* نەوژین، سێوە زۆراب
ئەسما، وەک حەزێکی مناڵی دەستی بە وەرزشی لەشجوانی کردوە، هەرچەندە بەهۆیەوە توشی زۆر رێگری بوەتەوە، بەڵام بەردەوامە لە بەدیهێنانی خەونەکەی.
ئەسما یوسف، ۳۱ ساڵ، دانیشتوی قەزای کەلار، ماوەی حەوت ساڵە هۆڵێکی تایبەت بە راهێنانی لەشجوانی تایبەت بە ژنان لە کەلار کردوەتەوە و خۆیشی کاری راهێنەری تێدا دەکات.
ئەسما بۆ نەوژینی گێڕایەوە: وەرزشکردن حەزی مناڵیم بو، هەر ئەو کات دەستم پێکرد و ئێستاش هەرچەندە هاوسەرگیریم کردوە و خاوەنی دو مناڵم، بەڵام هەر بەردەوامم وەکو یاریزان و راهێنەری لەشجوانی.
ئهسما جگه له راهێنهریی، پۆلیسه له وهزارهتى ناوخۆ فۆتۆ: نهوژین
جگە لە راهێنەری لەشجوانی ئەسما ١١ ساڵە پۆلیسی ناوخۆیە، هەروەک تاکو ئێستا بەشداری ١٠ پاڵەوانیەتی لەشجوانی کردوە و براوەی دو پاڵەوانیەتیان بوە، یەکێکیان لەسەر ئاستی کوردستان و دانەیەکیش لەسەر ئاستی عێراق، بەڵام سەرباری ئەمانە ئاماژە بەوەدەکات هیچ لایەنێکی حکومی پشتگیریان نەکردوە.
ئەو وتی: تاکو ئێستا جگە لە خێزانەکەم و هاوسەرەکەم هیچ لایەنێکی حکومی پەیوەندیدار بە وەرزشەوە پشتگیری ماددی و مەعنەویان نەکردوم تاکو سەرکەوتنی زیاتر بەدەستبهێنم.
ئەنجامدانی وەرزشی لەشجوانی بەگشتی واباوە کاری پیاوان بێت، کە ئەسما دەستی بەم کارە کردوە توشی گرفت و رێگریەکی زۆر بوەتەوە، بەڵام رێگریەکان نەیانتوانیەوە بیوەستێنن.
لهئێستادا ئهسما ئامادهكاریی دهكات بۆ بهشدارییكردن له پاڵهوانێتیهك لهسهر ئاستى عێراق فۆتۆ: نهوژین
"ئاسان نەبو کاتێک دەستم بەمجۆرە لە وەرزش کرد، توشی زۆر گرفت و کێشە و رێگری بومەوە، بەڵام من گوێم پێنەدان، چونکە گرنگترین شت لای من گەیشتنم بو بەو خەونەی کە لەمناڵیەوە هەوڵم بۆ داوە". ئەسما وای وت.
وتیشی: ژنان هەر کارێک بیانەوێت دەتوانن ئەنجامی بدەن، بەمەرجێک بڕوایان بە توانا و لێهاتویی خۆیان هەبێت.
ئەسما چاوى له دهستكهوتى زیاتره و لهئێستا دا خەریکی خۆئامادەکردنە بۆ پاڵەوانیەتیەکی نوێ کە لەسەر ئاستی عێراق بەڕێوەدەچێت و بڕوای وایە دهتوانێت یەکەم دەبێت.