نەبونی نهێنی پارێزیی (فەیروز ئازاد)ـی بە کوشت دا

2024/04/19    377 جار بینراوە

 

بەهار شوکریە مونزیر

کاتێك کێشەی نەزانی بەڕێوەبردنی دۆسیەی توندوتیژی و نەزانی میدیا دەبێتە هۆکاری ژیان لێسەندنەوەی خاوەن کێشەکە ئەمە ئەنجامەکە دەبێت،  لە دۆسیەی فەیروز دا بەتەواوی دەرکەوت بەجیا لەهەر کێشەیەکی گشتی کە هەیە و باسی دەکەین کێشەی ئەزمون و توانایی، کێشەی نەبونی خزمەتگوزاری بەڕێوەبردنی دۆسیە بونی هەیە، من تیشک دەخەمە سەر دو کەمتەرخەمی بەرچاو کە پێموایە بە هۆکاری هەڵەشەیەوە لە پەلەکردن لە روماڵی میدیای وسۆشیاڵ میدیا. 

هەر کەسێك کاری بەڕێوەبردنی دۆسیە بکات و دۆسیەی بەڕێوەبردبێت، یاخود وەرگێڕ بێت یاخود کارمەندی مەیدانی بێت و لەگەڵ دۆسیەکانی توندوتیژی، یاخود لەگەڵ گەنجاندا کاربکات، دەزانێت ئەوە ئەلف و بێی کارەکەیەتی کە پێش هەر شتێك یاخود کەسەکە هەر کەسێکە، ئەرکیەتی نهێنی پارێزبێت، ئەمە لە بازنەی بەڕێوەبردنی دۆسیەدا چەندین راهینانی تایبەت هەیە لەسەری.

بەداخەوە لەم دۆسیەیەدا نە‌ك نهێنی دۆسیەکە نەپارێزرا، بەڵکو لە ماوەیەکی زۆر کەم دا بڵاوبویەوە کە فەیروز دەستدرێژی کراوەتە سەری، لەکاتێدا هەر ئەوەی ئەم بابەتە بوە مانشێت ئەو کات خەتەرەکە لەسەر ژیانی دروستبو، کەناڵەکانی راگەیاندن زو بونە شەیتانی گیانکێشانی ئەم کچە گەنجە، دۆسیەی دەستدریژی سێکسی ئەوەندە دەبێت پارێزراو بێت نابێت کەس بیزانێت نەك میدیاکارێك کە ئەلف و بێی ئەم بابەتانە نازانێت، بە مەبەست بۆ (زیادبونی بینەر) تیشك دەخاتە سەر دەستدرێژیەکە نەوەك پاراستنی ئەم کچە گەنجە لە چاوی بکوژەکانی. 

خاڵێکی دیکە، چ خێر بو ئەم دو تۆمەتبارە “تیكتۆكچیە” وا زو ئازادکران و هەر هەمان سات باوك و برای ئەم کچە گەنجەیان خەڵتانی خوێن کرد؟! ئەمەی دەگوزەرێت بەجیا لە کەمی هۆشیاری بۆ کارمەندان و دامودەزگاکانی حکومەت، کە پێوستی تەواو هەیە بۆ بەداواچون و دەست بەجێکارکردن و دورخستنەوەی ئەم کچە گەنجانە لەو خەتەرەی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت، رێکخراوەکان لە بەڕێوەبردنی دۆسیەکان دا دەقیقترن وە هەستیارانە مامەڵە دەکەن بەو توانا زۆر سنوردارەی کە هەیە لەبەردەستیان دا.

بۆیە ئەم دۆسیەیە پێویستە دراسە بکرێت و حکومەت و دامودەزگاکانی راهێنان بکەن لەسەر بەڕێوبردنی دۆسیەی توندوتیژی بۆ ژنان و گەنجان، پێویستە ئەم لافاوی نەزانیە بوەستێدرێت، تاوەکو لەبەر نەپاراستنی نهێنی دۆسیەکان نەبێتە لێسەندنەوەی ژیانی گەنجانی ئەم هەرێمە. لە سەرو هەمو ئەمانەوە رۆژانە پیاوسالاری و ژن نەفرەتی لەم کۆمەڵگەیەدا چەقۆی مەرگی کچان تیژدەکەنەوە.

هۆکاری کوشتنی ناموسی جیاوازە لە کوشتنی کەسێکی دیکە بە هۆکاری دیکە، واتە پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەگەر ئەو شەوە فیروز دەستدرێژی نەکرایە سەری و فڕینەدرایەتە خوارەوە، دەکوژرا؟ یان ئەگەرێکی دیکە: ئایا ئەگەر دۆسیەی دەستدرێژیەکە ئاشکرا نەبوایە ئایا فەیروز دەکوژرا؟ ئایا ئەگەر ئەو دو تۆمەتبارە لە سۆشیاڵ میدیا پۆستیان لەسەر ئازادبونیان نەکردبا فەیروز دەکوژرا؟
هەمو ئەمانە پرسیارن. 

هەمو کۆمەڵگە بەرپرسە لە پاراستنی گەنجانی وڵات، بەڕای من زۆر گرنگە ئەم بابەتە لەسەری بڕۆین و ئەم کارانە بکرێت: 

یەکەم: هیچ میدیایەك بابەتی توندوتیژی بە نەزانی روماڵ نەکات، ئەگەر هاتو کردی، لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت.

دوەم: هەر پۆستێك لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبیتەوە و خاوەنی دیاربێت، پێویستە پۆلیس لێیبێتە دەنگ (جار هەیە کەسانێك بە ئەکاونتی زۆر ئاشکراوە هەڕەشەی کوشتن دەکەن)، بۆ وادەکەن؟ من پێموایە لەبەر ئەوەیە کە ئەم هەڕەشانەش جدی وەرناگیرێت و هەمو ئەکاونتەکانی بلۆك بکەن.

سێیەم: پێش هەر کەس بەڕێوەبەرانی دۆسیەکان تواناییان زیادبکرێت و هەستیارانە مامەڵە بکەن، لەکاتی هەر روداوێک دا ئامادەبن و رێگە نەدەن زانیاری لە میدیاکان روماڵ بکرێت.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,370,083     ژمارەی میوان 583

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە