چوار ساڵی پارلەمان؛ ژنانی پارلەمانتار (٣٥) کاتژمێر قسەیانکردوە

2024/10/07    1437 جار بینراوە


* نەوژین

ئینستیتیوتی پەی ئاماری ئەندامانی پارلەمانی کوردستانی لەماوەی چوار ساڵی رابردو ئاشکراکرد و بەپێی ئامارەکە، ژنان بەگشتی (٣٥ کاتژمێر) قسەیانکردوە و لەنێویان دا سەرچنار ئەحمەد، زۆرترین خولەک قسەی کردوە، هەر بەپێی ئامارەکە تەنها دو ژنە پارلەمانتار خانەنشینیان رەدکردوەتەوە. 

ئەمڕۆ دوشەممە (٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤) ئینستیتیوتی پەی کە پڕۆژەی چاودێری هەڵسەنگاندنی پارلەمانی کوردستانی گرتوەتە ئەستۆ، راپۆرتی ژمارەی ١٨ـی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی ئەدای کاری یەکە یەکەی پارلەمانتاران لەماوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پارلەمان (٦-١١-٢٠١٨ تاوەکو ٣٠-٥-٢٠٢٣) بڵاوکردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئینستیتیوتەکە، لەماوەی چوار ساڵی پارلەمان دا، ژنانی پارلەمانتار (٣٥ کاتژمێر و ٨ خولەک و ٢١ چرکە) قسەیانکردوە. لەنێویشیان دا، ژنە پارلەمانتار لە فراکسیۆنی یەکگرتوی ئیسلامی؛ سەرچنار ئەحمەد زۆرترین خولەک قسەی کردوە کە (٣ کاتژمێر و ٤٥ خولەک و ٣١ چرکە)ـیە، ژنە پارلەمانتار لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ؛ مژدە مەحمود، دوەم زۆرترین قسەیکردوە کە (٢ کاتژمێر و ٤٨ خولەک و ١٨ چرکە)ـیە، هەروەها ژنە پارلەمانتار لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان: سەوسەن محەمەد، سێیەم زۆرترین قسەیکردوە کە (٢ کاتژمێر و ٢٥ خولەک و ٣٣ چرکە)ـە.

هاوکات ژنە پارلەمانتار لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان؛ هەژان حەسەن، کەمترین خولەک قسەیکردوە کە لەماوەی چوار ساڵ تەنها (٣ خولەک و ٣ چرکە) قسەیکردوە. 

هەر لەمیانی راپۆرتەکەدا ژمارەی ئەو جارانەش ئاماژەپێکراوە کە پارلەمانتاران تێیدا ئامادەنەبون، لەم روەشەوە ژنە پارلەمانتار لە فراکسیۆنی یەکێتی؛ سەلمە فاتح، زۆرترین ئامادەنەبونی هەبوە کە لە (٣٠) دانیشتنی پارلەمان ئامادەنەبوە، 

هەریەک لە پارلەمانتاران لە فراکسیۆنی پارتی؛ حەسیبە سەعید و گەلاوێژ عوبێد، کەمترین ئامادەنەبونیان هەبوە، کە تەنها یەک جار ئامادەی دانیشتنەکان نەبون.

لەراپۆرتەکە دا هەروەها ئاماژە بەو پارلەمانتارانە کراوە کە خانەنشینیان رەدکردوەتەوە، لەنێو ژنە پارلەمانتارەکان تەنها سێ پارلەمانتار خانەنشینی پارلەمانتاریان رەدکردوەتەوە، ئەوانیش هەریەک لە: شایان عەسکەری، مژدە مەحمود و شیرین ئەمینن.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,844,328     ژمارەی میوان 1668

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە