چیرۆکی ژوان و پێنج ساڵ لە دروستکردنی ‘مەعمول’

2025/04/12    344 جار بینراوە


* نەوژین، سومەیە ساڵح

یەکەم راپۆرتی ئەزمونی ماڵپەڕی نەوژین بەر لە پێنج ساڵ لەگەڵ ‘ژوان’ بو، ئەوکات لەنێو ماڵەکەی خۆی خەریکی دروستکردنی شیرینیەکی جیاواز بو بەناوی ‘مەعمول’، لەدوای پێنج ساڵ دوبارە نەوژین گەڕاوەتەوە لای ژوان، ئەو ئێستا دوکانێکی بۆ فرۆشتنی شیرینیەکانی کردوەتەوە و دەڵێت: مەعمولەکەم ئێستا سنوری کەلار و کوردستانیشی تێپەڕاندوە و کڕیاران لە دەرەوەی وڵات داوای دەکەن.

ژوان جەلال، ٣٦ ساڵ، لەدایکبو و دانیشتوی قەزای کەلارە، خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لەبواری زانستی کۆمپیوتەر، ماوەی پێنج ساڵە لەپاڵ پیشەی سەرەکی کە فەرمانبەرە لە سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان، دەستیداوەتە دروستکردنی شیرینیەکی جیاواز کە ‘مەعمول’ـە.

مەعمول، جۆرێک لە شیرینی عەرەبیە، مێژوەکەی بۆ سەردەمێکی زۆر کۆن دەگەڕێتەوە، لە وڵاتە عەرەبییەکان بەتایبەتی ئوردن، لوبنان، سوریا و سعودیە تاوەکو ئێستا بەردەوامە بە گۆڕانکاری نوێ و شێوەی جیاوازەوە دروست دەکرێت، لە بۆنە و ئاهەنگ و جەژنەکان گرنگیەکی تایبەتی هەیە.

ژوان، سەرەتا لە ماڵەوە و ماوەی نزیکەی ساڵێکە لە دوکانێک دا، مەعمولەکانی دروستدەکات، جگە لە مەعمول لەنێو دوکانەکەی چەندین جۆری دیکە لە شیرینی هەن کە درسوتکراوی دەستی خۆین، بەڵام وەکخۆی بۆ نەوژین گێڕایەوە: مەعمول بوە بە لۆگۆی کارەکانم، گەرنا لەپاڵ ئەوەدا من چەندین جۆر لە شیرینی دیکە دروست دەکەم، کە زۆرینەیان لێرە نیین و لە وڵاتانی دیکەی عەرەبی بیرۆکەکانیان وەردەگرم و خۆم دەستکاریان دەکەم.

لەنێو دوکانەکەی دا چەند جۆرێکی مەعمول بە چەند تامێکی جیاواز بونیان هەیە، تامەکانی؛ فستق، گوێز، فستق و خورما، حەڵقوم، میوە و خورما، بەشێک لە تامە بەردەستەکانی نێو دوکانەکەی ژوانن.

دوکانەکە بەناوی ‘مەعمولی ژوکە’ـوەیە، وەک ژوان دەڵێت: هەڵبژاردنی تامەکان لەسەر داوای کڕیارانە؛ مەعمول بە فستق لەگەڵ فستق بە خورما زۆرترین خواستیان لەسەرە.

نمونەیەک لە مەعمولی ژوکە

ئەوەی پێشنیاری بۆ ژوان کرد دروستکردنی مەعمول بکات بە پیشە، خێزانەکەی بون “دەستپێکردنم لەو کاتەوە بو بۆ یەکەمجار مەعمول ـم بە دیاری بۆ هات و تاقیم کردەوە زۆر تایبەت و بەتام بو، شیرینیەکی جیاوازیش بو لە کەلار نەبو، بۆیەش ویستم تاقی بکەمەوە و منیش دروستی بکەم، له دوای ئەوەی بۆ خێزانەکەم دروستم کرد و بە دڵیان بو پێشنیاریان کرد کە بیکەم بە پیشەیەکی تایبەت بە خۆم”. ژوان وای وت.

زیاتر وتی: منیش بیرمکردەوە زۆرینەی شیرینیەکانی تر لە کافێ و شوێنە گشتییەکان هەن، بۆیە بڕیارم دا ئەم جۆرە شرینیە تایبەت و جیاوازە دروست بکەم خەڵکی شارەکەمی پێ ئاشنا بکەم.

بیرۆکەی کردنەوەی دوکانێک لەلایەن کچێکەوە لە قەزای کەلار کە سەر بە ئیدارەی گەرمیانە، تاڕادەیەک رێچکەشکێنیە و هێشتا نەبوە بە باو، بەڵام ژوان وەکخۆی دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی یەکەم خانم بوم دەستم بەم کارە کرد، بەڵام روبەڕوی ئاستەنگ و رێگری کردن نەبومەوە، بەپێچەوانەوە پێشوازیەکەی زۆر جوان لە دوکانەکەم دەکرێت، بەتایبەت خانمان زۆر دڵخۆشن و زۆرکات پێمدەڵێنەوە “زۆر ئاسودەین لێرە”.

‘مەعمولی ژوکە’ سنوری کەلاری تێپەڕاندوە، بە وتەی خۆی: لە دەرەوەی کەلاریش داواکاری زۆری لەسەرە، تەنانەت لە دەرەوەی کوردستان و عێراقیش کڕیارم هەیە و بۆیانی دەنێرم.

پەیامی بۆ ژنانی دیکە هەیە: لێرەوە پێتان دەڵێم پشت بە بەهرە، کار و داهاتی خۆتان ببەستن، زۆر گرنگە ئێوە خاوەن ئابوری سەربەخۆی خۆتان بن.



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,445,415     ژمارەی میوان 9

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە