پارلەمانی ئەوروپا دژی هەمواری یاسای باری کەسی عێراقە

2024/10/13    1227 جار بینراوە


* نەوژین

لەنێو کۆبونەوەی ئەم هەفتەیەی پارلەمانی یەکێتی ئەوروپا باس لە هەمواری یاسای باری کەسی عێراقی کراوە و یەکێتیەکە رایگەیاندوە؛ دژ بە هەموارەکەن.

هاوپەیمانی ١٨٨، لەمیانی راگەیەندراوێک دا، دەڵێت: دوای دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ پارلەمانتارێکی پارلەمانی ئەوروپا بەناوی (پیر کلاوسن)، توانیومانە پرسەکە بگەیەنینە نێو پارلەمانی ئەوروپا.

رونیکردەوە: لە کۆبونەوەی ئەم هەفتەیە دا یەکێک لەو پرسانەی باسی لێوەکراوە، هەمواری یاسای باری کەسی عێراق بوە و یەکێتیەکە رایگەیاندوە: ناڕازین و دژ بە هەموارەکەن، هەروەک رەخنەی لە عێراق گرتوە کە پێشێلکاری راستەوخۆی مافەکانی مناڵان و ژنانە.
 
هاوپەیمانی ١٨٨ی سلێمانی و  تەحالوفی ١٨٨ـی عێراق کۆمەڵێک چالاکی بواری مافەکانی مرۆڤ و ژنان پێکدێت، هەر لەسەرەتای هەموارکردنەوەکەوە دەستیان بە چالاکی جۆراوجۆر دژ بە هەموارکردنەوەی کردوە، کە خۆی لە چالاکی گردبونەوە، نوسینی نامە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ناوخۆ و دەرەوەی عێراق، کۆکرکردنەوەی واژۆی سەدان داکۆکیکار و ناردنی بۆ لایەنە پەیوەندارەکان بۆ وەستاندنی پرۆژە یاسایی هەمواری باری کەسێتی لە عێراق.

لەنێو پێشنیازەیاسای هەمواری یاسای باری کەسی عێراق دا، کە لەمانگی (ئابی)ـی ئەمساڵ لەلایەن کۆمەڵێک پارلەمانتارەوە پێشکەش بە سەرۆکایەتی پارلەمانکرا و خوێندنەوەی یەکەم و دوەمی بۆکراوە، چەند ماددەیەک هەن کە دژ بە ژنان و مناڵانن، ماددەکان بریتین لە؛
 
- دادگەكان پابەند دەكرێن بە پشتڕاستكردنەوەی گرێبەستەكانی هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگە كە لای شەرعزانەكان رێكدەخرێت و واژۆی مامۆستا ئایینییەكانی لەسەرە؛ هەر كەس بەپێی ئایینزای تایبەتی خۆی (شیعە و سوننە).

- پێگەیشتن (باڵغبون) كراوەتە بنەما بۆ هاوسەرگیریی كوڕ و كچ بەبێ دیاریكردنی ساڵی تەمەن.

- بەبنەماكردنی ئایینزای كوڕ یان پیاو لە باری كەسی لە كاتی سەرهەڵدانی ناكۆكی لە نێوان ژن و پیاو لەبارەی ژیانی هاوسەرگیری، ئەگەر لە خێزانێكیشدا ناكۆكی هەبو لەبارەی ئەو ئایینزایەی پەیڕەویی لێ دەكەن، “پەنا دەبردرێتە بەر شەریعەت” بەبێ رونكردنەوەی زیاتر.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,814,685     ژمارەی میوان 948

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە