* نەوژین
رێکخراوی نوێ بوە براوەی یەکەمی خەڵاتێکی نێودەوڵەتی لەسەر پرسی بەرەنگاربونەوەی خەتەنەکردنی مێینە، بەڕێوەبەری رێخراوەکەش دەڵێت: خەڵاتەکە دەبێتە هاندانێک بۆ بەردەوامیمان.
رێکخراوی نوێ کە کارەکانی لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە ئەنجامدەدات، بوە براوەی یەکەمی خەڵاتی جیهانی (مافی ژنان و بەرەنگاربونەوەی خەتەنەکردنی مێینە) بۆ ساڵی ٢٠٢٤، کە لەلایەن سەنتەری ژنانی عەرەب بۆ راهێنان و لێکۆڵینەوە (CAWTAR) و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی پلان بۆ داڕێژراوی دایک و باوکایەتی (IPPF) رێکخرابو.
خەڵاتەکە خەڵاتێکی ساڵانەی نێودەوڵاتییە، هەر ساڵێک و پرسێک دیاری دەکرێت ئەو لایەن و رێکخراوانەی لەسەر پرسەکە کاریان کردوە دەتوانن ناوی خۆیان تۆماربکەن و دو باشترینیان دەبنە براوەی خەڵات.
لەبارەی بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە، هێرۆ ئەحمەد، بەڕێوەبەری رێکخرای نوێ بە نەوژینی وت: شانازی بە بەدەستهێنانی خەڵاتەکەوە دەکەین و بەدەستهێنانی دەبێتە هاندانێک بۆ کارکردنی زیاترمان لە بواری مافەکانی ژنان و ئەم پرسە بەتایبەتی.
رێکخراوی نوێ سالی ٢٠١٢ دامەزراوە، زیاتر لەسەر پرسەکانی ژینگە، مافی مرۆڤ و ژنان کاردەکات. هەروەها ماوەی ١٠ ساڵە بەتایبەت و بەچڕی لەسەر پرسی بەرەنگاربونەوەی خەتەنەکردنی مێینە کاردەکات، چەندین سیمینار، هۆشیاری و رێنمایی لەسەر پرسەکە بڵاوکردوەتەوە.