جارێکیتر خستنەوە شوێن خۆی، ئەرکێکە بەسەر شانی خوشک و دایکییەوە.
مناڵەکە فێرنابێت، هەمو رۆژێک تێکدانی نوێنەکان و دوبارە قەدکرنەوەی، سێ ژەمە خواردن دروستکردن و ماڵ خاوێن کردنەوە و کۆکردنەوەی، خۆپیسکردنی مناڵ و شۆردنی فەرش و درونەوەی پەردەی دڕاو و لێخستنی دوگمەی کەوتوی قەمیسەکانی ماڵ و پینەوپەڕۆکردن و ئەو هەزار ئیشە وردەیەی ماڵ کە نابنە نوسین و مەگەر ژن بیت ئینجا درکی دەکەیت، ئەمانە قورسترین ئیشن، چونکە وردتریین ئیشن و و لقیان زۆر لێدەبێتەوە.
لەکاتێکدا پیاو مێشکی لای یەک ئیشە. یان شۆفێرە، یان دوکاندار(ئەمە بچوککردنەوەی ئیشی پیاو و بێ نرخکردنی ئەو قورسایییەی خێزان نییە کە لەسەر شانییەتی)، بەڵام قسەکردنە لەسەر ئەو هەمو لێپرسراوێتیی و وردە ئیشەی کە ژن دەبێت لەیەک کاتدا بیری لای هەمویان بێت و ئەمە زیرەکی و سەبری دەوێت.
ئەو ئایدییانە لەڕێگەی پرۆگرامەوە دەخزێنرێتە مێشکی مناڵەوە، بۆیە کاتێک 25 ساڵی تر مناڵەکە دەبێە پیاوی ژنێک، ژنەکەی دوای ئەوەی لە شەشی بەیانییەوە بەردەوام بە پێوە بوە و ئیشی کردوە تا ۱۲ی شەو، دڵی لەوە دەشکێ و دەڵێت: مێردەکەم دەڵێت جا ئێوە ئیشتان چییە.
ناوبڕ: کاتێک فێمێنزمێک، یان ژنێکی نێو رێکخراو، ئەم رستەیە لە پیاو دەبیستێت، پێی دەڵێت: بێ وەفا، یان جنێوبارانی دەکات. تێناگات کێشەکەیە پەروەردە و بنەڕەتەکەیە.
مەبەست: زۆرینەی زۆری ئەوانەی لە بواری کەیسی ژناندا کار دەکەن (بە ئیسلامی و عەلمانیییەوە)، جگە لە ژاوەژاوکردن، نەیانتوانیوە دۆزی ژن بگۆڕن بەرەو باشتر، چونکە مەعریفەیان نییە. کاتێک ژنێک دەکوژرێت، لەبری ئەوەی جوێن بە پیاو بدەن، بێن ئیش لەسەر بنەڕەتەکە بکەن کە (پەروەردە)یە و کۆی سیستەمەکەی تێکداوە.
”ژنکوشتن بە دو دروشم و چەنەبازی سەر شەقام و جوێندان بە پیاو چارە نابێت“
هەندێکجار کارێک بۆ ژنێک دەکەم، بایی 10 کاتژمێر هیلاک دەبم پێیەوە. لە کۆتاییدا لە بری ئەوەی دوعا بۆ خۆم بکات، پێم دەڵێت: "یاخوا برات نەمرێت". ئەمە ئایدیایە لە مێشکی ژنەکەشدا چەسپێنراوە کە پیاو پیرۆزترە و لەبری هیلاکیییەکانی تۆش، هەر دەبێت ئەو پاداشت بکرێت.
بۆیە ژنکوشتن بە دو دروشم و چەنەبازی سەر شەقام و جوێندان بە پیاو چارە نابێت، بە خوێندنەوە سەقەتەکانی فەیسبوک چارەسەر نابێت لەکاتی کوژرانی ژنێکدا، بەڵکو بە کوشتنی ئەم ئایدییایانە چارە دەبێت لە بیر و زماندا، کە پێشتر باسم کرد.
لە دەوام دێمەوە، مەرحەبای چەند ژنی کۆڵان دەکەم، خۆم کچم پێم دەڵێت: "بەخێر بێیتەوە باوکەکەم. تۆ چۆنی براکەم، خوا بێوەیتکات کوڕەکەم"، ئەمە ئایدییایە لە نێو زماندا!
ئەو سێ نمونەی سەرەوە کە هێنامەوە. بکەرەکانی رستەی کتێبەکە و دوئایدیاکە لە نێو زماندا، پێمان دەڵێن: ژن کوشتن و کێشەی ژن و بە بچوک سەیرکردنی، هێندەی پەیوەندی بە (زمان، فەرهەنگ، کەلتور، پەروەردە و سیستەم)ەوە هەیە، هێندە پەیوەندی بە خراپی پیاوەوە نییە. هێندەی دەبێت بە توێژینەوەی دەرونناسی و کۆمەڵناسی ئیشی لەسەر بکرێت، هێندە پێویستی بە چەقەچەقی سەرشەقام و بەردەم مایکرۆفۆن نییە.
کێشەی ژنانی نێو ڕێکخراو و ژنانی فێمێنیست ئەمەیە: هەمیشە چاوەڕێی ئەوەن ژنێک بکوژرێت، بڕژێنە سەرشەقام و هەرا بنێنەوە، نەفامییە چاوەڕێی روداو بکەیت بقەومێ، لەکاتێکدا دەبێت پێش روداو بکەویت. لەکاتێکدا کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە، تۆ ژن لە نێو فەرهەنگ و زاراوەتدا کوژراوە، تۆ ژن لە نێو زمانی نەتەوەکەتدا بچوک کراوەتەوە. کاتێک ئایدییایەک بنەبڕ دەبێت، هەزار ساڵی تری دەوێت ئەو ئایدییایە لە زمان و فەرهەنگی نەتەوەیەکدا بسڕیتەوە. تۆ دەبێت بێیت ئیش لەسەر فەرهەنگ و زمانی نەتەوەکەت بکەیت. لەبری لافیتە بەرزکردنەوە، دەبێت لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەدا دابنیشیت و بۆی رونبکەیتەوە، ئەم جۆرە لە پرۆگرام، سەد ساڵی تر کلتوری ژنکوژی لە کوردستاندا درێژ دەکاتەوە.
”پیاو خۆشی قوربانی سیستەمەکەی“
یەکێک لە ژنە دیارەکانی نێو رێکخراوێکی ژنان، لە سەدەمی دایناسۆرەکەدا، دەستی کرد بە هەرا لە فەیسبوک: "تێلم بۆ مەلا مەزهەر کردوە، سوکایەتی پێکردوم. بەیانی دەچم بۆ دادگا شکاتی لیدەکەم، کێ دێت لەگەڵم؟ چ کەناڵێکی ڕاگەیاندن دەیەوێت، ئامادەم لێدوانی بۆ بدەم". هەر ئەمەیە ئینسان حەزبکات بە زۆر خۆی بکات بە مەوزوع! وادەزانن ئیتر بەم ژاوەژاوانە کێشەی ژنتان تەواو کردوە!
دواتر ئەم فەرهەنگ و زمان و سیستەمە، هێندەی تێروانینی پیاو تژی کردووە لە بچوک سەیرکردنی ژن، دو هێندە ژنی گێل و بێ مەعریفە کردوە.
کەواتە دەگەینە ئەو ئەنجامەی پێویستە بۆ گەڕانەوەی شکۆ بۆ ژن و نەهێشتنی توندوتیژی، واز لە لۆمەکردنی پیاو بهێنرێت، کە پیاو خۆشی قوربانی سیستەمەکەیە. ئەوەی ژنێکی فێمینست و نێو رێکخراوەکانی ژنان گەرەکە بیکەن، ئەم سێ خاڵەیە:
یەکەم: ئیشکردن لەسەر (فەرهەنگ، زمان، پەروەردە، کەلتور و سیستەم).
دوەم: ئیشکردن لەسەر ژن و هۆشیارکردنەوەی و ئاشناکردنەوە بە ئەرک و مافی خۆی و پێدانی مەعریفەی دور لە توندوتیژی و دور لە دژایەتی پیاو پێی.
سێیەم: خۆپەروەردەکردن. هەمو ئەو ژنانەی لە دوای ساڵی (1991)ەوە ئیش بۆ ژن دەکەن، گەر هەریەکەیان ئیشی لەسەر خۆپەروەردەکردن بکردایە، گەر کچەکەی و کوڕەکەی خۆی بەشێوەیەکی هاوسەنگ پەروەردەبکردایە کە کەسیان مافی ئەوی تریان نەخوا، ئێستا سەبارەت بە ژن، فەرهەنگ و کلتور و زمانمان شتێکی مرۆڤانە تر بو.