وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێم: سەنتەرەکانی داڵدەدانی ژنان پارێزراون

2024/05/24    879 جار بینراوە

 

* نەوژین

ئەو ژنانەی هەڕەشە لەسەر ژیانیان هەیە بەناچاری رو لە سەنتەرەکانی داڵدەدانی ژنان دەکەن کە بە "شەڵتەرەکان" ناسراون، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێم لەڕێگەی نەوژینەوە باس لە دۆخی ئەو سەنتەرانە دەکات و دەڵێت: پارێزراون و بەراورد بە پێشتر خەڵک زیاتر متمانەی پێیانە، هەروەک ژنانی بیانیش لەخۆدەگرن.

بەگشتی سێ شەڵتەری سەرەکیی و هەمیشەیی لە شارەکانی: هەولێر، سلێمانی، دهۆک هەن، لەگەڵ شەڵتەرێکی کاتیی لە گەرمیان، ئەو ژنانەی هەڕەشە لەسەر ژیانیان هەیە رو لەو شەڵتەرانە دەکەن و تاوەکو جێبەجێبونی ماف و مامەڵە یاساییەکانیان لەو پەناگانە لە مەترسی پارێزراو دەبن.

لەبارەی دۆخی شەڵتەرەکانەوە، ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، بە نەوژینی وت: دۆخی شەڵتەرەکان لە ئێستا دا بەراورد بە پێشتر باشترە، پێشتر ناوبانگی شەڵتەرەکان باش نەبو، راستە هێشتا بەشی زۆری خەڵک لای ئاسایی نییە کەسوکاری لێرەبێت، بەڵام بەراورد بە پێشتر متمانەیان زیاتر پێی هەیە.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێم، تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردو، ٦٥ ژن لە شەڵتەرەکانی ژناندا بون و داڵدە دراون؛ بەشێوەیەک زۆرترینیان لە هەولێر بون پاشان سلێمانی، ئینجا دهۆک و گەرمیان.

بە گشتیش ساڵی رابردو ٩٠١ ژن لەو شەڵتەرانەدا بۆ ماوەی جیاجیا داڵدەدرابون، بەگوێرەی ئاماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆی ئەو ژمارەیە ٣٥٪یان لە هەولێر، ٣٥٪یان لە سلێمانی، ٢٦٪یان لە دهۆک و ٤٪یان لە گەرمیان بون.

لەبارەی ئاماری ئەمساڵەوە، ئاریان ئەحمەد، وتی: بۆ ئەمساڵ ئاماری وردمان لانییە، بەڵام بەزۆری رۆژانە زیاد لە ٥٠ ژن لە شەڵتەرەکان دەمێننەوە، هەروەک جگە لە ژنان چەندین مناڵیشیان تێدا دەمێنێتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەندێک کات بەهۆی دایکیانەوە مەترسی لەسەر ژیانی ئەوانیش هەیە.

جگە لە ژنانی هەرێم، ژنانی بیانیش لە شەڵتەرەکاندا داڵدەدرێن.

وەک ئاریان ئەحمەد ئاماژەیپێکرد: ئێمە لە شەڵتەرەکان داڵدەی ژنانی بیانیش دەدەین ئەمەش بۆ ئێمە کێشەیە، چونکە بەشێکیان کێشەی گەورەیان هەیە، هەروەک زۆرکات ژنان بەتایبەت ئەوانەی هەڕەشەی کوشتنیان لەسەرە، داوای ناردنیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەکەن، ئەمەش کارێکی قورسە. 

لەنێو ئەو چوار شەڵتەرەی لە هەرێم هەن، سێیان کە شەڵتەرەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆکن هەمیشەیین، وەک وتەبێژی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەیپێکرد: چەندین ژن هەن بۆماوەی چەندین ساڵە لەو شەڵتەرانە دەژین. 

بەڵام شەڵتەرەکەی کەلار تەنها تاوەکو ٧٢ کاتژمێر ژنانی هەڕەشەلێکراو دەتوانن لێی بمێننەوە، لەدوای ئەوە ئەگەر کێشەکەیان چارەسەر نەبێت دەنێردرێن بۆ شەڵتەرەکەی سلێمانی.

لەوبارەیەوە وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وتی: لە گەرمیان کەیسەکانی شەڵتەر کەمن، بۆیە هێشتا بەو شێوەیە هێشتومانەتەوە، لەداهاتودا ئەگەر کەیسەکان زۆربن، هاوشێوەی شارەکانی دیکە هەوڵدەدەین بیکەین بە هەمیشەیی. 

وتیشی: هەر لەو روانگەیەوە، بڕیار لەسەر کردنەوەی شەڵتەری ٧٢ کاتژمێریی لە دەڤەری راپەڕینیش دراوە و بەمزوانە دەکرێتەوە، هەروەک پێشنیارمانکردوە لەهەڵەبجەش شەڵتەر بکرێتەوە بۆ ئەوەی چیتر ژنانی هەڕەشەلێکراوی شارەکە ناچار نەبن لە شەڵتەرەکەی سلێمانیدا بمێننەوە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,721,767     ژمارەی میوان 1891

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە