ئەو کۆمپانیایەی کە بۆ 'ژن تیڤی' بەرنامەی بەرهەمدەهێنا داخرا

2025/01/01    10371 جار بینراوە


* نەوژین

کۆمپانیای گزنگی بەرەبەیان کە کاری بەرهەمهێنانی بەرنامە بۆ کەناڵی 'ژن تیڤی' دەکات، لە هەرێمی کوردستان داخرا و لە کاردانەوەدا کۆمپانیاکە دەڵێت: بڕیارەکە پێشێلکردنی ئازادی رۆژنامەگەرییە و ئەقڵیەتی شکاندنی ئیرادەی ژنە.

کۆمپانیای گزنگی بەرەبەیان کە کاری بەرهەمهێنانی بەرنامە بۆ کەناڵی 'ژن تیڤی' دەکات، لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند: رۆژی ٣١ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤، لە چوارچێوەی بڕیارێک دا کە هەریەک لە حکومەتی ناوەندی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای ئاسایشی هەرێم لە سلێمانی تێیدا بەشدارن، بەبێ بونی هیچ نوسراوێکی فەرمی و ئاگادارکردنەوەیەک، بڕیاری راگرتنی کارەکانی کۆمپانیاکەیان داوە.

راشیگەیاند: ئەم هەوڵە لە کاتێکدایە کە تێکۆشانی ژنان لە چوار پارچەی کوردستان گەیشتوەتە قۆناغێکی بێ وێنە و لە جیهانیشدا باس لە پێشەنگایەتی ژنانی کورد دەکرێت. 

باس لەوەشدەکات: ئەم بڕیارە پێشێلکردنی ئازادی رۆژنامەگەرییە لە هەرێمی کوردستان و ئەقڵیەتی شکاندنی ئیرادەی ژن و ناسنامە و بونی ژنە.

کۆمپانیاکە کە ماوەی ٧ ساڵە لە هەرێمی کوردستان کاردەکات، بڕیارەکە رەد دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت کە رێکاری یاسایی دەگرنەبەر و بەردەوام دەبن، دەشڵێت: "بڕیارەکە پێچەوانەی هەمو قوربانیدانەکانی ژنانی هەرێمی کوردستانە لە کایەکانی ژیان دا".



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,054,524     ژمارەی میوان 865

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە