* نەوژین
رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی، لەبارەی دۆخی ژنانی رزگاربوی توندوتیژی لە هەرێم دەڵێت، ‘لە دۆخێکی ترسناک‘ـدا دەژین، دەشڵێت: ژنان لەلایەن سیستمی دادەوە لە کوردستانی عێراق تادێت زیاتر رەتدەکرێنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە (٣ـی تەموز) رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی، راپۆرتێکی دەربارەی دۆخی ژنان بە گشتی و ژنانی رزگاربوی توندوتیژیی لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت بڵاوکردوەتەوە، تێیدا باسلەوەدەکات، ئەو ژنانەی رزگاربوی توندوتیژیە خێزانیەکانن لە دۆخێکی ترسناک دا دەژین و ‘بەدەگمەن‘ لەدوای تۆمارکردنی سکاڵا دادپەروەری وەردەگرن.
رونیکردوەتەوە: ئەو ژنانەی سکاڵا تۆماردەکەن، لەدوای تۆمارکردنی سکاڵاکانیان لەلایەک روبەڕوی تۆڵەسەندنەوە، هەڕەشە و تۆقاند لەلایەن سکاڵا لێکراوەکەوە دەبنەوە، لەلایەکیش لەلایەن دادوەرانەوە توشی ئاستەنگی دەبن، بەگشتی تادێت ژنان لەلایەن سیستمی دادەوە لە کوردستانی عێراق زیاتر رەتدەکرێنەوە، چونکە زیاتر دادوەرانی هەرێم لەبەکارهێنانی یاسا دا لەبری پاراستنی ژنە قوربانییەکە، بڕیارەکانیان بە مەیلی پاراستنی خێزانەکاندایە.
لە درێژەی راپۆرتەکە دا، هاتوە: سەرباری گرتنەبەری چەند رێکارێکی یاسایی ئەرێنی لە هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزانیی، بەڵام وادەردەکەوێت بەرپرسانی هەرێم شکستیان هێنابێت لە دادگاییکردنی دەستدرێژیکاران بۆسەر مافەکانى ژنان، بە تایبەت لە حاڵەتەکانی وەک (کوشتن، دەستدرێژیی سێکسی، لێدان و سوتاندن) ئەمەش بەپێی دواین بەدواداچونمان کە دەرکەوتوە ژنانی ناوچەکە روبەڕوی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە.
لە راپۆرتەکە دا هەروەها ئاماژە بە ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی فیدراڵی دراوە، کە تێیدا دەڵێت: لەکۆی نزیکەی ١٤ هەزار سکاڵا کە لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ دا لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە تۆمارکراون و زۆرینەیان ژنان تۆماریانکردوە، تەنها تۆمەتبارانی نزیکەی ١٠٠ دۆسیە سزادراون، لەبەرامبەر دا نزیکەی سێ هەزار کەس کە تۆمەتباربون بە کەفالەت ئازادکراون، هەروەک نزیکەی (چوار هەزار و ٥٠٠ دۆسیە)ـیان بە سوڵحی عەشایەری چارەسەرکراون.