پێنجوێن: کچێک لەلایەن باوکیەوە کوژرا

2024/05/20    405 جار بینراوە


* نەوژین

لە پێنجوێن کچێک لەلایەن باوکیەوە بە چەقۆ کوژرا، پۆلیسی قەزاکەش دەڵێت: روداوەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بوە و باوکەکەش دەستگیرکراوە.

کاتژمێر ٦:٠٠ـی بەیانی ئەمڕۆ لە قەزای پێنجوێن، کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ بەناوی (س، ع، ع) لەلایەن باوکیەوە بە چەقۆ کوژرا.

لەبارەی روداوەکە سەرچاوەیەک لە پۆلیسی پێنجوێن کە نەیویست ناوی بهێنین، بە نەوژینی راگەیاند: بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کە مێژوەکەی بۆ ساڵی رابردو دەگەڕێتەوە، باوکەکە هەستاوە بە کوشتنی کچەکەی.

رونیکردەوە: باوکی کچەکە لەکاتی ئیفادەدا وتویەتی: “کچەکەم لەگەڵ کوڕێک ساڵی رابردو هەڵهاتبو بۆ شاری هەولێر، دواتر کە گەڕایەوە بە بڕیارى دادوەر لەبری خێزانەکەی درابو بە باپیرى و لەلای ئەو دەژیا، بەڵام بەیانی ئەمڕۆ باپیری کچەکەی رادەستکردینەوە و منیش راستەوخۆ بە چەقۆ کوشتم، چونکە داخی ئەو روداوەم لە دڵ مابو“. 

سەرچاوەکەی پۆلیس بۆ نەوژین ئاشکرایشیکرد: دوای روداوەکە باوکەکە هەڵهات بو، بەڵام لە بازگەی ئاسایشى پێنجوێن دەستگیرکراوە و رادەستى پۆلیس کرا، هەروەک لە ئێستادا لێکۆڵینەوەى لەگەڵ دەکرێت.

لەسەرەتای ئەم ساڵەوە، ئەم حاڵەتە یەکەم حاڵەتی کوشتنی کچانە لە سنوری قەزای پێنجوێن.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,565,146     ژمارەی میوان 1636

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە