* نەوژین
لە هەرێمى کوردستان، سەرو پێنج هەزار رێکخراوى کۆمەڵگەى مەدەنى تۆمارن، رێژەی نزیکەی (٥%)ـیان لەسەر پرسەکانی ژنان کاردەکەن، بەوتەی چالاکوانێکی بوارەکەش: ئەو رێکخراوانە توانیویانە چەندین ژن لەکێشە رزگاربکەن.
لە هەرێمى کوردستان تاوەکو ئێستا ٥٢٩١ رێکخراو تۆمارن لە فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکان، لەو ژمارەیە نزیکەى ٢٥٠ رێکخراویان لە بوارى ژنان دا کار دەکەن، ئەوەش بەپێى ئامارێکى فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکان کە بە نەوژینى داوە.
سەیوان رۆستەم، کە چالاکوانێکى بەرگریکردنە لە مافى ژنان، لەبارەی رێکخراوەکانی تایبەت بە پرسی ژنان وتی: ئەوان ئامانجیان بە مەدەنیکردنى کۆمەڵگە و بەرەنگاربونەوەى توندوتیژییە، رۆڵى زۆر باشیان هەبوە لە کەمبونەوەى توندوتیژییە خێزانییەکان بەگشتی و بەتایبەتیش توندوتیژیەکانی دژ بە ژنان.
زیاتر وتی: بە نمونە کە ژنێک روبەڕوی توندوتیژی دەرونی یا جەستەیی، جیابونەوە، پێنەدانی میرات، لێسەندنەوەی مناڵ یان هەر کێشەیەکی دیکەی خێزانی دەبێتەوە، ئەوە رێکخراوەکانن کە یارمەتی دەدەن و پارێزەری بۆ دەگرن بێ بەرامبەر.
ئەو چالاکوانە جەختیشی کردەوە: جگە لەوانە رێخراوەکان بەردەوام خەریکی هۆشیارکردنەوەی خەڵکن کە دوربکەونەوە لە توندوتیژی خێزانی، بەڵام بەرەنگاربونەوەى توندوتیژى پڕۆسەیەکى دورمەودا و درێژخایەنە، وەک دەڵێت،"دەبێت لە مناڵێکى ساواوە دەستپێبکەین و لە خوێندن و پەروەردە رەنگ بداتەوە".