مێرد و باوکی ژنە کاندیدەکان

2024/10/13    138 جار بینراوە

کاوە شێخ عەبدوڵڵا 

پیاوێکی بەتەمەن هەیە لە شارەزور کچێکی کاندیدە بۆ پارلەمانی کوردستان، زیاتر لەمانگێکە ئەو پیاوە دەبینم ماڵەوماڵ.. گەڕەک بەگەڕەک.. دوکان بەدوکان هاوشانی کچە کاندیدەکەی دەگەڕێت و بە روخۆشیی و زەردەخەنەوە داوا لە خزم و دۆست و ناسراوەکانی دەکات دەنگ بە کچەکەی بدەن!

کچەکەی زۆر ئاسوودە دەردەکەوێت لەپاڵ باوکیدا، بەهۆی ئەمەشەوە زۆرتر دەچێتە ناو خەڵک.

پیاوێکی گەنجیش لە هەولێر کە هاوڕێمە لە فەیسبوک، لە یەکەم رۆژی بانگەشەوە دەیبینم لێبڕاوانە بانگەشە بۆ هاوسەرە کاندیدەکەی دەکات و وێنەی پڕۆفایلی فەیسبوکەکەی کردوە بە پۆستەر و ژمارەی ژنەکەی!

ئەم پشتگیرییانە شتێکی رەمزیی نین، بەڵکو پشتگیرییەکی راستەوخۆ و پێکەوبونێکی زۆر گرنگ و سەرراستانەیە لەنێوان باوک و کچەکەی و پیاوەکە و هاوسەرە کاندیدکراوەکانیاندا.

ئەم ماوەیە کە پڕۆسەیەکی سیاسی و تاڕادەیەک کۆمەڵاتیشە، بۆ کچ و ژنەکان دەبێتە ئەزمون و یادگارییەکی خۆش و لەبیرنەکراو کە بینیان لە رۆژانێکی پڕ لە دوودڵیی و ڕاڕایی، باوک ومێردەکانیان بەوپەڕی جدیەتەوە لەگەڵیانن و بوونەتە بەشێک لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتییان.

کچی پیاوەکەی شارەزور و هاوسەری پیاوەکەی هەولێر، بۆ هەمیشە ئەم رۆژانە لەبیر ناکەن کە پیاوێک تا دوایین رۆژەکانی ئیمتحیانێکی گرنگ لەپاڵیاندا وەستان بەبێ ئەوەی توڕەیی و ناڕەزاییەک نیشان بدەن.

هیچ شتێک ئەوەندەی پێکەوەبونی باوک و کچەکەی.. ژنێک و مێردەکەی، متمانە و هەستی خۆبەبەهێززانین نادات بە کچ  ژن لە ژیانی مێینەبوونیاندا.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,760,304     ژمارەی میوان 1750

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە