گرنگی ئابوری سەربەخۆ بۆ ئافرەتان

2024/06/21    483 جار بینراوە


ھۆزار تۆفیق 

ئافرەت بەشێکە لە پێکھێنەری کۆمەڵگا، رۆڵی بەرچاو و کاریگەری ھەیە لە گەشەسەندن و بەرەو پێش چونی خێزان و کۆمەڵگا، ئابوری سەربەخۆ بەشێکە لەو ھۆکارانە بۆ گەیشتن بە مافەکانی ئافرەتان و گێڕانەوەی ھاوسەنگیە لە ئەرک و ماف دا، ھەروەھا بۆ گەیشتن بە ئازادی پێویستە ئافرەتان خاوەن داھات و ئابوری سەربەخۆی خۆیان بن.

ئابوری سەربەخۆ بۆ ئافرەتان گرنگ و کاریگەرە لە چەند رەھەندێکەوە لەوانە:

١- ئەو ئافرەتانەی کە خاوەن ئابوری سەربەخۆن ھێز و کاریگەریان زیاترە لەسەر خێزان و کۆمەڵگا و متمانەیەکی زۆریان بە خودی خۆیان و کارەکەیان و ھەنگاوەکانیان ھەیە بۆ باشترکردنی کار و پیشەکەیان.

٢- ئەو ئافرەتانەی کە خاوەن کاری تایبەت بە خۆیانن، دەتوانن خاوەن بڕیای گرنگ ویەکلاکەرەوەی خۆیان بن لە بوارەجیاجیاکان دا، کە ئەمەش کاریگەری ئەرێنی دروست دەکات لە بەھێزکردنی کەسایەتی خۆیان و پاراستنی پێگەیان لە نێو خێزان و کۆمەڵگا دا.

٣-کارکردنی ئافرەتان ھۆکارێکە بۆ ھاوسەنگی رێژەی نێوان ئافرەتان و پیاوان لە بازاری کارکردن.

٤-ئافرەتانی خاوەن ئابوری سەربەخۆ، ئەگەر لە ھەر کەرتێکی تایبەت کار بکەن چاوەڕوانی کەرتی حکومی ناکەن، تاوەکو دابمەزرێن بەڵکو دەبنە خاوەن داھاتی سەربەخۆی خۆیان.

٥- ئابوری سەربەخۆ تێکەڵبونی ئافرەتانە بە کۆمەڵگا و دنیای دەرەوە، لە روی دەرونیشەوە ئەو ئافرەتانە زیاتر ھەست بەئارامی دەکەن، چونکە دەبینن لەنێو کۆمەڵگاکە و خێزانەکەیان جێ دەستیان دیارە.

٦- هەبونی ئابوری سەربەخۆ ھۆکارێکە بۆ کەم بونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و کەم بونەوەی کێشەکۆمەڵایەتیەکان.  

٧- ژنانی خاوەن ئابوری سەربەخۆ ھاوکارێکی باش دەبن بۆ خێزان و خانەوادەکەیان، ئەوەش دەبێتە ھۆی فرەچەشنکردنی داھاتی خێزان.

٨- ئابوری سەربەخۆی ژنان سود و گرنگی ھەیە بۆ بەرەو پێش چونی کۆمەڵگا، ژنانی خاوەن ئابوری سەربەخۆ ھۆکارێک دەبن بۆ ئەوەی ئافرەتانی تر بتوانن بێنە پێشەوە و ھەلیکاری زیاتر بۆ ئافرەتان بڕەخسێت.

ھەمو ئەم خاڵانە ھۆکارێک دەبێت بۆ ئەوەی نەوەیەکی تەندروست و خێزانێکی تەندروست و دواجار کۆمەڵگایەکی تەندروستمان ھەبێت، چەندین کاریگەری ئەرێنی ھەیە لەسەر خێزان و کۆمەڵگە.

پەروەردگار بەھرەیەکی بە ئافرەتان بە خشیوە کە دەتوانن لەیەک کاتدا بە چەند کارێک رابگەن، لەگەڵ ئەوەش دا زۆر گرنگە ھاوسەنگی رابگرن لەنێوان ھاوسەرەکانیان و مناڵ و ماڵ و پەیوەندیە کۆمەڵایەتەکانی بەھۆکاری ئەوەی ھەمیشە نمونەیەکی باش و سەرکەتوبێت بۆ ئافرەتان و ھەمیشە لەو داھاتەی کە بەدەستی دەھێنن بەشێکی تەرخان بکەن بۆ وەبەرھێنان و بەرەپێش چونی خۆیان و کارەکانیان.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,760,070     ژمارەی میوان 1516

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە