ئاڤان بەهۆی زۆری رێژەی سوتاویەکەی گیانی لەدەست دا

2024/06/12    1234 جار بینراوە


* نەوژین

ئاڤان جەزا، ئەو ژنە تەمەن ١٧ ساڵەی کە شەوی (٦ـی ئەم مانگە) لە ماڵەکەی خۆیدا سوتا، بەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.

سەرچاوەیەک لەنێو نەخۆشخانەی سلێمانی، بە نەوژینی راگەیاند: ئاڤان بەهۆی زۆری رێژەی سوتاویەکەی ئەم بەیانییە گیانی لەدەستداوە.

پێشتر باوکی ئاڤان بە نەوژینی راگەیاندبو: کچەکەم لەلایەن هاوسەرەکەیەوە لەنێو گەرماوەکەیان سوتێنراوە.

دوای دو رۆژ لە روداوەکەش، ڤیدیۆیەکی ئاڤان لەدوای سوتانی لەلایەن باوکیەوە بڵاوکرایەوە، کە تێیدا ئاڤان دەڵێت: هاوسەرەکەم منی لەنێو گەرماوەکە دا سوتاند و هەڕەشەیشی لێکردم دەبێت بڵێم خۆم ئەو کارەم ئەنجام داوە، گەرنا باوکم دەکوژێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، هاوسەری ئاڤان لەلایەن پۆلیسەوە و بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراوە، هێشتاش نکوڵی لەوەدەکات ئەوکارەی ئەنجامدابێت، وەک سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە نەوژینی وت: هاوسەری ئاڤان لەکاتی ئیفادەدا وتویەتی، ئاڤان خۆی هەستاوە بە ئەنجامدانی ئەو کارە.

ئاڤان لەکاتی سوتانی دوگیان بو و دوانەیەکی لە سک دا بو، بە وتەی باوکی، بەهۆی سوتانەکەیەوە هەردوکیانی لەدەستداوە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,760,424     ژمارەی میوان 1870

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە