رۆژان بە “دەمانچەی باوکی“ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە

2024/09/02    245 جار بینراوە


* نەوژین

کەیسی رۆژان ئیدریس بە کراوەیی ماوەتەوە و بەپێی لێکۆڵینەوەکانیش دەرکەوتوە روداوەکە “خۆکوژی” بوە و بە دەمانچەی باوکی ئەو کارەی ئەنجامداوە.

کاتژمێر هەشتی شەوی هەینی (١٦ـی ئابی ئەمساڵ)، تەرمی (رۆژان ئیدریس) لەنێو ژورەکەی لە قەزای رەواندزی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەلایەن کەسوکارەکەیەوە بینرا و دواتر پۆلیسیان لە روداوەکە ئاگارکردەوە.

لەدوای روداوەکە دەرکەوت، شوێنەواری فیشەک بە جەستەی رۆژان ـەوە هەبوە، بۆ رۆژی دواتر لەبارەی روداوەکە، شەماڵ سورچی، وتەبێژی پۆلیسی سۆران، بە نەوژینی راگەیاند: هێشتا زانیاری پشت راستکراوەمان نییە کە ئایا روداوەکە خۆکوژی بوە یاخود کوژراوە، بۆ زانینی راستی روداوەکە چاوەڕێی راپۆرتی پزیشکی دادین.

لەدوای تێپەڕینی دو هەفتە و بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست نەوژین کەوتون دەرکەوتوە؛ روداوەکە خۆکوژی بوە و رۆژان دوای توشبونی بە نەخۆشیەکی دەرونی کە ئەوەش لەلایەن پزیشکەوە پشت راستکراوەتەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار لە روداوەکە کە نەیویست ناوی بهێنین، پێی راگەیاندین: ئەو دەمانچەیەکی کە رۆژان لەڕێگەیەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، مۆڵەتدار بوە و هی باوکی بوە، باوکی ئەفسەرە لە وەزارەتی ناوخۆ و لەکاتی پشودا دەمانچەکەی بۆ ماڵەوە بردوەتەوە.

وتیشی: هێشتا کەیسەکە بە کراوەیی ماوەتەوە و لەسەریشی هیچ کەس دەستگیرنەکراوە، لەبارەی داخستنی یاخود بەردەوامی پێدانیشی دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیار دەدات.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,673,559     ژمارەی میوان 911

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە