* نەوژین
چالاکێکی بواری ژنان دەڵێت: ژنان لەڕێگەی راگەیاندنەکانەوە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، باسلەوەش دەکات: کەناڵەکانی راگەیاندن بە ئاراستەی بچوککردنەوەی پرسەکانی ژنان کاردەکەن.
بەهار مونزیر، چالاکی بواری مافەکانی ژنان لەبارەی جۆرەکانی توندوتیژی کە لە ئێستادا زیاتر بەرامبەر بە ژنان ئەنجامدەدرێن، بە نەوژینی راگەیاند: بەرگی جۆرەکانی توندوتیژی بەراورد بە پێشوتر ئێستا گۆڕاون، ئێستا زۆرترین توندوتیژی کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت توندوتیژی ئەلیکترۆنی و ئەو توندوتیژییانەن کە لە کەناڵە راگەیاندنەکانەوە بەرامبەر بە ژنان ئەنجامدەدرێن، ئەمە هاوکات لەگەڵ ئەوەی توندوتیژییە قورسەکانی وەک سوتاندن و لێدان و کوشتن هێشتا بەشێوەیەکی زۆر بونیان هەیە.
رونیکردەوە: راگەیاندنەکان بە ئاراستەی بچوککردنەوەی پرسەکانی ژنان کاردەکەن، ئەوان لەڕێگەی کۆمەڵێک بەرنامەی تەلەفزیۆنییەوە پرسی ژن بچوکدەکەنەوە، کەرامەتیان لێیەوە دەشکێنن و سوکایەتیان پێدەکەن، کە ئەمە بەڕای من توندوتیژییەکی گەورەیە بەرامبەریان ئەنجامیدەدەن.
زیاتر وتی: ئەوان هەوڵدەدەن بڵێن، لە کۆمەڵگە توندوتیژی هەیە و ئەوەی بەرامبەر ژنان دەکرێت بەشێکە لەوە، بەڵام ئەمە راست نییە، ژنان زۆرکات توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت تەنانەت دەکوژرێن، تەنها بەهۆی ژن بونیانەوە.
بەهار مونزیر، ئاماژەی بەوەشکرد: بەهەمان شێوە کچان و ژنان قوربانی کێشە ئەلیکترۆنییەکانن، لەو رێگەیەوە توندوتیژیەکی زۆریان بەرامبەر دەکرێت، هۆکارەکەش ناهۆشیارییانە، گرنگە گەنجان لەم پرسە هۆشیار بکرێنە و پەروەردە بکرێن لەبارەیەوە، تاوەکو حاڵەتەکانی توندوتیژی لەم رێگەیەوە کەم ببنەوە.
پێشتر لەسەر هەمان پرس، کارزان ساڵح، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بۆ نەوژین وتبوی: ژنان قوربانی پلە یەکی کێشە ئەلیکترۆنییەکانن، هۆکاری سەرەکیش کەمی هۆشیارییانە، وەک چارەسەریش بۆ کەمکردنەوەی ئەم کێشانە داوا لە ژنان دەکەین کە بە وریاییەوە مامەڵە بکەن و وێنەی خۆیان بەتایبەتی وێنە زۆرتایبەتەکانی خۆیان بۆ هیچ کەسێک نەنێرن.
رۆژی (٢٥ـی نۆڤەمبەری هەمو ساڵێک) بە رۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان دیاریکراوە، هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی هەڵمەتی ١٦ رۆژ بەرەنگاربوەنەوەی توندوتیژی دەستپێدەکات، کە تێیدا هۆشیاری و چالاکی جۆراوجۆر لەبارەی پرسەکەوە ئەنجامدەدرێن.