* نەوژین
لە سلێمانی برایەک بە چەکی کڵاشینکۆف کۆتایی بە ژیانی دو خوشکی هێنا و لەدوای روداوەکەش هەڵهات و دەستگیرنەکراوە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە (١٤ـی تشرینی دوەم)، لە گەڕەکی بەکرەجۆ لە شاری سلێمانی تەرمی دو خوشک بەناوەکانی (سارا و پەروا دڵشاد) کە تەمەنیان لەنێوان (١٨ بۆ ٢٥ ساڵ) بوە، لەنێو ماڵەکەیان دۆزرایەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبارەی روداوەکە دەست نەوژین کەوتون، بکوژ بەناوی (م.د، ٢٥ ساڵ تەمەنیەتی) برای دو خوشکەکە بوە و بە چەکی جۆری (کڵاشینکۆف) کۆتایی بە ژیانیان هێناوە، بەشێوەیەک یەکەو سێ فیشەکی پێوەناون، لەدوای روداوەکەش هەڵهاتوە و دەستگیرنەکراوە.
هەر بەپێی زانیارییەکان، خوشکەکان گەورەکەیان هاوسەرگیری کردوە و ئەوەی دیکەشیان بڕیار بوە، هەفتەی داهاتو مارە بکرێت.
تەرمی خوشکەکان بۆ پەیمانگەی پزیشکی دادی سلێمانی گواستراونەتەوە و توێکاری بۆ تەرمەکەیان دەکرێت، هەروەک پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ روداوەکە کردوەتەوە، بەڵام لەبارەی هۆکاری روداوەکە هێشتا پۆلیس هیچ رونکردنەوەیەکی بڵاونەکردوەتەوە.