سارا کەمال
لە ئەمڕۆدا، نەبون و کەموکوڕی لە یەکێک لە ئەندامانی جەستە بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک کێشەیەکی تەندروستی گشتی ناسێنراوە. رێککەوتننامەی مافی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانى سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان پێناسەى کەسانی خاوەن پێداویستى تایبەت دەکات بەوەی "ئەو کەسانەن کە لاوازی درێژخایەنی جەستەیی، دەرونی، هزری، یان هەستیارییان هەیە، کە بە کارلێککردن لەگەڵ بەربەستە جۆراوجۆرەکاندا ڕەنگە رێگری لە بەشداریکردنی تەواو و کاریگەرییان بکات لە کۆمەڵگادا.
لەم نێوەندەدا، بەپێی ئامارەکان ئافرەتانی خاوەن پێداویستی تایبەت، نزیکەی یەک لەسەر پێنجی ئافرەتانی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن، ئامارە جیهانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە رێژەی ئافرەتانی خاوەن پێداویستی تایبەت کە خوێندنی سەرەتاییان تەواو کردوە، لە بەرانبەر پیاوانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئافرەتانی ئاسایی (١٠٪) و بەرەوسەر کەمترن، بە گشتی ڕێژەی خوێندەواری جیهانیی بۆ ئافرەتانى خاوەن پێداویستی تایبەت کەمە، بەشدارنەبونیشیان لە پرۆسەى خوێندندا کاریگەری درێژخایەنی لەسەر هێزی کاریان هەیە، بە جۆرێک لە ئێستادا تەنها لە (٢٥%)ـی ئافرەتانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە هێزی کاردان لە سەرانسەری جیهاندا.
واتە جیاکاری جێندەری بونی هەیە، بە تایبەتی لەنێوان کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتدا، رەگەز (sex)، پەیوەندی بە جەستەی بایەلۆژییەوە هەیە، جێندەریش (gender) ئەو کاتە دروست دەبێت، کە جیاوازی زاوزێی نێوان جەستەکان دەهێنرێنە ناو پرۆسەی کۆمەڵایەتی و لێکدانەوەیەکی کلتوری بۆ ڕەگەزی مرۆڤ دەکات. هەر لەو رێگەیەشەوە هەردو مێینەیی و پیاوسالاری پێکدەهێنرێن، ئافرەتەکە وەک بێ رۆڵ و "زەعیفە" و بونەوەرێکی بێکەڵک بۆ نۆرمێکی کۆمەڵایەتی نیشان دەدات.
بەم شێوەیە، بەهۆی جێندەرەوە هەستکردن بە پاسیڤییەت (ناکارا، ناچالاک) و بێدەسەڵاتی بۆ ئافرەتان زیاتر چڕدەبێتەوە، بەهۆی ئەوەی بۆ پیاوانی خاوەن پێداویستی تایبەت (ئەگەرچی ئەوانیش خاوەنی گرفتی زۆرن) بەڵام پیاوسالارییەکی بەردەوام دۆخێکی ئاسایی تریان بۆ دروست دەکات، بە بەراورد بە ئافرەتان. لەم نێوەندەدا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکسانى جێندەرى و بەهێزکردنى ئافرەتان باس لەوە دەکات، کە کاتێک پەراوێزخستن و ئاستەنگە کۆمەڵایەتییەکانی بەردەم ئافرەتانی خاوەن پێداویستی تایبەت کۆدەبنەوە، دابەزینی ئاستی ئابوری و پێگەی کۆمەڵایەتی دروست دەکات، دەرفەتەکانی پەروەردە، تەندروستی و هەلی کاریان لاواز دەکات، هەروەها رێگری دەکات لە دەستڕاگەیشتن و بەشداریکردنیان لە میکانیزمەکانی بڕیاردان لە بوارەکانی مەدەنی، سیاسی و یاساییدا.
لەم نێوەندەدا لە ساڵانی رابردودا، بیرمەندە فێمینیستەکان وەرچەرخانێکی گرنگیان کردوە لە چونە پێشەوە لە بابەتی خاوەن پێداویستی تایبەت، ئەویش هەندێکجار بەهۆی پابەندبونی فەلسەفی خۆیانەوە بە ئافرەت بە شێوەیەکی گشتگیر و هەندێکجاریش بەهۆی بەریەککەوتنی کەسییەوە لەگەڵ ئافرەتانی خاوەن پێداویستی تایبەتدا. بیرمەندانی فێمینیست، بە رونی مەبەستیان بوە چارەسەری بێباکییەکەی فەلسەفە بکەن بەرانبەر بە شێوازی ئەزمونکردنی جیهان لەلایەن ئافرەتانەوە، لەنێویاندا بەتایبەتتریش ئافرەتانی خاوەن پێداویستی تایبەت.
تیۆری فێمینیست، بە شێوەیەکی رون تێگەیشتنە لەو ڕێگایانای کە جێندەر هۆکاری سەرەکی نایەکسانی و جیاکارییە. لەناویاندا ئەو چەمکەی لەناو فیمینیزمدا بە یەکتربڕین (intersectionality) ناسراوە، بەڵام تیۆریزانانی تیۆرەکە بە وردی جەخت لەوە دەکەنەوە کە واقیعە کۆمەڵایەتییەکانی ئافرەتان تەنها لە ژێر کاریگەری جێندەریان نین، بەڵکو لە ژێر کاریگەری هۆکارەکانی دیکەی وەک رەگەزی (race)، چین و نەبون و گرفتی ئەندامێکی جەستەشدان، کە ئەم سیستمە ستەمکارییانە هەمویان بەیەکەوە گرێدراون و ئەزمونی جیاکاری بەرانبەر ئافرەتان پێکدەهێنن.
بە نمونە بەکارهێنانی (ئافرەتێکی خاوەن پێداویستی تایبەتی ڕەشپێستی سەر بە چینی کرێکار) لە چەندین روەوە جیاکاری بەرهەم دەهێنێت. بیرمەندانی فێمینیست دەڵێن، ئافرەتانی خاوەن پێداویستی تایبەت ئەزمونی دو بارگرانی دەکەن. یەکەم، بەهۆی ئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەتن، دوەم، بەهۆی نۆرمەکانی جێندەری و پیاو سالارییەوە کە روبەڕوی پەراوێزخستنیان دەکاتەوە لە کۆمەڵگادا.
هەر خۆشیان ئاماژە بەوە دەدەن، کە دامەزراوە پەروەردەییەکان بەهۆی ئەوەی لەسەر نۆرمە نەریتی و پیاو سالارییەکان بونیاد نراون، چاوپۆشی لە پێداویستییەکانی ئافرەتان بە گشتی و بەتایبەتیش ئەوانەی کە خاوەن پێداویستی تایبەتن دەکەن و دەبنە بەربەست لەبەردەم بەرەوپێشچون و گەشەکردنیان. لەنێو ئەو بەربەستانەدا، بە شێوەیەکی باو بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان هەن. ئافرەتانی خاوەن پێداویستی تایبەت لەسەر ئاستی جیهان لە ژیانی رۆژانەیاندا توشی چەندین بەربەستی هەڵوێست دەبن، وەک رەفتار، لێدوان، بڕیار و دیدگاى پێشوەختەى نەرێنی کە جیاکاری لە نێوان کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و کەسانی ئاساییدا دەکەن و ناڕەحەتیان دەکەن. ئەم بەربەستانەش، بە شێوەیەکی گشتی لە کەمی تێگەیشتنەوە ڕوودەدەن، کە دەتوانێت هۆکار بێت بۆ پشتگوێخستنی ئافرەتان لەلایەن دەوروبەرەوە.
خێزان لایەنێکی دیکەیە، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە ژیانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکاندا، بەهۆی ئەوەی ژیانکردن لەگەڵ کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەت دەتوانێت کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبێت لەسەر ئەندامانی خێزان بە گشتى، بەهۆی ئەوەی دەیانەوێت لە قسەی دەوروبەر کچەکانیان بپارێزن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئافرەتانی خاوەن پێداویستی تایبەت، زۆرجار وا دەبینرێن کە ناتوانن وەک پیاوان بەشداری لە ئەرکە خێزانییەکاندا بکەن، یان لە روی داراییەوە یارمەتیدەر بن (بە گشتی دونیای مۆدێرنیش بەهۆی کاریگەری سەرمایەدارییەوە کەسی بەرهەمداری دەوێت).
هەر بۆیە ئەو کاتەی ئافرەتێکی خاوەن پێداویستی تایبەت ناتوانێت بەرهەمدار بێت، وەک دوا ئەندامی خێزان دەبینرێن، ئەمانە هەموی کاریگەری لەسەر چونە بەر پرۆسەی خوێندنیان هەیە و لەلایەن خێزانەوە ڕێگرییان لێدەکرێت بە پێویست نابیندرێت بۆیان. لە لایەکی دیکەشەوە، تێچوی دارایی، داواکارییە جەستەیی، سۆزدارییەکانی کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەت لەناو ئەویشدا ئافرەتان کە ئەم داواکارییانەیان دەکرێت کەمێک زیاتر بێت.
بەهۆی ئەوەی ئافرەتانی خاوەن پێداویستی تایبەت پێویستییان بە ئامێری پەیوەندیدار بە نەبونی یان گرفتی ئەندامێکیانەوە یان گواستنەوەی تایبەت هەیە، ئەو خێزانانەشی کە سەرچاوەیان سنوردارە و باری ئابورییان باش نییە، ئەگەری تەرخانکردنی سەرچاوەکانیان بۆ خوێندنی کچەکەیان کەمتر دەبێتەوە، واتە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەژاری و مناڵی خاوەن پێداویستی تایبەت و ڕێژەی کەمی بەشداریکردن لە پرۆسەى خوێندندا هەیە. ئافرەتانی خاوەن پێداویستی تایبەت، کە لە خێزانە هەژارەکاندا گەورە دەبن، وایان لێدەکات لە روی پەروەردەییەوە لە دۆخێکی خراپدا بن.
لەپاڵ بەربەستی کۆمەڵایەتییدا، بەربەستی دامەزراوەیی بە گشتی لەبەردەم کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتدا هەن، کە خۆی لە نەبونی سیاسەتی گشتگیر و خزمەتگوزارییە پشتیوانییە سنوردارەکان دەبینێتەوە و کاریگەری لەسەر دەرفەتە پەروەردەییەکانیان هەیە. دامەزراوەکانی خوێندن کەموکوڕییان تێدایە و لە چەندین روی وەک (سەرچاوەى مرۆیی، بینا و باڵەخانە، پێداویستییەکان...هتد)ەوە لە ئاستی پێداویستییەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت نین، بە نمونە، قەرەباڵغی زۆر، نەبونى شوێنى گونجاو بۆ هاتوچۆ، کەمی دەستشۆر و سەرئاو و شوێنى تایبەت بۆیان، هەروەها نەبونی ڕێگەی گونجاو بۆ دەستڕاگەیشتن بە جێگاکانی ناو قوتابخانە، وەک پۆلەکان، کتێبخانە، تاقیگە، گۆڕەپانی یاریکردن و سەرئاوەکان، گرفتى سەرەکین لەبەردەم کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت.
بۆیە، دامەزراوەکانی خوێندن سەرچاوە، یان ئامادەییان نییە بۆ دابینکردنی هاوکاری کەسیی، بە تایبەتیش بۆ ئافرەتانی خاوەن پێداویستی تایبەت. لەبەرئەوە، ئافرەتانى خاوەن پێداویستی تایبەت لە قوتابخانە دەهێنرێنە دەرەوە ئەگەر ئاسانکارییەکان بەپێی پێویست نەبن بەجۆرێک، کە دڵنیایی بدەن لە سەلامەتی ئافرەتان لە قوتابخانە و ڕێگاکانیدا، واتە گرفتە دامەزراوەییەکان کە خۆیان گشتین بۆ هەریەک لە ئافرەتان و پیاو.
ئەم وتارە لە لایەن (رێکخراوی خەڵك بۆ گەشەپێدان)ـەوە پاڵپشتی دەکرێت.