شیرین تاهیر
بەهێزکردنی کایەی ئابوری لە گرنگترین ئەو بوارانەیە کە لەوێوە دەتوانین باس لە ماف و یەکسانی نێوان هەردو ڕەگەزی ژن و پیاو بکەین، لەبەرئەوەی بەهێزکردن و گرنگیدان بە کارکردنی ژنان و باشترکردنی دۆخی ئابورییان بنچینەی یەکسانییە و ژنان لەم بارەدا بەتەواوی ڕەنگە سود لە مافەکانیان وەربگرن.
سەبارەت بە مافەکانی ژنان لە ماوەی ڕابردودا؛ نەوەدەکانی سەدەی نوزدە؛ ماوەیەکی پڕ مشتومڕ و دیالەکتیکی سیاسی بوو لەبارەی بەدەستهێنانی مافی دەنگدان و ڕیفۆرم لە مافە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی تر، ژمارەیەکی زۆری ژنان لەو کاتەدا چونە ناو بازاڕیی کارو بەدوای هەلی نوێی کارکردندا دەگەڕان، ئەمەش لەپێناوی بەدیهێنان و دروستکردنی پێناسەیەکی نوێتر بو بۆ خۆیان.
هەر ئەو دۆخە لەمڕۆدا لەگەڵ دیاردەی بەجیهانیبوندا بەردەوامە، دۆخی ژنان بەهۆی خراپی ئاستی ئابورییانەوە دۆخێکی باش نییە و بەردەوام ژنان لە مەترسی هەژاری و روبەروبونەوەی بێکارییدان، لە هەردو حاڵەتی ئاسایی و جەنگ و ململانێکانیشدا، بۆ نمونە: ژنانی عێراق و هەموو ئەو ناوچانەش کە بەردەوام لە مەترسی شەڕو ململانێی ناوخۆییدان، هەموو کاتێک باجی گەورەی جەنگ و ململانێ سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتیەکانیش دەدەن،
ئەگەرچی وەک جەستە و قوربانیدان زیاتر پیاوان دەچنە بەرەکانی جەنگ و بە زیندوی ناگەڕێنەوە، بەڵام ژنانیش ژنان باجی قورسی جەنگ و ئەو بەرپرسیارێتیە دەدەن، لەبەرئەوەی زۆرجار ژنان وەک شۆڕشڤان یان جەنگاوەر بەشداری لەجەنگ و ململانێکانی وەک ژنانی کورد لە خۆرئاوا) دەکات، لەلایەکی ترەوە شوێنەوار و لێکەوتەی ناکۆکی سیاسی و جەنگەکان بۆ ژنان جێدەمێنێت، لەبەرئەوەی ژنان بەرپرسیارێتی و ئەرکی بارگرانی نەبوونی و بەخێوکردنی خێزان و منداڵ و خۆشیان دەکەوێتە ئەستۆ، بۆیە دەبێت ژنان هەمیشە لە هەوڵی کارکردن و دابینکردنی بژێویاندا بن. جگە لە کاتی جەنگ؛ لە حاڵەتی ئاسایشدا ژنان پێویستیان بە کارکردن و خۆدۆزینەوەیە لە کاری هەمە جۆردا، سەربەخۆیی ئابووری و بە تایبەتکردنی پیشەی ژنان لە پێناو چاککردنی هاوسەرگیری و دایکایەتی و پیشەسازی خۆماڵی و ڕیفۆرمی کارکردنی یەکسانی جێندەری لە کارە بنەڕەتییەکانە.
بۆ بەهێزکردنی ژنان و بەشداریکردنیان لە کایەی ئابورییدا؛ دەبێت بە هەمان ئەندازەی پیاوان دەرفەتیان پێ بدرێت، لە هەر وڵاتێکی پێشکەوتووی کارکرد بە بنەماکانی دیموکراسی، دۆزی بەهێزکردنی ئابووری ژنان لە پێشینەی پلانی نیشتیمانییە. جێی نیگەرانییە لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش؛ مەسەلەی کێشەی ئابووری بە نیسبەت ژنانی ئاستی خوارەوە (کە پێیان دەگوترێت ژنانی خۆڵەمێشی) هەروەها ژنانی ئاستی سەروو ئەمانیش کە مووچە خۆرن یان کارێکی سەربەخۆییان هەیە؛ گرنگی پێ نادرێ و کێشەیەکە لە پەراوێزدایە.
لەڕاستیدا ژنان بەشدارییەکی کاریگەرییان هەیە، بەتایبەتی زۆربەی کات وەک کرێکار لە کارگە زەبەلاحەکاندا کاردەکەن، بەڵام هێشتا جیاوازی یەکسانی جێندەری لە کرێی یەکسان و ئیستغلالکردنی ژناندا دەکرێت، زۆرجار ئیستغلالی ژنان دەگاتە ئاستی دەستدرێژی سێکسی و گێچەڵپێکردن بۆ سەر جەستەو دەروونیان لەلایەن خاوەن کارەکانیانەوە، ئەم کێشانەی ژنان دوورونزیک ناتوانین لەو بڕوایە دامان ببڕێت کە ئابووری سەربەخۆ؛ ڕێگایەکە بۆ ڕزگاربوونی ژنان.
رەوتە مێنیستە سۆسیالیستەکان؛ بەتایبەت"سۆسیال لیبراڵ و سۆسیال دیموکراتەکان" وەک ئامانج و پرانسیپ؛ گرنگییانداوە بەکارکردنی ژنان و سەربەخۆیی ئابوری و کرێی یەکسان و دەرفەتی هەلی کاری زیاتر بۆ ژنان، تاکو ئێستا کێشەی "ئابوری سەربەخۆی ژنان" یەکێکە لە هەرە کێشە ئاڵۆز و قەتیسکراوەکان لە چوارچێوەی کێشەی یەکسانی جێندەرییدا، بۆیە دەبێت ژنان لە هەڵمەتی وشیارکردنەوە و خەباتی مەدەنییاندا، وەک چۆن لە دروشمەکانیاندا گرنگی بە ئازادی و هاوسەنگی جێندەری کۆمەڵایەتی و سیاسی دەدەن، هەر بەوشێوەیەش پێویستە گرنگی بە هاوسەنگی جێندەری ئابووری بدەن و بیر لەسەرچاوەی تواناکانیان بکەنەوە، لەبەرئەوەی هەوڵە ڕەخنەییەکانی ئێمە وەک پارێزەرانی "شوناسنامەی ژن" و "ئازادی ژن" دژ بە نایەکسانی پرارکتیزەکراو لەلایەن هەڵگرانی ئایدیۆلۆژیاکانی تر بەس نییە.
ئێمە ئیمڕۆ لەناو بەجیهانیبوندا دەژین، کۆمەڵێک گۆڕانکاری مێژویی بەهۆی کاریگەرییەکانی بەجیهانیبونەوە رویانداوە، بە تایبەتی پرسی نیولیبرالیزم و کێشەی ئابوری جیهانی و قۆرخکردنی سەرمایە، ئەم گۆڕانکارییانە بۆ ئێمەش پێویستی بە کارکردنی جیاوازترە، لە هەڵهێنجانی تواناکانی ژنەوە؛ پێویستە چارەسەرە کردارییەکان بخەینەڕو، بۆئەوەی لە ڕێی تەکنیکی نوێی چارەسەرکردنی دۆخی ئابوری ژنانەوە، جیهانێکی نوێتر بخوڵقینین، زۆرێک لە کێشەی ئابوری کۆمەڵگەکانی جیهانی سێیەم کێشەیەکی بەردەوام و نەبڕاوەیە، بە نیسبەت ژنانیشەوە کێشەکان قوڵترە، لە کاتی ئاسایی و لە کاتی جەنگەکانیشدا هەمان شتە.
چارەسەرکردنی کێشەی سەربەخۆیی ئابووری ژنان پەیوەستە بە کرانەوەی ئەقڵ بەڕووی ئەو واقیعە زیندووەی تێیدا دەژین، ئێمە کە ئێستە لەسەردەمی بە ئامێربووندا دەژین، دەبێت ئەم دیاردەیە لە بونیادنان و تێهەڵکێشکردنی تواناکاندا لەبەرچاو بگرین، پیویستمان بە بزوتنەوەیەکی پرکار و بەردەوامیەکی گەشەکردوو هەیە، دەبێت تێگەیشتنمان بگۆڕێت؛ کە چۆن ئامێر خەریکە تواناکانی مرۆڤ تێدەپەڕێنێت، هەمو پیشەسازییەکان بە ئامێر دەکرێن، هاوکات ئەمە مانای ئەوە نییە خەیاڵی گەردونی مرۆڤ و کارگە و ئامێرەکان؛ وامان لێبکات بەکەم لە تواناکانی مرۆڤ بەتایبەتی توانای پر وزەی ژن بڕوانیین.
ئەگەری زۆرە توانای بەدیجیتالکردنی نوێ و تواناکانی مرۆڤ پێکەوە، یەک هێڵی کارکردن و یەک نمونەیی وەک پێشەنگ تێپەڕێنن، دەبێت ژن لە کار و پراکتیکدا، ئەو بسەلمینێت، کە کۆتایی باوەڕەکان جێگیر نین، ژنان نابێت بکەونە ژێر جێبەجێکردن و بەئەنجام گەیاندنی ئەو بیروباوەڕانەی نکۆڵی لە توانا و کارکردنی ژنان دەکات. دەبێت دژ بە داگیرکردنی هێز و توانای کارکردنی ژن بووەستینەوە.
ئەم وتارە لە لایەن (رێکخراوی خەڵك بۆ گەشەپێدان)ـەوە پاڵپشتی دەکرێت.