رێکخراوێک: بەشێک لە هۆکارەکانی جیابونەوە هاوسەرگیری پێشوەختەیە

2025/01/11    5521 جار بینراوە


* نەوژین

رێکخراوێک بە داتا مەترسیەکانی هاوسەرگیری پێشوەختە لە هەرێم روندەکاتەوە و ئاشکرایدەکات، بەشێک لە هۆکارەکانی جیابونەوە هاوسەرگیری پێشوەختەیە، دەشڵێن: ئامانجمان خستنەڕوی ئەو مەترسیانەن کە لە هاوسەرگیریی پێشوەختەدا رو دەدەن.

رێکخراوی لێکۆڵەر بۆ سەروەری یاسا (IOL) بە هاوبەشی لەگەل سندوقی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA)، لەبارەی هاوسەرگیریی پێشوەختە و هۆکار و لێکەوتە و دەرئەنجامەکانی، توێژینەوەیەکی ئەنجامداوە و تێیدا بە داتا مەترسیەکانی لە هەرێمی کوردستان دەخەنەڕو.

لەبارەیەوە گوڵاڵە مەزهەر، رێکخەری پڕۆژە لە رێکخراوی لێکۆڵەر، بە نەوژینی راگەیاند: ئامارەکانی نێو توێژینەوەکە لە دادگاکانی باری کەسی هەرێمی کوردستان وەرگیراون بۆ هەر سێ ساڵی (٢٠٢١، ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣)، هەروەک راپرسیەکمان بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجامداوە.

زیاتر وتی: ئامانجمان لە کارەکە خستنەڕوی ئەو هۆکار و مەترسیانەن کە لە هاوسەرگیریی پێشوەختەدا رو دەدەن.

ئاماری هاوسەرگیریی پێشوەختە بۆ ساڵی ٢٠٢١

بەپێی ئامارەکانی نێو توێژینەوەکە بۆ ساڵی ٢٠٢١، لە سنوری پارێزگای هەولێر (١٨٩٦٤) هاوسەرگیریی ئەنجامدراوە، لەم ژمارەیە ١٥%ـی هاوسەرگیرییەکان هاوسەرگیریی پێشوەختە بون. لە دهۆک (١٣٤٤١) هاوسەرگیریی تۆمارکراوە، بەهەمان شێوە ١٥%ـیان هاوسەرگیری پێشوەختە بون. لە سلێمانی لەکۆی (٢٠١٤٧) حاڵەتی هاوسەرگیریی، ل ٨%ـی هاوسەرگیریی پێشوەختە بون. لە گەرمیان (٢٢٨٥) هاوسەرگیریی تۆمارکراوە و لەو ژمارەیەش ١٠%ـی هاوسەرگیری پێشوەختە بون.

توێژینەوەکە ئەوەیشی رونکردوەتەوە، هاوسەرگیریی پێشوەختەی کچ زۆر زیاترە بەراورد بە کوڕ، بەشێوەیەک ١٢%ـی کچان پێش تەمەنی یاسایی هاوسەرگیریان ئەنجامداوە، بەڵام تەنها ٢%ـی کوڕان پێش تەمەنی یاسایی هاوسەرگیریان کردوە.

ئاماری هاوسەرگیریی پێشوەختە بۆ ساڵی ٢٠٢٢

لەساڵی ٢٠٢٢ لە هەولێر کۆی گشتی (١٩٠١٠) هاوسەرگیریی ئەنجامدراوە، لەو ژمارەیە ٢٧%ـی هاوسەرگیری پێشوەختە بوە، هەروەک (٥٦٤٥) کەیسی جیابونەوە تۆمارکراوە، کە ١٧%ـیان ئەو هاوسەرگیرییانە بون کە پێش تەمەنی یاسایی کچەکە یان کوڕەکە یان هەردوکیان ئەنجامیانداوە.

بەوپێیەش بە بەراوردکردنی ساڵانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ دەردەکەوێت رێژەی هاوسەرگیری پێشوەختە لە هەولێر بۆ ساڵی ٢٠٢٢، (١٢%) بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ زیادیکردوە.

پارێزگای دهۆک، لەو ساڵەدا (١٢٩٦٧) هاوسەرگیریی ئەنجامدراوە، لەو ژمارەیە (١١%) هاوسەرگیری پێشوەختە بوە، هەروەک (١٩٩٢) کەیسی جیابونەوەی هاوسەران تۆمارکراوە و لەو ژمارەیەش (٣%)ـیان ئەوانە بون کە هاوسەرگیری پێشوەختەیان ئەنجامدابو.

بەوپێیەش بە بەراوردکردنی ساڵانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ دەردەکەوێت رێژەی هاوسەرگیریی پێشوەختە لە دهۆک بۆ ساڵی ٢٠٢٢، زیاد لە ٣% بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ کەمیکردوە.

پارێزگای سلێمانی؛ لەو ساڵەدا (٢١١٦٤) هاوسەرگیریی ئەنجامدراوە، لەو ژمارەیە (٥%) هاوسەرگیری پێشوەختە بوە، هەروەک (٥٥٣٣) کەیسی جیابونەوەی هاوسەران تۆمارکراوە و لەو ژمارەیەش (١٧%)ـیان ئەوانە بون کە هاوسەرگیری پێشوەختەیان ئەنجامدابو.

لە سنوری ئیدارەی گەرمیان؛ لەو ساڵەدا (١٣٥٢) هاوسەرگیریی ئەنجامدراوە، لەو ژمارەیە (١٣%) هاوسەرگیری پێشوەختە بوە، هەروەک (١٣٥٢) کەیسی جیابونەوەی هاوسەران تۆماکراوە و لەو ژمارەیەش (١٣%)ـیان ئەوانە بون کە هاوسەرگیری پێشوەختەیان ئەنجامدابو.

ئاماری هاوسەرگیریی پێشوەختە بۆ ساڵی ٢٠٢٣

لەساڵی ٢٠٢٣ لە هەولێر بەکۆی گشتی (١٧٥٤٣) هاوسەرگیریی ئەنجامدراوە، لەو ژمارەیە (١٣%) هاوسەرگیری پێشوەختە بوە، هەروەک (٥٦٤٥) کەیسی جیابونەوە تۆمارکراوە، کە ١٧%ـیان ئەو هاوسەرگیرییانە بون کە پێش تەمەنی یاسایی کچەکە یان کوڕەکە یان هەردوکیان ئەنجامدرابون.

بەوپێیەش بە بەراوردکردنی بە دو ساڵی پێشوی ٢٠٢٣، رێژەی هاوسەرگیری پێشوەختە لە هەولێر کەمی کردوە.

پارێزگای دهۆک، لەو ساڵەدا (١٢٤٩٩) هاوسەرگیریی ئەنجامدراوە، لەو ژمارەیە (١٤%)ـیان هاوسەرگیری پێشوەختە بوە، هەروەک (٢١٦٤) کەیسی جیابونەوەی هاوسەران تۆماکراوە و لەو ژمارەیەش (٥%)ـیان ئەوانە بون کە هاوسەرگیری پێشوەختەیان ئەنجامدابو.

بەوپێیەش بە بەراوردکردنی بە ساڵی ٢٠٢٢ دەردەکەوێت رێژەی هاوسەرگیری پێشوەختە لە دهۆک بۆ ساڵی ٢٠٢٣،  زیاد لە (٣%) کەمیکردوە.

پارێزگای سلێمانی؛ لەو ساڵەدا (٢٠٤٢٧) هاوسەرگیریی ئەنجامدراوە، لەو ژمارەیە (٥%) هاوسەرگیری پێشوەختە بوە، هەروەک (٢٦١٨) کەیسی جیابونەوەی هاوسەران تۆمارکراوە و لەو ژمارەیەش (١٢%)ـیان ئەوانە بون کە هاوسەرگیریی پێشوەختەیان ئەنجامدابو.

بەوپێیەش بە بەراوردکردنی بە ساڵی ٢٠٢٢ دەردەکەوێت رێژەکە نەگۆڕ و بەهەمان شێوە بوە....

لە ئیدارەی گەرمیانـیش، لەو ساڵەدا (٢٦١٨) هاوسەرگیریی ئەنجامدراوە، لەو ژمارەیە (١٢%) هاوسەرگیریی پێشوەختە بوە، هەروەک (١٣٥٢) کەیسی جیابونەوەی هاوسەران تۆماکراوە و لەو ژمارەیەش (١%)ـیان ئەوانە بون کە هاوسەرگیری پێشوەختەیان ئەنجامدابو.

بەوپێیەش بە بەراوردکردنی بە ساڵی ٢٠٢٢، دەردەکەوێت رێژەی هاوسەرگیریی پێشوەختە لە گەرمیان (١%) کەمیکردوە.


 



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,062,725     ژمارەی میوان 1001

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە