ئاسیا حسێن
کورتەچیرۆک لە دونیای ئەمڕۆ دا بایەخێکی زۆری پێدەدرێت بەتایبەت لە بواری پەروەردەی مناڵان دا، چیرۆکی چاپکراو یاخود چیرۆکی دروستکراو لەلایەن بێژەرەوە، وەکو ئامراز بەکاردەهێنرێت لە بواری بنیاتنان یاخود گۆڕینی رەفتاری مناڵ دا، دواى ئەوەی کە لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دا کورتەچیرۆک کاریگەرییەکی باشی هەبوە لە رێکخستنەوەی خو و ئاکاری مناڵ دا، گرنگی زیاتری پێدراوە و ئێستا دەکرێت بڵێین شانبەشانی بابەتەکانى تری قوتابخانە، لە پرۆگرامی زۆر وڵاتێک دا چەسپاوە و وەکو بابەتێکی سەربەخۆ تەماشای دەکرێت، بەتایبەتیش لە قۆناغەکانی باخچە و بنەڕەتی دا.
سەرکەوتنی کورتەچیرۆک لەبواری پەروەردەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە مناڵ چێژ لە بیستنی چیرۆک دەبینێت و زیاتر لێیەوە فێردەبێت بەبەراود بە شێوازەکانى تری ئامۆژگاریکردن، هەروەها تەکنیکێکی ناڕاستەوخۆی یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی مناڵ رەفتاری شیاو و نەشیاو جیابکاتەوە و هۆکار بۆ هەریەکێکیان بدۆزێتەوە. هەروەکو وەزیری پەروەردە و فێرکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ئاماژەی پێدەدات و دەڵێت: لە ژینگەیەک دا کە هەمو جۆرە نموونەیەکی رەفتاری بەبەرچاوی مناڵەوەیە، کورتە چیرۆک باشترین یارمەتیدەرە بۆئەوەی مناڵ خراپی و باشی هەریەکە لەو رەفتارانە لێک جیابکاتەوە.
رەنگە بەلاتەوە سەیربێت ئەگەر بڵێین خوێندنەوە و گێڕانەوەی کورتەچیرۆک چەندین کاریگەری ئەرێنی لەسەر گەشەسەندنی پەروەردەی مناڵ دادەنێت، لەگەڵ ئەوەشدا لایەنی هزری و تواناى بیرکردنەوەی مناڵ فراوانتر دەکات.
لێرەدا بەچەند خاڵێک گرنگییەکانى خوێندنەوە و گێڕانەوەی کورتەچیرۆک دەخەمەڕو:
١. پەرەپێدانى تواناى بیرکردنەوە:
خوێندنەوە یاخود گێڕانەوەی چیرۆک بۆ مناڵان یارمەتی مناڵ دەدات بۆ پەرەپێدانى تواناى بیرکردنەوەی، لەڕێگەی روداو و کەسایەتی و کاردانەوەی نێو چیرۆکەکانەوە، مناڵ دەچێتە بیرکردنەوەیەکی قوڵەوە و چەندین رەهەندی جیاوازی روداوەکە دەهێنێت بە بیری خۆی دا، کاتێک کە چیرۆکەکە دەگاتە جێیەکی مەترسیدار منداڵ بیر لە رێگاکانی رزگاربونی کەسایەتی نێو چیرۆکەکە دەکاتەوە و کاتێکیش کە کەسایەتی نێو چیرۆکەکە روبەڕوى روداوێک دەبێتەوە، مناڵ بیرکردنەوە و بڕیاری ئەو کاراکتەرە لە هزری دا لێکدەداتەوە بۆ ئەوەی بزانێت دەکرا چی تر بکات و چی بکردایە باشتر دەبو بۆی، کە سەرجەمى ئەو رێگایانە یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی مناڵ زیاد لە یەک ئەگەر و بیرکردنەوە لەهزری دا جێبکاتەوە و بەراوردی بکات بەوەی کە کەسایەتی چیرۆکەکە ئەنجامی دەدات.
٢. هەڵسەنگاندن و بەرارودکردنی روداوەکان:
لەڕێگەی خوێندنەوە یاخود گوێگرتن لە چیرۆکەوە، مناڵ باش و خراپ، جوان و ناشرین، شیاو و نەشیاو و راست و هەڵە لێکجیادەکاتەوە، بەراوردیان دەکات و هەڵیان دەسەنگێنێت.
٣. بەهێزکردنی توانای داڕشتن و نوسین:
بە داڕشتن و رێکخستن و رستەسازییەکانى نێو چیرۆک، یادگەی مناڵ بەهێزدەبێت و تواناى دەربڕین و گفتوگۆ و نوسین و داڕشتنی بەهێز دەبێت.
٤.تواناى خۆ گونجاندن لەگەڵ روداوە جیاوازەکانى ژیان دا:
بەسەرهاتە جیاوازەکانى نێو چیرۆکەکان، وا لەمناڵ دەکەن بە هەلومەرج و روداوە جیاوازەکانى ژیان ئاشنا بێت، چاوەڕێیان بکات و پێیان ئەبڵەق نەبێت، لەهەمان کاتدا دەتوانێت سود لە کاردانەوەی کەسایەتی نێو چیرۆکەکان ببینێت بۆ ئەوەی بژاردەیەکی دروست هەڵبژێرێت بۆ بەرپرچدانەوەی ئەو روداوەى روبەڕوی بوەتەوە.
٥. فێربونی دەستەواژەی نوێ:
لەرێگەی کورتەچیرۆکەوە، مناڵ ئاشنا دەبێت بە دەستەواژە و رستەی نوێی زمان و بەکارهێنانى دروستیان لە کاتی قسەکردن یاخود نوسین دا.
٦. لێکەوتەی دەرونیی:
گوێگرتن لە چیرۆک یاخود خوێندنەوەى، کەسایەتییەکی ئارام و هێمن بۆ مناڵ بنیات دەنێت، لەهەمان کاتدا یارمەتی مناڵ دەدات کەسایەتی و راوبۆچونی جیاوازى دەوروبەری قبوڵ بکات و خۆی لەگەڵیان دا بگونجێنێت.
٧. بەهێزکردنی خەیاڵدانی مناڵ:
کورتەچیرۆک پەرە بە تواناى وێناکردنی دیمەنە جیاوازەکان لەلای مناڵ دەدات، کە ئەمەش لەهەمان کاتدا پەرەدانە بە توانا ئەدەبییەکانی مناڵ.
٨. خود کۆنترۆڵکردن:
دەبێتەهۆی راهێنانى مناڵ لەسەر کۆنترۆڵکردنی هەڵچونە دەرونی و جەستەییەکانى و پیشاندانى نمونەی جیاواز بۆ ئەوەی ببنە سەرمەشق.
٩. خۆشەویستکردنی خوێندنەوە:
مناڵێک کە بە خوێندنەوەی چیرۆک کتێب ئاشناى خوێندنەوە بێت، خۆشەویستی بۆ کتێب زیاتردەبێت و رادێت لەسەر خوێندنەوە.
١٠. گوێگر بون:
چیرۆک وا لە مناڵ دەکات گوێ بۆ ئامۆژگارییەکان بگرێت و ئاسانتر قبوڵیان بکات و باشتر جێبەجێیان بکات.