هاوسەرگیری کچانی مناڵ لە یاساکانی عێراق دا

2024/08/16    316 جار بینراوە


نەجیبە مەحمود، چالاکی ژنان

هاوسەرگیری مناڵی کچ یەکێکە لەو بابەتە کۆمەڵایەتی و مافە مرۆڤیانەی کە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان دا بە قورسی باسی لێوە دەکرێت، لەوانە عێراق کە جگە لەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی تاکەکەسی کچان هەیە، لێکەوتەی کۆمەڵایەتی و ئابوری بەرفراوانیشی هەیە.

یاساکانی عێراق لەم بوارەدا پێویستیان بە پێداچونەوەی جدی و چاکسازی هەیە. دۆخی یاسایی هاوسەرگیری کچانی مناڵ لە عێراق، یاساکانی ئێستای عێراق، راستەوخۆ و بە ئاشکرا سنورێک بۆ تەمەنی هاوسەرگیری دانەناوە.

لە زۆر حاڵەتدا کچان دەتوانن لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵەوە بە رەزامەندی دایک و باوکیان و بە مەرجێکی دیاریکراو هاوسەرگیری بکەن، ئەم دۆخە بە هۆی بونی کولتورە جیاوازەکان و فشارە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەماڵەکان، لەدەرئەنجامە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکان.

هاوسەرگیری لە تەمەنی گەنجی دا دەبێتە هۆی کێشەی جدی بۆ کچان، ئەم کێشانە بریتین لە نەبونی دەستڕاگەیشتن بە خوێندن، زیادبونی مەترسییە تەندروستییەکانی پەیوەست بە دوگیانی هەرزەکاران و کەمبونەوەی دەرفەتی دامەزراندن لە داهاتودا، هەروەها ئەم پرسە دەتوانێت ببێتە هۆی زیاد بونی هەژاری و نایەکسانی جێندەری و کۆمەلایەتی.

لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکانی عێراق دا شوکردنی کچان لە تەمەنێکی بچوکدا بەشێکە لە نەریت و داب و نەریتی کولتوری، ئەمەش وادەکات گۆڕینی هەڵوێستەکان و دەستکاریکردنی یاساکان قورس بێت، بەڵام پێویستە وردە وردە هۆشیاری گشتی زیاتر بکرێت سەبارەت بە دەرئەنجامە نەرێنییەکانی ئەم جۆرە هاوسەرگیریانە و پەرەپێدانی کولتوری نوێ لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ و یەکسانی جێندەری، لەمبارەوە یەوە پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاسا هەیە، بەمەبەستی روبەڕوبونەوەی ئەو کێشانە بەهۆی هاوسەرگیریی مناڵی کچانەوە دروست دەبێت، پێویستی چاکسازی یاسایی لە عێراقدا هەیە .

پێویستە ئەم چاکسازیانە بریتی بن لە دانانی تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری، دروستکردنی پارێزگاری یاسایی بۆ کچان و بەرەوپێشبردنی پەروەردە و هۆشیاری لەم بوارەدا. هەروەها هاوکاری لەگەڵ رێکخراوە ناحکومی و نێودەوڵەتییەکان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ باشترکردنی دۆخی مافەکانی کچان. هاوسەرگیری مناڵ لە عێراق دا کێشەیەکی جدییە و پێویستی بە گرنگیدان و کردەوەی دەستبەجێ هەیە.

بەگۆڕینی یاساکان و زیادکردنی هۆشیاری گشتی دەتوانین یارمەتیدەر بین لە باشترکردنی دۆخی کچان و دروستکردنی کۆمەڵگایەکی دادپەروەرتر. ئەمەش نەک تەنها بۆ کچان، بەڵکو بۆ هەمو کۆمەڵگاش سوودی دەبێت، چونکە گەشەپێدانی بەردەوام و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی بە رەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەموان دەتوانرێت بەدەستبهێنرێت.

کارکردن لەو بوارەدا تەنها ئەرکی هاوڵاتیانی عێراق نیە، بەڵکو ئەرکی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانیشە، جگە لەبوارە مرۆییەکە بەڵکو بە پێ دەستوری عێراق کاریگەری راستەوخۆشی دەبێت لەسەر یاساکانی هەرێمی کوردستان، چونکە دارشتنەوەی یاساکانی هەرێم نابێت ناکۆک بێت لەگەڵ بنەما دەستوری و یاساییەکانی عێراقدا.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,673,461     ژمارەی میوان 814

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە