باران سەعید حاجی
چەمكی لێدان:
لێدانی ئافرەت لەلایەن ھاوسەرەكەیەوە، بریتییە لە ھەر كردەوەیەك كە ئازار بە جەستە و دەرونی ئافرەت بگەیەنێت.
لە ھەرێمی كوردستان پێچەوانەی عێراق، توندوتیژی و لێدانی ئافرەت و ئەندامانی دیكەی خێزان، رێگە پێدراو نییە، بەپێی خاڵی 12ـەیەمی ماددەی دوەم لە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی، ژمارە ٨ـی ساڵی ٢٠١١ ، لێدانی تاكەكانی خێزان و مناڵان بە ھەر بیانویەك، رێگە پێدراو نییە و تاوانە، ئافرەتیش ئەندامێكی خێزانە و ناكرێت بە ھیچ بیانویەک پیاوەكەی لێی بدات و جەستەیی و دەرونی ئازاری بدات.
لێدانی ئافرەت لە یاسای سزاكانی عێراق و بەراوردكردنی بە ھەرێمی كوردستان:
سزای لێدانی ئافرەت بەپێی یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی
بەپێی ماددەی حەوتەم، لێدانی ئافرەت و جۆرەكانی دیكەی توندوتیژی، بۆ ماوەیەك سزای بەندكردن دەیگرێتەوە كە لە شەش مانگ كەمتر نەبێت و لە سێ ساڵیش زیاتر نەبێت، بە پێبژاردنیش بڕە پارەیەکی پێدەبژێردرێت كە لە یەك ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت یان بە یەكێك لەو دو سزایە.
لەبارەی یاسای سزاكانی عێراقیشەوە، لە ماددەی ٤١ دا ئاماژە بەوەدەكات، ئەگەر لێدان بە مەبەستی تەمبێكردن بێت، نابێتە تاوان، لەو روانگەیەشەوە، و ئەو دەقەشی لە شەریعەتی ئیسلامەوە وەرگرتوە، خوای گەورە دەفەرموێت: (وَاللاتِي تَخَافُونَ نُشُوزَهُنَّ فَعِظُوهُنَّ وَاهْجُرُوهُنَّ فِي الْمَضَاجِعِ وَاضْرِبُوهُنَّ فَإِنْ أَطَعْنَكُمْ فَلا تَبْغُوا عَلَيْهِنَّ سَبِيلاً إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلِيّاً كَبِيراً ) النساء / 34.
واته: ئهو ئافرهتانهی كه ئێوه ترسی ئهوهتان لێیان ههیه كه سهرپێچیتان بكهن و بهقسهتان نهكهن و گوێڕایهڵیتان نهكهن، ئهوه ئامۆژگاریان بكهن، ئهگهر ئامۆژگاری سودی نهبو له جێگادا پشتیان تێبكهن و جێگایان لێ جیا بكهنهوه و لێیان دوربكهونهوه، ئهگهر ئهویش سودی نهبو، وه لێیان بدهن بهڵام (ضربا غير مبرح) نه شوێنێكی بشكێنی و نهشوێنهواری دیار بێت، وه نه خوێنى لێبێت، تهنها بۆ ئهوهی كه بزانێ تۆ لێی توڕهی بۆ ئهوهی كه ئیصڵاحی بكهی.
بەڵام لە ھەرێمی كوردستان رێگە بە لێدانی ئافرەت نەدراوە، بەڵكو بە یاسای ژمارە ٧ـی ساڵی ٢٠٠١ لە ماددەی یەكەم دا، ئەو ماددەیەی یاسای سزادانی عێراقی ھەموار كردوەتەوە و (ژن)ـی بەدەر كردوە لە دەقی تایبەت بە رێدان بە لێدانی ئافرەت بە مەبەستی تەمبێكردن.
لە ماددەی ٤٠٩ـی یاسای سزاكانی عێراقی دا، رێگەی داوە بە كوشتنی ژن لەلایەن مێردەكەیەوە لە حاڵەتی بینین بە زینا، واتە جوتبون لەگەڵ پیاوێكی دیكە، بەڵام لە ھەرێمی كوردستان ئەو ماددەیە لەكارخراوە بە یاسای ژمارە ٣ـی ساڵی ٢٠١٥ ، ئامانجیش لەو لەكارخستنە وەك لە یاساكەدا ئاماژەی بۆ كراوە، لەپێناو چەسپاندنی دادگەری و ھێنانەكایەی كۆمەڵگایەكی دور لە توندوتیژی و جیاكاری رەگەزییە.
لە ماددەی ٣٧٧ـی یاسای سزاكانی عێراقی دا، لە بڕگەی یەكەم سزای حەبسكردنی بۆ ئەو ژنە بڕیوەتەوە كە زینای ئەنجامداوە، بەڵام باس لەوە ناكات ئەو زینایە لە ماڵی ھاوسەرگیری بێت یان دەرەوە، بەڵكو لە ھەر شوێنێك ساخ بوەوە كە زینا ئەنجامداوە، بە حەبسكردن سزا دەدرێت، لە بڕگەی دوەمدا پیاوی زیناكار بە ھەمان سزای ئافرەت سزا دەدرێت، ئەگەر زیناكە لە ماڵی ھاوسەرگیری بێت، بەڵام ئەگەر لە دەرەوە بو، رێگەی پێدراوە.
بەڵام لە كوردستان دا بە یاسای ژمارە ٩ـی ساڵی ٢٠٠١، بڕگەی دوەمی ماددەی ٣٧٧ـی ھەڵوەشاندوەتەوە و مێردی زیناكار و ئەو ئافرەتەش كە زینای لەگەڵدا كردوە، بە ھەمان سزای ئافرەت سزا دەدرێن، جا زینا یاخود جوتبونەكەیان لە ھەر كوێیەك بێت، واتە لە ھەرێمی كوردستان دا بە ھەر بیانویەک بێت، رێگە بە لێدان یاخود كوشتنی ئافرەت نەدراوە.
ئەو سزایانەی پەیوەستن بە لێدان لە یاسای سزاكانی عێراقی:
ماددەكانی ( ٤١٢، ٤١٣، ٤١٤) ئەو ماددانەن كە باس لە لێدان دەكەن بە شێوەیەكی گشتی و دەكرێت لێدانی ئەندامانی خێزان و ھاوسەرانیش بەو ماددەیە دادگایی بكرێن، لە ئەگەری لێدان، بەڵام ئەوە لە كاتێكدایە ئەگەر یاسایەكی تایبەت نەبێت بابەتەكەی رێكخستبێت، قاعیدەیەكی قانونی ھەیە دەڵێت (الخاص یقید العام)، بۆیە مادام یاسایەكی تایبەت ھەیە لە كوردستان بە ناوی یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزان، دەقەكانی یاسای سزاكانی عێراقی كاریان پێناكرێت لەو بابەتەدا.
مەگەر وەك لە یاساكەدا ئاماژەی بۆ كردوە، ئەگەر لە یاسایەكی دیكە سزاكەیان توندتر بێت، ئینجا كاری پێدەكرێت، ئەگەر سزاكەیان سوكتر بو یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی لە ھەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت.