مارەیی نایەت!

2024/08/20    332 جار بینراوە


بەهار مونزیر، چالاکی ژنان

پرۆژە پێشنیازی شیعەکان لە پەرلەمانی عێراق چیمان پێدەڵێت؟ 
لەم چەند رۆژەی رابردودا چەندین هەواڵمان گوێ لێبو سەبارەت بە هەمواری یاسایی باری کەسێتی ژمارە (١٨٨)ـی ساڵی ١٩٥٩. هەڵبەت یەکێك لەو بەهانانەی باس دەکرێت رێکەوتنی سیاسییە لە نێوان باڵی سونەکان و باڵی شیعەکان لەپێناو دەرچواندنی یاسایی لێبوردنی گشتی و بەردانی کۆمەڵێک زیندانی، وە بابەتێکی دیکەمان گوێ لێدەبێت ئەوەیش ئەوەیە شیعەکان ئێستا لە دەسەڵاتدان و دەیانەویت سودی لێوەرگرن تا مەزهەبی جەعفەری پەیڕەو بکەن، لەبەرامبەریش دا سونەکان ئازادن مەزاهەبەکانی خۆیان پەیڕەو بکەن بۆ نمونە شافعی، مالکی یان حەنەفی. خاڵیكی دیکە ئەوەیە کە بە ئێران کردنی عێراقە، وە ئێران دەیەوەێت هەژمونی خۆی بە هەمو شێوەیەك بەسەر عێراقدا بسەپێنێت، هەروەها سەرانی شیعەی عێراقی پێوسیتە ملکەچی ستراتیژی ئێران بن.

ئەوەی کە من دەمەوێت تیشك بخەمە سەری ئەوەیە هەر کام لەم ئەگەرانە بۆ ئەنجامدانی ئەم هەموارە، عێراق دەکاتە زیندانێكی گەورە بۆ مناڵانی کچ و پەراوێزخستنیان لە گەشەکردن و پێگەیاندن لە بوارە جییاوازەکان، کە لەسەرو هەمویانەوە بە سێکسواڵەکردنیان و دەستدڕێژی کردنە سەریان، ئەمەش زەمینەسازییە بۆ دروستکردنی شەپۆلێک لە ژنانی  عێراق دور لە هەموو پێشکەوتنێکی دنیای ئەمرۆ، خوێندن و خوێندەواری، بەشداری لە ژیانی گشتی، بەشداری لە کایەیی ئابوری، سیاسی، ڕۆشنبیری و فەرهەنگی و هتد.. 

لە بەرامبەر ئەمەدا، ئەوەی جێگەی دڵخۆشی و سەرنجدانە، دەنگێکی زۆر بەهێز هەیە لە ناو شەقامی عێراق و کوردستان، کە رەفزی ئەو پرۆژە پێشنیازە دەکات و رەتیدەکاتەوە، تا عێراق بکاتە وڵاتیکی مەزهەبی و پیاوانی نوێنەری مەزاهبەکان بە سونەشەوە دەست ئاواڵا بکات لەوەی لەدەرەوەی دادگا خۆی بڕیاردەربێت. ئەمەش کاری چەند ساڵەی ئازادیخوازن و یەکسانی خوازان لەباردەبات لە عێراق و کوردستانیش بەناڕاستەوخۆ.

بابەتێکی دیکە گرنگە بە رونی حزبە کوردییەکان پێمان بڵێن چیدەکەن؟ چونکە بە بێدەنگی ناتوانین هیچیان لێوەرگرین، یاخود ناتوانن راستەوخۆ بڵێن ئێمە لەگەڵ ئەم پرۆژە پشێنیازەدا نین، ئایا دەتوانن بەیانێك دەربکەن بە دەنگی بەرز باس لە خراپی و هۆکاری وێرانکردنی کۆمەڵگا بکەن بەهۆی یاسایەکە کە کچی ٩ ساڵ دەدات بەشو؟ ٦٤ پەرلەمانتارمان لە عێراق هەیە بەڵێ بیستمان لەگەڵیدا نین، بەڵام گرنگە رون بن، دڵی شیعەکان رانەگرن. بۆ یەکجاریش بێت رای خۆیان بڵێن، چونکە (میشێل فۆکۆ) دەڵێت "هەمو نەکردەیەک دەبێتەوە بە کردە". 

خاڵێکی دیکە باس لەوەدەکرێت سەرۆك کۆمار واژۆی کۆتایی لەسەر هەمواری ئەو یاسایە دەکات، دەشتوانێت نەیکات و ئۆتۆماتیکی رەزامەندی نیشاندەدات. ئایا چی دەکات؟ وە ئێمە چی دەکەین ئەگەر گریمان وادەرچو بابەتەکە چوە لای سەرۆکی کۆمار.

ئەوەی من دڵخۆشدەکات ئەو ژنانەن لەسەر شەقامەکان هاواری لابردنی ئەم پرۆژە پێشنیارە مەزهەبیە دەکەن و دەڵێن لایببەن پرۆژەکەتان ، نا بۆ بەشودانی مناڵ، نا بۆ دەستدڕیژی سێکسی بۆ سەر مناڵان.

پێموایە ئەمە ئەرکی تەنها داکۆکیکاران و رێكخراو و کەسایەتیەکان نیە تا لەبەرامبەر تێکدانی ژیانی مناڵان بوەستنەوە، بەڵکو ئەرکی هەمومانە کاری لەسەر بکەین و رەتیبکەینەوە. بە شیێوەی جیاواز.

ئەو کات هەمومان بلێن مارەیی نایەت... 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,798,430     ژمارەی میوان 1471

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە