* نەوژین
بەپێی ئامارێک لە عێراق لەماوەی کەمتر لە سێ ساڵ، نزیکەی ٥٤ هەزار حاڵەتی توندوتیژیی خێزانی تۆمارکراوە، هاوکات توندوتیژیی دژ بە ژنان لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە (٧٥%)ـی کۆی توندوتیژییەکان پێکدێنێت.
سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ، راپۆرتێکی لەبارەی حاڵەتەکانی توندوتیژیی خێزانی لە عێراق جگە لە هەرێم، بڵاوکردوەتەوە؛ تیایدا ئاشکرایکردوە: لە ماوەی دو ساڵی رابردو و شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ دا، لە دادگانی عێراق ٥٣ هەزار و ٨٨٩ سكاڵای توندوتیژیی خێزانی تۆمارکراون.
رونیکردوەتەوە: ١٣ هەزار و ٨٥٧ سکاڵا لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ ، ١٨ هەزار و ٤٣٦ سکاڵا لە ساڵی ٢٠٢٣، هەروەها ٢١ هەزار و ٥٨٥ سکاڵا لە ساڵی ٢٠٢٢ تۆمارکراون.
بە گوێرەی راپۆرتی سەنتەرەکە، توندوتیژیی دژ بە ژنان لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە (٧٥%)ـی کۆی توندوتیژییەکان پێکدەهێنێت، هەروەک توندوتیژیی بۆ سەر مناڵان بە رێژەی ٦٪ تۆمارکراوە.
لەبارەی هۆکارەکانی ئەنجامدانی توندوتیژی، سەنتەرەکە باسی لەوەکردوە: کەمی رۆشنبیریی هاوسەران، کێشەکانی ئابوری، جیاوازیی بۆچوی ئاینی لەنێوان هاوسەران، زیادبونی ناپاکی هاوسەری و زیادبونی رێژەی توشبون بە ماددە هۆشبەرەکان، هۆکاری سەرەکین.