پۆلیسی هەولێر هێڵێکی گەرمی تایبەت بە کێشە ئەلیکترۆنییەکان دەخاتەکار

2024/11/19    3182 جار بینراوە


* نەوژین

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاشکرایدەکات، هێڵێکی گەرمی تایبەت بە کێشە ئەلیکترۆنییەکانیان خستوەتەکار و لەڕێگەیەوە چارەسەری کێشەی قوربانیانی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان بەخێرایی و نهێنی دەکەن.

کارزان ساڵح، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە نەوژینی راگەیاند: جگە لە هێڵە گەرمەکانی تر، ئێستا هێڵێکی گەرمی دیکەمان دروستکردوە کە ژمارەکەی (٠٧٥٠٨٠٨٨٠٨٠)ـە و تایبەت بەو کەسانەیە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆیان لێدەکرێت، هەروەک بەهۆی هەستیاریی کێشەکان کە کێشەی خێزانیین، راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێرەوە سەرپەرشتی دەکرێت و خۆی بەدواداچون لەسەر کەیسەکان بەگشتی و کەیسەکانی تایبەت بە ژنان دەکات. 

رونیکردەوە: لەڕێگەی ئەم هێڵە گەرمەوە توانیومانە کێشەی سەدان ژن چارەسەر بکەین، بەشێوەیەکی نهێنی و خێرا کار لەسەر کەیسەکان دەکەین و ئەوەندە بەسە کەسەکان پەیوەندی بکەن و بەڵگەکانمان بۆ بنێرن.

یەکێک لەو کەیسانەی کە لەڕێگەی ئەم هێڵەوە چارەسەر کراوە، کەیسی کچێک بوە کە لەلایەن پیاوێکەوە بەناوی خۆشەویستی و هاوسەرگیرییەوە هەڵخەڵەتێنراوە و بڕێکی زۆر پارەی لێوەرگرتوە.

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، رونیکردەوە: تۆمەتبار لەگەڵ ئەو کچە بۆ ماوەی سێ ساڵ پەیوەندی هەبوە و لەو ماوەیەدا هەرجارە و بە بیانویەک داوای پارەی لە کچەکە کردوە و کچەکەش لەپارەی خۆی و هەندێکجار لە پارەی ماڵەوە بۆی دابینکردوە و پێیداوە، تاوەکو ئەو کاتەی زانیویەتی پیاوەکە هەڵیدەخەڵەتێنێت و بەنیازی هێنانی نییە و ژن و مناڵی هەیە.

ئاشکرایشیکرد: لەدوای ئەوە سکاڵای لای ئێمە لەڕێگەی هێڵە گەرمەکەوە تۆمارکرد، لەدوای سکاڵاکەی لەماوەیەکی کەمدا تۆمەتبارمان دەستگیرکرد و ئێستا لە گرتن و گواستنەوەی هەولێرە، هەروەک دانی بەوەدا ناوە لەو ماوەیەدا بڕی چل هەزار (چوار دەفتەر) دۆلاری ئەمریکی لەو کچە وەرگرتوە.

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر باسی لەوەشکرد: لەگەڵ بەرەوپێشچونی تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد، کێشە ئەلیکترۆنییەکان روی لە زیادبون کردوە و ئەوەی لە هەمو زیاتر توشی ئەم کێشانە دەبێت بەپێی ئەو کەیسانەی دێنە لای ئێمە، ژنانی هاوسەردارن و هەندێک کات ئەم کێشانە دەبنە هۆی جیابونەوە یاخود ژنەکان هەوڵی خۆکوشتن دەدەن.

ئاماژەی بەوەشکرد: وەک چارەسەر بۆ کەمکردنەوەی ئەم کێشانە داوا لە ژنان دەکەین کە بە وریاییەوە مامەڵە بکەن و وێنەی خۆیان بەتایبەتی وێنە زۆرتایبەتەکانی خۆیان بۆ هیچ کەسێک نەنێرن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە هۆشیارییەوە بەکاربهێنن، چونکە وێنەکان تەنها لەنێو مۆبایلی خۆتان پارێزراون و بینێرن بۆ هەرکەسێکی دیکە پارێزراو نابێت.



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,103,300     ژمارەی میوان 4071

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە