راپەڕین: کەرتی تەندروستی تایبەت پشتی لە ژنان کردوە؛ لە چوار هەلی کار تەنها یەکێک بۆ ژنانە

2025/07/12    58 جار بینراوە


نەوژین

سەندیکای کارمەندانی تەندروستی راپەڕین لەڕێگەی نەوژینەوە ئاشکرایدەکات، جیاوازییەکی زۆری رەگەزی لە هەلی کاری کەرتی تایبەتدا بۆ دەرچوانی بەشە پزیشکیەکان هەیە، بەشێوەیەک لە چوار هەلیکار تەنها یەکێکیان بۆ ژنانە.

ئامارەکانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی لە ئیدارەی راپەڕین، جیاوازییەکی گەورەی رەگەزی لە هەلی کاری کەرتی تایبەت ئاشکرا دەکات، بەپێی ئامارەکان لە کۆی ٤٢٣ دەرفەتی کار کە لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا رەخساون، تەنها ١٠٥ دەرفەت بەر ژنان کەوتوە.

جیاوازییەکە بەتایبەت لە مۆڵەتی کاری سەربەخۆدا (وەک نۆرینگە و تاقیگە) بەرچاوە، بەشێوەیەک؛ لە کۆی ٢٠٠ مۆڵەت، تەنها ٢٥ مۆڵەت بە ژنان دراوە لە بەرامبەر ١٧٥ مۆڵەت بۆ پیاوان.

خالید رەسول، لێپرسراوی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی راپەڕین، لەبارەی هۆکاری کەمی دەرفەتی کار بۆ کچانی دەرچوی بەشە پزیشکیەکان لە سنورەکە، بە نەوژینی وت:  هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخە ئەو بەربەستە کۆمەڵایەتی و جوگرافیانەیە کە روبەڕوی ژنان دەبێتەوە، هەروەها زۆرێک لە ژنان بەهۆی نیشتەجێبون لە گوند و ناحیەکان و نەبونی نەخۆشخانەی ئەهلی لە ناوچەکانیاندا، ناتوانن بۆ کارکردن رو لە سەنتەری شارەکان بکەن، لەبەرامبەردا پیاوان ئامادەیی هەموکارێکیان تێدایە گەر بە موچەیەکی کەمیش بێت ئەوان بەهۆی ناچارییەوە کارەکە دەکەن.

باسیلەوەشکرد، کەرتی تەندروستی حکومی بە پێچەوانەوەیە و تاکە شوێنە کە ژن دەتوانێت شەوانیش تێیدا ئێشکگری بکەن. 

دۆخی بێکاریی گشتی لە سنورەکەدا قەیرانێکی دیکەیە، کە نزیکەی ٣٠٠٠ دەرچوی بەشە تەندروستییەکان بێکارن، لەم نێوەندەدا ژنان قوربانیی یەکەمن، چونکە کاتێک هەلی کار کەم دەبێتەوە، بەربەستەکانی بەردەمیان زیاتر دەبێت و کەمترین دەرفەتیان بەردەکەوێت.


 



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,610,395     ژمارەی میوان 1033

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە