* نەوژین
د.دنیا عادل، لەبارەی دەستگیرکردنەکەی و کێشەکەی رونکردنەوەدەدات و دەڵێت: دەستگیرکردنەکەم هاوشێوەی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی ماددەی هۆشبەر بو، هەروەک لە ئێستا دا مەترسی لەسەر ژیانی خۆم و خێزانەکەم هەیە.
دوای ئەوەی رۆژی (١٠ـی ئەم مانگە) د.دنیا عادل، کە پیشەی پزیشکی ددانە، لە شاری سلێمانی دەستگیرکرا، ئەمڕۆ ئەو خانمە پزیشکە لەڕێگەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیەوە لەبارەی هۆکار و چۆنیەتی دەستگیرکردنەکەی و ئەو کێشەیەی کە بەهۆیەوە دەستگیرکراوە رونکردنەوەی دا.
لەمیانی کۆنگرەکە دا کە ئەو خانمە پزیشکە لەبەردەم دادگای هەولێر سازیکردبو، رایگەیاند: لەکاتێک دا من بەپێی ماددەی دو لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی دەستگیرکرابوم، بەڵام لەکاتی دەستگیرکردنم وەک ئەوەی کەیسەکەم ماددەی هۆشبەر بێت رەفتارم لەگەڵ کرا، بەشێوەیەک هێزێکی زۆر هاتنە ماڵەکەم و جلەکانمیان پشکنی تەنانەت جلەکانی ژێرەوەشم هێندرانە دەرەوە و پشکنینیان بۆ کرا.
ئەمە لەکاتێک دا، رۆژی دوای دەستگیرکردنی ئەو خانمە، سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسی دا رایگەیاند: ئەو خانمە پزیشکە بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراوە و هیچ سەرپێچیەکی یاسایی لەکاتی گرتنەکە دا روینەداوە.
ئەو خانمە پزیشکە لەبارەی کێشەکەیشیەوە کە بەهۆیەوە دەستگیرکراوە، وتی: مێژوی کێشەکەم دەگەڕێتەوە بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ، کەسێک بەناوی (ه،و،خ)، داوای کاری بەدڕەوشتی لێکردم، بەڵام کە من رەدمکردەوە دەستی بە هەڕەشەکردن کرد لێم و ئێستاش ئەو سکاڵای دژ بە من تۆمارکردوە.
زیاتر وتی: هەرچەندە ئێستا ئازادکراوم، بەڵام مەترسی لەسەر ژیانی خۆم و خانەوادەکەم هەیە، چونکە ئەو کەسە پێی وتوم یان وادەکەم خۆت بکوژیت یان خۆم دەتکوژم، پێیشی وتم تەنانەت وادەکەم بڕوانامەکەت لێوەرگرنەوە.
ماوەی دو رۆژی رابردو کۆمەڵێک دەنگی تەلەفۆنی کە گوایە ئەو خانمە پزیشکەیە و تێیدا هەڕەشە لە (ه،و،خ) دەکات بڵاودەکرێنەوە، د.دنیا عادل، لەو بارەیەوە وتی: ئەو دەنگانەی کە لەچەند رۆژی رابردو دا بڵاوکراونەتەوە، هەر ئەو کەسە بڵاویکردوەتەوە، دەنگەکان دروستکراون و بەهیچ شێوەیەک من ئەو قسانەم نەکردوە.