* نەوژین
سەرباری رێگرییەکان بڕیارە سبەی جارێکی تر دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای باری کەسێتی بخرێتە بەرنامەی کاری پارلەمانی عێراقەوە، پارلەمانتارێکیش دەڵێت: ئەگەرەکان بۆ ئەوەن لەم دانیشتنە دا یاساکە هەموار بکرێتەوە.
بڕیارە سبەی سێشەممە (٢١ـی کانونی دوەم) جارێکی تر دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای باری کەسێتی بخرێتە بەرنامەی کاری پارلەمانی عێراقەوە، بە وتەی پارلەمانتارێکیش چەند گۆڕانکارییەک لە هەموارەکە کراوە.
پارلەمانتار؛ ئومێد محەمەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پارلەمانی عێراق، بە نەوژینی راگەیاند: چەند گۆڕانکارییەک لە بڕگەکانی هەموارەکە کراوە. بەشێوەیەک تەمەنی هاوسەرگیری بۆ کچان لە ٩ ساڵی یان ١٢ ساڵیەوە بۆ ١٥ ساڵ بەرزکراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەدا مەرج بۆ هاوسەرگیرییەکە دانراوە، کە دەبێت بەخێوکەری کچەکە رەزامەند بێت.
جەختیکردەوە: ئەگەرەکان بۆ ئەوەن لەم دانیشتنە دا یاساکە هەموار بکرێتەوە، چونکە بەشی زۆری پارلەمان شیعە مەزهەبن کە دروستکەری هەموارەکەن، لەلایەکی تر بەشێکی تری کەمی سونی مەزهەبەکان دەنگ بە چەند بڕگەیەک لە هەموارەکە دەدەن، ئەمەش بەناچاری، چونکە هەمواری یاساکە هاوشان کراوە لەگەڵ یاسای لێبوردنی گشتی، کە سونییەکان داوای هەموارکردنەوەیان کردوە.
یاسای باری کەسێتی عێراقی، ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٩، یەکێکە لەو یاسا سەرەکی و بنەڕەتیانەی کە رێکخستنی خێزان بە گشتی و باری تاکەکان بە تایبەتی لە خۆدەگرێت، یاساکە بەسەر ٩٤ ماددە دا دابەش بوە و لە تەواوی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە کاری پێدەکرێت.
ژمارەیەك پارلەمانتاری عێراق لە چەند فراكسیۆنێكی جیاواز، لە دانیشتونی رۆژی چوارشممە (٢٤ـی تەموزی ٢٠٢٤)ـی پارلەمانی عێراق هەموارێكیان بۆ یاسای باری كەسێتی كرد، هەرزو هەموارەکە دەنگی دایەوە، ئەوەش بەهۆی لەخۆگرتنی چەند خاڵێک کە چالاکوانان بە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ و ژنان دەیزانن.
لەدوای ئەوەش چەند جارێکی دیکە هەوڵدرا بهێندرێتەوە نێو پارلەمان خوێندنەوەی بۆ بکرێت و پەسەند بکرێت، بەڵام رێگری لێکرا.