* نەوژین
ئەو کچەی ساڵی رابردو لەلایەن دو کەسەوە لە شوقەیەک لە هەولێر فڕێدرایە خوارەوە، کوژرا، دایکی دەڵێت: حەوت کەس لە کەسوکاری خۆی بە حەوت گوللە کوشتویانە.
ئهردهلان ئهحمهد، وتهبێژی ئاسایشی ههولێر، رایگەیاند: ”فەیروز” ئەو کچەی ماوەیەک بەر لە ئێستا لە شوقەیەک لە ئیسکان لەلایەن دو کەسەوە فڕێدرایە خوارەوە، بەیانی ئهمڕۆ له ناحیهی دارهتو له نزیك ماڵی خۆیان تهقهی لێکراوە و كوژراوه.
هاوکات دایکی فەیروز، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسی دا، رایگەیاند: کچەکەم بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر حەوت و نیوی بەیانی، لەلایەن حەوت کەس لە کەسوکاری کە (باوک، برا، پورزا، خاڵ و خاڵۆزایی) بون، بە حەوت گوللە کوژراوە.
بەرەبەیانی رۆژی (١٨ـی ١١ـی ٢٠٢٣)، لە شوقەیەک لە ئیسکان (فەیروز) لەلایەن دو کەسەوە فڕێدرایە خوارەوە و بەهۆیەوە بە سەختی بریندار بو، راستەوخۆ دوای روداوەکە پۆلیس رایگەیاند: هەردو کەسەکەیان دەستگیرکردوە، وتیشی: فەیروز لەلایەن یەکێک لە ئەوانە دوای دەستدرێژیکردنەسەری فڕێدراوەتە خوارەوە.
هەر ئەوکات پۆلیس هۆکاری فڕێدانەکەی رونکردەوە و رایگەیاند: ئەو کەسە دوای ئەوەی خۆی دەستدرێژی سێکسی کردوەتە سەری داوایکردوە رێگە بدات هاوڕێکەیشی دەستدرێژی بکاتە سەر، کاتێک فەیروز بەوە رازی نەبوە خستویەتیە خوارەوە.
نەوژین زانیویەتی ئەو دو کەسەی لە شوقەکە فەیرزویان خستەخوارەوە، بەر لە دو رۆژ ئازادکراون، دەوترێت سوڵحی عەشایەری کراوە و بەوهۆیە ئازادکران، بەڵام دایکی فەیروز وتی: دورە لە راستیەوە و ئەو دو کەسە بە ”واستە” و ناقانونی ئازادکراون.