نەبونی پەروەردەی سێكسی چ كارەساتێك دروست دەكات؟

2024/01/10    619 جار بینراوە

 

دیلمان ئازاد، پزیشکی پسپۆری پزیشکی دادوەری

دەمەوێت نوسینەكەم، بە وتەیەكی جوانی چینییەكان دەست پێبكەم، كە ئەوان لای خۆیانەوە زۆر باوەڕیان پێیەتی، وتەكە دەڵێت: "دایک و باوک، دەرگای پەروەردەیی دەکەنەوە بەروی مناڵەکانیان لە ژیان، ئەوانیش دەبێت بزانن چۆن هەنگاو دەنێن بۆ ژورەوە".

لێرەوە بابەتێکی زۆر گرنگ هەیە كە دەبێت هەموان كاری لەسەر بكەین بە باوەڕەوە، ئەویش ئەوەیە پەروەدە بناغەی دروستبونی کۆمەڵگایەکی پتەو و بەهێزە، وڵات تەنها پێویستی بە چەك و جبەخانە نییە بۆ بەهێزبون، بەڵکو پێویستی بە تاكی بەهێزە کە لەو تاکەوە کۆمەڵگە دروست دەبێت، تاکی بەهێز و رۆشنبیر و هۆشیار کۆمەڵگای رۆشنبیر و هۆشیار و بەهێز پێکدەهێنی ئەوەش هەموی بە پەروەردەی دروست دێتە دی.

زۆرجار كێشە كۆمەڵایەتییەكان، كە كێشەی زۆر گەورەن، لە بنەڕەت دا لە بابەتێكی زۆر ئاساییەوە دەستیپێكردوە. یاخود لە ئەنجامی هەندێك بیروباوەڕی هەڵە سەری هەڵداوە كە لە ناو كۆمەڵگەدا هەیە و نەوە دوای نەوە دەگوازرێتەوە، بەداخەوە كەسیش دەستی بۆ نابات تا چاكی بكات.

زۆرجار ئەو دیاردانەن كە دەیان كێشەی كۆمەڵایەتییان لە كۆمەڵگەدا دروستكردوە، ئەگەر كەسانێك هەوڵی ئەوە بدەن كە چاكی بكەن ئەوا خەڵكانێكی زۆر بە شتێكی نامۆی دەبینن، چونكە بەشێك لە كۆمەڵگە رەنگە باوەڕی بەهەندێ خورافیات هەبێت كە لە بنچینەدا هەر بونی نییە.

هەموو ئەوانەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبونی پەروەردەیەکی تەندروستی ئەرێنی لەلایەن باوانەوە بۆ مناڵەکانیان، با نمونەیەك لەسەر ئەو باسەی سەرەوە وەرگرین و بیری لێبکەینەوە، تا زیاتر لە مەبەست و ئامانجی بابەتەكە تێبگەین:

کاتێک ژن و مێردێک، لەسەر نەبینینی چەند دڵۆپە خوێنێک لە شەوی هاوسەرگیری شیرازەی خێزان هەڵدەوەشێننەوە، راستەوخۆ بڕیاڕ دەدەن کە ژنەکە پاکیزە نییە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی هەر کەس لە شوێنی خۆیەوە دەبێتە پسپۆر و زانا ئەو بابەتە. هۆكاری بنەڕەتی ئەم دیاردەیەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە لە پەروەردەی خێزان پیاوەکە ئەوەی بۆ ماوەتەوە، ئەو پیاوەی کە ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە وایان لە مێشکی چەسپاندوە کە ژن و پاکیزەییەكەی تەنها چەند دڵۆپە خوێنێکە، کەوابێ پەروەردەکە هەڵە بوە.

كەسمان ئەوەمان لەخۆمان نەپرسیوە بۆچی مناڵێک دەستدرێژی سێکسی یان گێچەڵی سێكسی پێدەکرێت لەلایەن کەسێکی قێزەونی دەرون نەخۆش؟ یاخود كە بابەتێكی وا رودەدات وەڵامی ئێمە چییە یاخود هەڵوێستی ئێمە چییە؟ كە لە بنەڕەت دا كێشەكە بۆ بابەتی پەروەردەی خێزانەكان دەگەڕێتەوە، چ لە لایەنی دەستدرێژیكار چ لایەنی كە دەستدرێژ كراوەتەسەر، ئەوەش هۆکارەکەی لە روی پەروەردییەوە، زۆربەی دایکان و باوک پێیان شەرمە وشەی پەروردەی (سێکسی) باس بکەن، زۆرجار دەڵێن با مناڵ فێری ئەو وشانە نەبن، وادەزانن بەس ئەو وشەیە لەناو بابەتەکە هەیە و ناڵین کە بابەتەکە واتە پەروەردە.

دەبێت ئەو دایبابە تێبگەن، کە ئەوە ئەرکی سەر شانی ئەوانە مناڵەکانیان فێربكەن کە چۆن پارێزگاری لە خۆیان بکەن، چۆن ترسیان نەبێت لە کاتی رودانی هەر شتێک زو باسی بکەن مناڵەکە لە زۆربەی خێزانەکان وا فێرکراوە هەر قسەیەک بکات لە دەمی ئەو مناڵە قەتیسی بکەن و نەهێڵن قسە بکات و ئەگەریش قسەی کرد بەشێوەیەکی توندوتیژی بێدەنگی دەکەن.

ئەگەر لە دایک یان باوکێک بپرسی بۆچی مناڵكەت فێرناکەی لەسەر ئەم بابەتانە، ئەوا هیچ وەڵامێکی زانستی پێ نییە، بەڵکو تەنها پەروەردەیەكی هەڵەیە کە ماوەتەوە، ئەویش پێی وتراوە کە نابێت باسبکرێت. ئینجا بۆ؟ نازانین لەبەرچی؟ کەچی لێکۆڵینەوەکان دەریانخستوە کەباسکردنی بابەتی پەروەردەی سێکسی دەبێتە هۆی پاراستنی مناڵ تاڕادەیەکی باش، ئینجا ئەو باسکردنە دەبێت لە چوارچێوەیەكی زانستی سنوردار بێت.

کێشەیەکی تری ناو کۆمەڵگا باوەڕکردن بە سیحر و جادوە كە زۆر كەس پەنای دەبەنەبەر و شیرازەی سەدەها خێزانی تێکداوە، ئەوەش کاریگەری پەروەردەیەکی هەڵەیە کە مناڵ دەبینێت دایک و باوک، باوەڕی تەواویان بەو کارە قێزەونەیە لەوەوە مناڵەکە کە گەورەش دەبێت هەمان بیروڕای هەڵەی دەبێت، بۆیە ئەمە بەردەوامی دەبێت لە كۆمەڵگە.

دیوێكی دیكەشی ئەوەیە کۆمەڵە خەڵکێک ئیستیغلالی کۆمەڵگا دەکەن بە ئایین. ئایین دەکەنە عەبای سەرشانیان و دەکەونە ناو کۆمەڵگا بۆ هەمو شتێک، ئەوەش یەكێكی دیكە لەو هەڵانەیە كە وادەكات خەڵك باوەڕ بەو كەسانە بكات.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,844,275     ژمارەی میوان 1630

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە