* نەوژین
لە قەزای پێنجوێن پیاوێکی بەتەمەن ژنەکەی کوشت و لەدوای کوشتنیشی تەرمەکەی کردوە بە چەندین پارچەوە، پۆلیسیش دەڵێت: پیاوەکە بۆ ئێران هەڵهاتوە، بەڵام هەوڵی دەستگیرکردنی دەدەین.
ئەمڕۆ چوارشەممە (١٥ـی کانونی دوەم)، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پۆلیسی پێنجوێن راستی روداوەکەی بۆ نەوژین پشت راستکردەوە و رایگەیاند: سەرەتا کەسوکاری ژنەکە کە لە گەڕەکی کوردستان لە سلێمانی نیشتەجێن، رۆشتونەکە بنکەی پۆلیسی گەڕەکەکەیان و وتویانە کە ئەو ژنە دیار نییە و ون بوە. دواتر پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە و پشکنیین کرد، بەڵام نەگەیشتین بە هیچ سەرەداوێک.
زیاتر وتی: تاوەکو هاوسەری ژنەکە کە لەوکاتەدا لە وڵاتی ئێران بو، لەلای کوڕەکانی دانی بەوەدا نا کە پێش گەشتکردنی بۆ وڵاتی ئێران بەر لەماوەیەک کە نازانین چەند رۆژ بوە، هاوسەرەکەی کوشتوە، پاشان پارچە پارچەی کردوە و لە جێگەیەکی ماڵەکەیان شاردویەتیەوە.
سەرچاوەکەی پۆلیس ئەوەیشی ئاشکراکرد: بەشێوەیەک تەرمەکەی شاردبوەوە کە هیچ کەس بیری بۆ ئەوە نەدەچو کە لەجێگەیەکی وادا تەرم هەبێت، ئەوەندە بە وردی پارچەی کردبو، هەمو تەرمەکە لە کیسەیەکی رەش جێگەی دەبوەوە. لەبارەی هۆکاری هەستانی ئەو پیاوە بەو کارە، پۆلیس وتی: نازانیین، هیچ شتێکی ئاشکرا نەکردوە.
هاوسەری ژنەکە هێشتا دەستگیرنەکراوە، لەبارەی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی، سەرچاوەکەی پۆلیس وتی: لەڕێگەی کونسوڵخانەی ئێرانەوە هەوڵ بۆ دەستگیرکردنی دەدەین.
کوشتنی ئەم ژنە کە دەوترێت تەمەنی لەنێوان (٥٠-٥٥) ساڵ بوە، یەکەم روداوی کوشتنی ژنانە بۆ ئەمساڵ لە قەزای پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی.